هەموو شتێک لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

ليست هناك تعليقات


 




ئەمریکا بەسەر دوو پارتی سیاسیی سەرەکیدا دابەشبووە، کاتێکیش سەرۆک هەڵدەبژێردرێت، بێگومان سەر بە یەکێک لەو دوو پارتە سیاسییە دەبێت، ئەوانیش کۆماری و دیموکراتەکانن.

لە 3ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ئەو کەسەی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دادەنیشێت، کاریگەریی لەسەر خەڵکی ئەمریکا و خەڵکی زۆربەی وڵاتانی دیکەش دەبێت، بۆیە خەڵکی جیهان چاویان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە.

پارتی کۆمارییەکان کە پارتێکی نەریتخوازە "موحافیزکارە" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکایان وەکو بەربژێری خۆیان دیاریکردووە و مایک پێنسیش، وەکو جێگری. ئێستا ترەمپ شەڕی ئەوە دەکات، چوار ساڵی دیکە لە کۆشکی سپی سەرۆک بێت.

پارتی کۆمارییەکان بە "پارتی گەورەی کۆن" ناسراوە، لەم ساڵانەی دواییدا پاڵپشتیی لە باجی کەمتر، مافی چەکهەڵگرتن و سنووردارکردنی زیاتری کۆچبەران دەکرد. هاوکات. خەڵکی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئەمریکا زیاتر پاڵپشتیی کۆمارییەکان دەکەن. سەرۆککۆمارەکانی پێشووی ئەمریکا لەو پارتە بریتین لە: جۆرج دەبلیو بووش، رۆناڵد رێگان و ریچارد نیکسۆن.

دیموکراتەکان پارتە سەرەکییەکەی دیکەی ئەمریکان کە رکابەریی کۆمارییەکان دەکەن. دیموکراتەکان پارتێکی لیبراڵن و جۆ بایدن بەربژێریانە بۆ سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریسیش بۆ جێگری. جۆ بایدن پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ جێگری باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بوو کە ئەویش سەر بە پارتی دیموکراتەکان بوو.

پارتی دیموکرات بە هەڵوێستە ئازادیخوازانەکانیان لە پاڵپشتیکردن لە مافی خەڵکی مەدەنی، کۆچبەران و گۆڕانی کەشوهەوا بەنێوبانگن. پێیان وایە دەبێت حکومەت رۆڵی گەورەتر ببینێت لە ژیانی خەڵک، وەک دابینکردنی بیمەی تەندروستی. زیاتر خەڵکی شارنشین لە ئەمریکا پاڵپشتیی ئەم پارتە دەکەن.




لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا دەنگ بۆ 538 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو دەدەرێت



دەنگدان لە ویلایەتەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکە کە هەر ویلایەتێک دابەشکراوە بەسەر چەند ئەنجوومەنێکی هەڵبژاردن، لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا دەنگ بۆ 538 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو دەدەرێت، سەرۆکی براوەش دەبێت 270 کورسی یان زیاتر بباتەوە. دابەشکردنی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن بۆ ویلایەتەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووانە. ئەوەش مانای ئەوەیە کە دەنگدەران بڕیار دەدەن لەسەر ئاستی ویلایەتەکان پێشبڕکێ بکەن نەک لەسەر ئاستی نیشتمانی کە هەموو ئەمریکا دەگرێتەوە. ئەوەش وا دەکات کە ئەگەر بەربژێرێک زۆرینەی دەنگەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی بباتەوە، وەکو هیلاری کلینتن لە ساڵی 2016، بەڵام هێشتا بدۆڕێت، ئەوەش بەهۆی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن کە لەسەر ئاستی ویلایەتەکان بڕیار دەدەن.

لە ساڵی 2016، هیلاری کلینتن کە بەربژێری دیموکراتەکان بوو توانی نزیکەی سێ ملیۆن دەنگی زیاتر لە ترەمپ بەدەستبهێنێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ویلایەتەکانی وەک کالیفۆرنیا و نیویۆرک دەنگێکی زۆری کۆکردەوە، بەڵام لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوان شکستی هێنا و لەکۆی 538ـە کە 227 کورسیی بەدەستهێنا و دۆناڵد ترەمپیش 304 کورسیی بردەوە.

نموونەی ژمارەی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوان لە چەند ویلایەتێک

نیۆیۆرک: 29

یاومینگ: 3

کالیفۆرنیا: 55

تێکساس: 38

فلۆریدا: 29

شێوازی دەنگدان لە ویلایەتەکانیش بەشێوەیەکە، بۆ نموونە ئەگەر جۆ بایدن لە 29 کورسییەکەی نیویۆرک زۆرینەی بەدەستهێنا، ئەوکاتە هەموو دەنگەکانی دۆناڵد ترەمپ لەو ویلایەتە بۆ ئەو بەربژێرە دەچن.

لەو نێوەندەدا چەند ویلایەتێک بە ویلایەتەکانی مەیدانی جەنگ ناسراون، هەندێکجاریش بە ویلایەتە جۆلانەییەکان ناودەبرێن. لەو ویلایەتانە دەنگدەران بەشێوەیەکی تاڕادەیەک یەکسان بەسەر هەردوو پارتەکەدا دابەشبوون. ویلایەتەکانی ئەریزۆنا و تێکساس کە پێشتر بەشێوەیەکی گشتی پاڵپشتیی کۆمارییەکانیان دەکرد، لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵدا وەک ویلایەتە جۆلانەییەکان ناویان دەبرێت، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی لایەنگرانی دیموکراتەکان لەو ویلایەتانە.




سەرەکیترین ویلایەتە جۆلانەییەکان ئەنجامی راپرسییەکان تێیاندا:

ئەریزۆنا: بایدن لەپێش ترەمپەوەیە و 47.3%ـی دەنگدەران دەنگی پێدەدەن

فلۆریدا: بایدن لەپێش ترەمپەوەیە و 48.3%ـی دەنگدەران دەنگی پێدەدەن

جۆرجیا: بایدن لەپێش ترەمپەوەیە و 48.0%ـی دەنگدەران دەنگی پێدەدەن

لۆوا: دۆناڵد ترەمپ لەپێش بایدنەوەیە و 46.4%ـی دەنگدەران دەنگی پێدەدەن

میشیگن: بایدن لەپێش ترەمپەوەیە و 50.3%ـی دەنگدەران دەنگی پێدەدەن

مینیسۆتا: بایدن لەپێش ترەمپەوەیە و 48.0%ـی دەنگدەران دەنگی پێدەدەن

نێڤادا: بایدن لەپێش ترەمپەوەیە و 48.5%ـی دەنگدەران دەنگی پێدەدەن

ئۆهایۆ: بەربژێرەکان یەکسانن بە 46.2%

تێکساس: دۆناڵد ترەمپ لەپێش بایدنەوەیە و 48.0%ـی دەنگدەران دەنگی پێدەدەن


جەختی بەربژێرەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن:

دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان کەمکردنەوەی باج، بەهێزکردنەوەی ئەمریکا و بەهێزکردنەوەی ئابووریی ئەمریکایان کردووەتە کەرەستەی دەستیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن. ترەمپ دەڵێت، ئەگەر بایدن سەرۆک بووایە، ئەوا کۆرۆنا خەڵکی زۆرتری دەکوشت. کۆمارییەکانیس جەختیان لەسەر سیستەمی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنایە، دۆناڵد ترەمپ بە کەمتەرخەم دەزانن لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.


کێ دەتوانێت دەنگ بدات؟

هەرکەسێک کە هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکی بێت و تەمەنی لە سەروو 18 ساڵانەوە بێت دەتوانێت دەنگ بدات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە رۆژی 3ـی تشرینی دووەم.

لە ساڵی 2016 نزیکەی 245 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە ئەمریکا، بەڵام ژمارەی بەشداریکردن کەمتربوو لە 140 ملیۆن دەنگدەر. ئەوانەی دەنگیان نەداوە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەپێی دەزگەی سەرژمێریی ئەمریکا، بەشێکیان گوتویانە سەرسام نین بە سیاسەت، بەشێکیشیان گوتویانە بەربژێرەکانیان بەدڵ نییە.


دەنگدان لە ئەمریکا چۆن دەبێت؟

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ دەنگدان لە ئەمریکا رەنگە سەرئێشە و کێشەی زیاتری بەدواوە بێت، بەشێک لە دیموکراتەکان و سیاسەتڤانان داوا دەکەن دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە زیاتر بکرێت، کە بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 90 ملیۆن دەنگدەر لە رێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان دەڵێت، دەنگدان بەوشێوەیە ساختەکاریی لێدەکەوێتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەڵگەیەکی روونیشی ئاشکرانەکردووە بۆ قسەکەی.


لەم هەڵبژاردنانەدا بەس سەرۆک هەڵدەبژێردرێت؟

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەتەنیا سەرۆک هەڵنابژێردرێت، بەڵکو دەنگدەران لەسەر ئەو فۆرمی دەنگدانەی کە پڕی دەکەنەوە، ئەندامانی نوێی کۆنگرێسیش هەڵدەبژێرن. کۆنگرێس بەشێکە لە حکومەتی ئەمریکا کە یاساکان دەنووسێتەوە و تێیان دەپەڕێنێت، دوو لایەنیش تێیدا ئەندامن کە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران - سێنات ـن.

ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دوو ساڵ خزمەت دەکەن و سیناتۆرەکان شەش ساڵ خزمەت دەکەن کە بەسەر سێ گرووپدا دابەشبوون کە گرووپی سێیەمیان دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن.

دیموکراتەکان دەسەڵاتی زۆرینەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە و ئێستا دەیانەوێت دەنگەکانیان لە ئەنجوومەنی پیرانیش زیاد بکەن. ئەگەر ئەوە رووبدات و کۆنترۆڵیان بەسەر هەردوو ئەنجوومەنەکەدا هەبێت، ئەوکات دەتوانن ئەگەر دۆناڵد ترەمپیش بە سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە، پلانەکانی دوا بخەن یان رایبگرن.

دەنگدەرانی ئەمریکا دەنگ بۆ 435 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 33 کورسی لە ئەنجوومەنی پیران دەدەن.




جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان




کەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەزانین؟

بەشێوەیەکی گشتی چەند رۆژێکی دەوێت تاوەکو ئەنجامی کۆتایی دەنگدان ئاشکرا دەکرێت، بەڵام ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەوە نیشاندەدەن کە لە چەند کاژێری بەیانیی دوای هەڵبژاردن بەربژێری براوە دەردەکەوێت.

لە ساڵی 2016 دۆناڵد ترەمپ لە کاژێر 03:00ـی بەیانی لە نیویۆرک لەبەردەم دەنگدەرانی سەرکەوتنی خۆی راگەیاند، بەڵام ئەمساڵ جیاوازە، چونکە دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە زیادی کردووە و ئەوەش دەکرێت راگەیاندنی ئەنجامەکان بۆ چەند رۆژ تاوەکو چەند هەفتەش دوابخات.

دوایین جاریش کە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دواکەوت و لە کاژێرەکانی سەرەتادا روون نەبوو، ساڵی 2000 بوو، کاتێک جیاوازی نێوان جۆرج دەبلیو بووش و ئەل گۆر زۆر کەم بوو و تەنیا لەسەر ویلایەتی فلۆریدا وەستابوون. دوای مانگێکشی دادگەی باڵا جۆرج بووشی وەک براوە راگەیاند.


کەی سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵات وەردەگرێت؟

ئەگەر جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی ئەمریکا و لە هەڵبژاردن براوە بێت، ئەوا یەکسەر شوێنی دۆناڵد ترەمپ ناگرێتەوە، بەڵکو کاتی پێدەدرێت بۆئەوەی کابینەکەی پێکبهێنێت و پلانەکانی دابنێت.

لە 20ـی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە واشنتن دی سی سوێندی یاسایی دەخوات و بەرەو کۆشکی سپی بەڕێدەکەوێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif