ناسنامە لە وێرانەی کوردستاندا!

ليست هناك تعليقات


چیا عباش
-
هاوڵاتیانی باشوری کوردستان لە سێ دنیای زۆر جیاواز لە یەکتردەگوزەرێن.
دنیای یەکەم: کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی تر،
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم ناوچانە ئەوەیە دو دنیای تاقیکردۆتەوە، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەو ناوچانە ( دڵ و قودسی کوردستان ) نائومێدی و گەندەڵی و پارچەپارچەبونی کوردی بەرهەم هێناوە، دوای روداوەکانی ئۆکتۆبەر دەسەڵاتی تاکرەوی ناوەند بە رێگەی حەشدەوە جۆرێک لە جێگیری حوکمرانی لە گەڵ لە دەستدانی چەندین سیماو و سیمبۆلی کوردی و بەردەوامبونی مەترسیەکان لەسەر بونی کورد لەو ناوچانەی لێکەوتۆتەوە.

دنیای دوەم: دنیای بەناو برایەتی و هاوپەیمانی و رێکەوتنی بەرژەوەندخوازی و حوکمی جوتەی دەسەڵات و دواتر رازاوە بە سێیەم برای بچوکی گوێرایەڵ، لەم دنیایەدا چاندنی وەهم و چەواشەکاری و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ دەمامکراو بە ئازادیەکی قفڵکراو لە سایەی زەبری میلیشیا و دەزگا سەرکوتکەرەکان و بێ بەهاکردنی دەنگی دلێر و ئازاد سێ ژەمی رۆژانەی هاوڵاتیان بوە و بەردەوامە.
دنیا سێیەم: دنیای پارتی و یەکێتی، لە دنیای سنورداری ئەم دو هێزە بە هێڵەکانی شەری ناوخۆ و براکوژی یاسا و رێساکانی ئەو دو حزبە بۆ خۆیان و پاشکۆکانیان بەهەشتێکی رەونەقداری وەهمی بۆ دروستکردون، بۆ غەیرەش سەرگەردانی و ماڵوێرانی و ئازار و دەردەسەری بەردەوام. تا ئەم چرکەیەش سنورەکانی ئەم دو دنیایە وەک دیواری بەرڵینی سەردەمی شەری ساردیان لێهاتوە.

بۆ رونکردنەوەی مەبەست لەم باسکردنە روداوێکی واقیعی دەگێرمەوە:
دۆستێکی دێرینی خۆم کە لە سەرەتای هەفتاکانی سەدەی رابورد لە بەغدا یەکترمان ناسیوە لە ساڵی ١٩٧٦، ساڵێک دوای من، گەیشتە هۆڵەندا. ئەو بەرێزە لە کۆتایی هەفتاکانەوە بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان دەستی بەکارکردن کرد، لە کارەکەیدا لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا کاری کردوە و ژیانی بەسەر بردوە، دو ساڵ لەمەو بەر وەک کارمەندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان خانەنشین کرا و ئێستا لە گەڵ خێزانەکەی لە هۆڵەند دەژی.

لە سەردەمی کارکردنی لە وڵاتێکی ئاسیا هاوسەرگەری لە گەڵ ئافرەتێکی ئەو ولاتە پێک دەهێنێت و چەند مندالێک ژیانیان دەرازێننەوە. یەک دو ساڵ پێش خانەنشین بونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە وڵاتێکی ئاسیا کۆرێک لەسەر پرسی هاوڵاتیبون ساز دەکات. لە برگەیەکی ئەو کۆڕەدا کچە بچکۆلەی هاورێ دێرینەکەم بانگێشی سەر شانۆ دەکەن، لێی دەپرسن تۆ هاوڵاتی چ وڵاتێکی، کچە بچکۆلە بلیمەتەکە بە دەنگێکی زوڵالەوە دەڵێت:
باوکم کوردی عێراقە و رەگەزنامەی هۆڵەندی هەیە، دایکم خەڵکی فڵان وڵاتە ناتوانێت بۆ وڵاتەکەی بگەرێتەوە، من لە وڵاتێک لە دایک بوم نە وڵاتی دایکمە و نە هی باوکمە، ئێستا لەم وڵاتە دەژێم، تۆ پێم ناڵێیت من هاوڵاتی چ وڵاتێکم.
مەخابن کوردی باشور لە زێدی باو و باپیرانی و لە ناو خێزان و دۆست و کەس و کاری و هاونەتەوەکانیدا موعاناتی هیچ لەو کیژۆڵەیە کەمتر نیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif