عێراق و هەرێمی کوردستان بەشیان لە ڤاکسینەکانی کۆرۆنا دەبێت

ليست هناك تعليقات




هەریەکە لە ڤاکسینی فایزەر و بایۆنتێک بۆ تووشبووانی کۆرۆنا قۆناخی باشیان بڕیوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، رایگەیاند "عێراق و هەرێمی کوردستان بەشیان لەو ڤاکسینانەی کۆرۆنا دەبێت".

د. نزار عیسمەت، بەرپرسی تەندروستی دهۆك رایگەیاند "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی هاوکارە لە دروستکردن و بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، کە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کاری لەسەر دەکرێت. دوای بەردەستبوونی رێژەیەک لەو ڤاکسینانە بۆ عێراق دەبێت و بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان هەر پارێزگایەک و هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی دەبێت".

هەفتەی رابردوو کۆمپانیای ڤایزەر ئاشکرایکرد ڤاکسینەکەیان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و سەلامەتە، ئەم هەفتەیەش کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی رایگەیاند "قۆناخەکانی دروستکردنی ڤاکسینەکەیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و کاریگەرییەکەشی 94.5%ـە.

ئەو بەرپرسەی تەندروستیی دهۆک باسی لەوە کرد "سەرەتا ڤاکسینەکە بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە باری تەندروستییان مەترسیدارە و نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و بەتەمەنن. هەروەها ئەوانەی لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەن لە کەرتی تەندروستی، ئەوانیش بەکاریدەهێنن و پاشان دەگاتە هەموو کەسێک. بۆیە تاوەکو ڤاکسینەکە بەردەستدەبێت پێویستە خەڵکی کوردستان هۆشیاربن و زیاتر پابەندی رێکاری خۆپارێزی بن".

هەریەکە لە ڤاکسینی فایزەر و بایۆنتێک دوو جار لەڕێگەی شانەوە لە مرۆڤ دەدرێن. ماوەی نێوان هەردوو جارەکەش سێ هەفتە دەبێت.

د. نزار عیسمەت گوتیشی "ڤاکسینی فایزەر و بایۆنتێک هەریەکە دەبێت لە پلەیەکی گەرمیی دیاریکراو هەڵبگیرێن. واتە جیاوازی لە نزمیی پلەی گەرمیی هەڵگرتنەکانیاندا هەیە. چەندە پلەی گەرمییەکە نزمتربێت بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی، بۆ ئێمە گونجاو نییە، چونکە لە هەرێمی کوردستان شوێنەکانی هەڵگرتنی ڤاکسینەکان و هۆکارەکانی گواستنەوەی پێویست و لەبار بەردەست نین و لەکاتی پەسەندکردنی پێویست دەکات ئەو هۆکارانە دابینبکەین".

ئەمریکا 500 ملیۆن دانە لە ڤاکسینەکەی فایزەری کڕیوە و بەنیازە 100 ملیۆنی دیکە بکڕێت. یەکێتیی ئەوروپاش 200 ملیۆن دانەی کڕیوە و پلانی هەیە 100 ملیۆنی دیکەش داوابکات. هەروەها بەریتانیا پێشوەختە 40 ملیۆن دانەی لەو ڤاکسینە کڕیوە.

بە گوتەی د. نزار عیسمەت "چەندە نرخەکەی هەرزانتر بێت هێندە وڵاتانی وەکو عێراق و هی دیکە دەتوانن ڤاکسینەکە بەدەست بخەن. بە پێچەوانەوە درەنگ دەکڕدرێت، لەوەشدا کاتمان پێویست دەبێت بۆئەوەی ڤاکسینی پێویست دابینبکەین".

هەردوو کۆمپانیا ئەمریکییەکە بەنیازن تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 ملیارێک و 300 ملیۆن ڤاکسین بەرهەمبهێنن. زیاتر لە یەک ملیار دانە، کە دەکاتە 80%ی کۆی ڤاکسینەکانیان، بە گرێبەستی پێشوەختە لەلایەن حکومەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان کڕدراون، کە تەنیا نوێنەرایەتیی 14%ی دانیشتووانی جیهان دەکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif