تاڵیبان پێشوازی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات

ليست هناك تعليقات



بزووتنەوەی تاڵیبان پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی بەشێکی سەربازەکانی لە ئەفغانستان دەکات و پێیوایە ئەو بڕیارەی واشنتن پێشکەوتنێکی نوێیە لە ناوچەکەدا.

ئەمریکا رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی دووەم بە فەرمی رایگەیاند، بڕیاری کشانەوەی 2500 سەربازیان لە ئەفغانستان داوە.

هاوپەیمانیی ناتۆ و بەشێک لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو بڕیارە نین و ترسیان لەوەیە، دوای کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا، گرووپی پەڕگیری دیکە لە ناوچەکەدا دروستبن و کێشە بۆ پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندنی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان دروستبێت.
حکومەتی ئەڵمانیا نیگەرانیی خۆی لە بڕیاری ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی بەشێکی دیکەی سەربازەکانی لە عێراق و ئەفغانستان دەربری و پێیوایە، دەکرێت کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامی خراپی هەبێت.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەو بارەوە گوتی، ئەڵمانیا لەو بڕیارەی ئەمریکا نیگەرانە و بەتایبەتیش لە ئەفغانستان، چونکە کشانەوەی ئەمریکا راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دانوستاندنی ئاشتی لە ئەفغانستان دەبێت؛ دەشڵێت، پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان هێشتا لە قۆناخی سەرەتادایە، بۆیە پێویستە ئەمریکا ئامادەییەکی فراوانتری لەو وڵاتەدا هەبێت.


بەڵام بزووتنەوەی تاڵیبان ئەو بڕیارەی ئەمریکا بە گرنگ ناودەبات، زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەکە لەوبارەیەوە گوتی، ئەمە پێشکەوتنێکی باشە و لە بەرژەوەندیی گەلی ئەمریکی و ئەفغانیشدایە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو كشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان خێراتر ببێت، کۆتایی شەڕ لەو وڵاتە نزیکتر دەبێتەوە.

کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لەکاتێکدایە، گفتوگۆی ئاشتیی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەفغانستان دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش دوو خولی ئەو دانوستاندنە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر ئەنجامدراون.

بەپێی دانوستانەکانی دۆحە، بزووتنەوەی تاڵیبان بەڵێنیداوە لە هیچ شوێنێکی ئەفغانستان سەربازە ئەمریکییەکان نەکاتە ئامانج و رێگەش نەدات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا هیچ گرووپێکی وەکو قاعیدە و داعش جێگیربن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif