بەشێك لە بەرپرسانی ئیدارەكەی دەستنیشان كرد

ليست هناك تعليقات


جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوێ بە سکاڵاکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نادات و بەردەوامە لە ئامادەکردنی ئیدارەکەی بۆئەوەی لە 20ی کانوونی دووەمەوە، وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربێت.

بایدن بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک کەسی لە رەنگ و رەچەڵەکە جیاوازەکان دەستنیشانکردووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە گرنگەکانی نێو کۆشکی سپی کە زۆربەیان ئەو کەسانەن لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ بایدن کاریان کردووە.

هەفتەی رابردوو، رۆن کلەین، راوێژکاری کەمپەینی بایدن بۆ هەڵبژاردنەکان، بۆ پۆستی بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی دەستنیشانکرا؛ هەروەها بایدن، جێنیفەر ئۆ ماڵی دیلۆنی بە جێگری کلەین دەستنیشانکردووە کە بەڕێوەبەری کەمپەینی بایدن بوو بۆ هەڵبژاردنەکان.

بیڵ بارۆو، رۆژنامەڤان دەڵێت "رۆن کەسێکە کە سەرۆکی هەڵبژێردراو ئاشنایی باشی لەگەڵدا هەیە. هەروەها جێنیفەر لە سەرەتای هەڵبژاردنە بەراییەکانەوە چووە نێو تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بایدن کە ئەوکات دەنگدانی بەرایی دەستیپێکردبوو".

جۆ بایدن دەیەوێت ژمارەی بەرپرسە رەشپێستەکان و لاتینییەکان لەنێو ئیدارەکەیدا زیاتربن لەچاو ئەو ژمارەیەی لە ئیدارەکانی پێشوودا هەبوون.

بۆ ئەو مەبەستەش سێدریک ریچمۆندی بەڕەچەڵەک ئەفریقی کە بەڕێوەبەری هاوبەشی کەمپەینەکەی بووە، دەستنیشانکردووە بۆئەوەی ببێتە راوێژکاری سەرۆک.

بیڵ بارۆ لەبارەی ریچمۆندەوە دەڵێت "یەکێک لە کەسە دیارەکانی دیکە کە زۆر نزیکە لە سەرۆکی هەڵبژێردراو، سێدریک ریچمۆندە، کە لە کۆنگرێس نوێنەرایەتیی ویلایەتی لویزیانا دەکات و لە زووەوە پاڵپشتی بایدن بووە. کۆنگرێسمان ریچمۆند کورسییەکەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەجێدەهێڵێت. هەروەها پێشتر سەرۆکی کۆمەڵەی رەشپێستەکانی کۆنگرێس بووە و رۆڵی زۆر گرنگی بینیوە لە دروستکردنی پەیوەندی لەوکاتەی کە بایدن جێگری سەرۆک بووە، ریچمۆند رۆلی گرنگی بینیوە لە دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان بایدن و خەڵکی رەشپێشت".

هەروەها جولی چاڤێز رۆدریگێزی بە رەچەڵەک لاتینی، جێگری بەڕێوەبەری کەمپەینی بایدن بۆ هەڵبژاردنەکان، بۆ پۆستی بەرپرسی نووسینگەی کۆشکی سپی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی دیاریکراوە. ئانی تۆماسینی، بەرپرسی نووسینگەی گەشتەکانی جۆ بایدن، دەبێتە بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif