ئێران: دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا ناکەین

ليست هناك تعليقات



کەمتر لە 24 کاژێر بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئێران پەیامێکی روون بە واشنتن دەدات و دەڵێت، چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەڵام دەستوەردان کاری ئەوان نییە.

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی رۆژانەیدا رایگەیاند، بەلای ئەوانەوە ئەوە گرنگە کە سەرۆکی هەڵبژێردراو بە چ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "تاران رایگەیاندووە کە نە دەست لە هەڵبژاردنی ناوخۆی ئەمریکا وەردەدات نە جێگەی بایەخی هیچ لایەنێکیشە ئەمە رووبدات. هەڵبژاردنەکان گوزارشت لە خواستی ئەمریکییەکان دەکەن، بەڵام بێگومان پێشمانوایە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا زیاتر لە نمایشێک دەچن، دەیانەوێت ئەو نمایشە سەرنجڕاکێشتر پیشانبدەن. هەموو تۆمەتەکان رەتدەکەینەوە، ئەمانە تۆمەتی بێ بنەمان واشنتن لە دژی ئێران ئەنجامیدەدات".

یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەستوەردانی دەرەکییە لە هەڵبژاردنەکان، ئێران بە هەوڵی دژایەتیکردنی دۆناڵد ترەمپ تۆمەتباردەکرێت و رووسیاش بە لایەنگری.

مەترسیی ئەگەری دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان دەزگا هەواڵگرییەکانی سەرقاڵتر کردووە.

جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی نیشتیمانیی ئەمریکا رایگەیاندووە "داوا لە هەموو ئەمریکییەکان دەکەم بە ئەرکی خۆیان هەستن و دژی ئەوانە بوەستنەوە کە زیانمان پێدەگەیێنن. رێگەمەدەن هەوڵی دەستوەردان کاریگەریی بەسەرمانەوە هەبێت. ئەگەر ئیمەیڵێکی هەڕەشەئامێز یاخود تێکدەرانەت پێگەیشت، مەشڵەژێ و بڵاویمەکەوە".

لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ سەدان ئیمەیڵ بەناوی گرووپێکی نەژادپەرست بەناوی پراود بۆیز، بۆ دیموکراتەکان نێردران، هەڕەشەیان لێکرا دەنگ بە ترەمپ بدەن.

بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا ئێرانی بە کامپەینی ناردنی ئەو ئیمەیڵانە تۆمەتبارکرد و رایگەیاند کە مەبەست لێیان ناشرینکردنی کامپەینی هەڵبژاردنی گشتییە، گومانەکانیش لە ترەمپ زیاتربوون دوای ئەوەی لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیدا رەتیکردەوە سەرکۆنەی گرووپی پراود بۆیز بکات.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق