بەریتانیا ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز قەدەخەدەکات

ليست هناك تعليقات


لە چوارچێوەی پلانێکی 10 خاڵیی "شۆڕشی سەوزی پیشەسازی"دا کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رابگەیێندرێت، بەریتانیا دەیەوێت لە ساڵی 2030 بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دیزڵ و گازۆلین (ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین و گاز کاردەکەن) قەدەخەبکات.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕی 12 ملیار پاوەندی تەرخانکردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی چەندین پلان کە دەیەوێت بەهۆیەوە 250 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت و بەریتانیا بکاتە وڵاتێکی خاڵی لە بەکارهێنانی کاربۆن تاوەکو ساڵی 2050.

پلانەکە چوار هێندەکردنی وزەی با لە ماوەی دەیەیەک لەخۆدەگرێت و بەهۆی زیاد بەرهەمهێنانی توانای هایدرۆجینیش دەیەوێت وزەی پێویست بۆ مەبەستی پیشەسازی، گواستنەوە و کارەبا دابینبکات.

وەبەرهێنان لە کەرتی گواستنەوەش بەشێکە لە پلانەکەی جۆنسن. ئامانجی پلانەکە ئەوەیە دەرچوونی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە کەرتی گواستنەوەی گشتی بگەیێنرێتە سفر، ئەوەش کەشتی و فڕۆکەکانیش دەگرێتەوە.

ئەو پلانانەی حکومەتی بەریتانیا جێبەجێیان دەکات ئامانج لێیان ئەوەیە وڵاتەکە ببێتە پێشەنگی جیهان لە کەمکردنەوەی کاربۆن بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و شاری لەندەنیش ببێتەوە سەنتەری دارایی جیهان.

بەدەر لە تەرخانکردنی 12 ملیار پاوەند، حکومەتی بەریتانیا بڕی 525 ملیۆن پاوەندی دیکە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆژەی بچووک و گەورەی ئەتۆمی تەرخاندەکات، بەڵام پێدەچێت وەبەرهێنان لە وێستگەی کارلێککردنی پێشکەوتووی ئەتۆمی ببێتەهۆی تووڕەکردنی ژینگەپارێزان.

لە مانگی شووباتی ئەمساڵ، بۆریس جۆنس رایگەیاند حکومەتەکەی مەبەستیەتی تاوەکو ساڵی 2035 بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دیزڵ و گازۆلین رابگرێت، بەشێوەیەک تاوەکو ئەوکات تەنیا رێگە بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی هایبرێد دەدات. پلانەکانی حکومەتی بەریتانیا تەرخانکردنی 1.3 ملیار پاوەند بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی لەخۆدەگرێت کە دەتوانرێت لە ماڵەوە و لەسەر شەقامەکان بارگاوی بکرێنەوە، هاوکات بڕی 582 ملیۆن پاوەندیش تەرخاندەکرێت بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکڕن، دەرچوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن تێیاندا سفرە.

هەروەها بڕی 500 ملیۆن پاوەندیش لە چوار ساڵی داهاتوو بۆ بەرەوپێشبردن و بەرهەمهێنانی پیل "پاتری"ی ئۆتۆمبێلی کارەبایی تەرخاندەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif