دروستبوونی هەرێمی بەسرە و كاریگەرییەكانی مینای فاو بۆ خێراكردنی پرۆژەكە

ليست هناك تعليقات



دەبێت پرۆژەی بە هەرێم كردنی پارێزگای بەسرە قسەی لەبارەوە دەكرێت و تا ئێستاش نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەندێك لە شارەزایانیش باس لەوە دەكەن جگە لەوەی هیچ ڕێگرییەكی یاسایی نییەو لە ڕووی دەستوورییەوە هیچ لەمپەرێكی ئەوتۆی لەبەردەمدا نیە، بەڵام ڕێگرییە سیاسییەكان بوونەتە لەمپەر و سەرەڕای خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان سێ جار مستەفا كازمییان پەلكێشی ئەو پارێزگایە كردووەو ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی ڕێگری لە میدیاكان كرد ڕوو ماڵی هەندێك لە دانیشتنەكانی بكات، كە پێدەچێت كۆبوونەوەی نهێنی و چارەنووس ساز بن، بۆیە ڕێگریی لێكردوون، ئەگینا ئەو بەیەكێك لەو سەركردانە دادەنرێت كە لەگەڵ میدیاكاران بەینی باشەو خۆشی یەكێك بووە لە میدیاكاران، بەڵام مەترسی قۆناغەكەو دۆسیەكە بایی ئەوەندە دەبێت كە كازمی پشت لە میدیاكان بكات و بە بیانووی خۆپیشاندانەكانەوە لەو دۆسیەیەش بكۆڵێتەوە.

گرنگی بەسرە:
لەڕووی مێژوییەوە بونیادی شارەكە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 14 كۆچی (635) زاینی و لەلایەن عوتبەی كوڕی غەزوانی هاوەڵی پێغەمەبەری ئیسلام –د.خ- بەردی بناغەی دانراوە. بووەتە شارێكی بازگانی و ئابووری زۆر گرنگ و تا دێت بایەخی زیاتردەبێت. لەمێژووی ئیسلامیدا بەسرە بایەخی گەورەی هەبووە بۆ فتوحات و هێرشكردنە سەر وڵاتی ئێران و عێراق و وەك دەروازەیەكی گرنگ سەیری كراوە. خاوەنی سەدان خەڵكی زاناو شارەزای بواری جۆراوجۆر بووەو بەردەوام ناوەندی ڕۆشنبیری دیاری عێراق و ناوچەكە بووە.

سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی خەڵكی پارێزگاكە موسڵمانن و هەردوو ئاینزای سونەو شیعەی تێدایە، شوێنەواری زۆر گرنگ و پربایەخی سەردەمی ئیسلامی ماوەتەوەو تا ئێستاش گۆڕو مەزارگەی دەیان هاوەڵی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنكەوتەی ئاینەكانی سریانی و كاسۆلیك ز ئەرسەدۆكس و ئینجیلیەكان و ئەرمەن و مەسیحی لاتینی و كلدانیەكانیش هەن.

شوێنی جوگرافی و كارگێڕێی:
بەسرە دەكەوێتە بەشی باشووری عێراق و دەكەوێتە سەر سنووری وڵاتانی كوەیت و ئێران و 60 كیلۆمەرتیشی دەكەوێتە كەنارەكانی كەنداوی عەرەبی كە فارسەكان پێی دەڵێن كەنداوی فارسی، تەنها سەرچاوەی عێراقە كە لەڕێگەی ئاوییەوە دەبەسترێتەوە بە جیهانی دەرەوە، بایەخی ئەو ڕێگەیەش لە ڕووی سەربازی و ئابووری و بازرگانییەوە زۆر گرنگەو دەكرێت وەك یەكێك لە هەرە دەروازە گرنگەكانی عێراق لە كۆن و نوێدا بێتە ئەژمار. ڕووبەرێكی فراوانی هەیەو ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی سێ ملیۆن كەسە بە قەزاو ناحیەو گوندەكانیەوە، سەرچاوەیەكی بەهێزی ئابووری عێراق پێكدەهێنێت و جگە لە هاتوچۆی دەریایی خاوەنی ژێرخانێكی گەورەی نەوت و گاز و بەرهەمە دەریاییەكانەو سەردەمانێك بەرهەمی خورمای بەسرە ئەوەندە زۆر بوو دەگەشتە هەرچوارلای زەوی، بەو پێیەی كە ژمارە دارخورماكانی ئەو پارێزگایە 22 ملیۆن دارخورمای تێپەڕاندبوو، بەڵام بە هۆی شەڕەكانی عێراقەوە ئەو ژمارەیە زۆر دابەزیوەو لەگەڵ ئەوشدا تا ئێستاش زیاتر لە یەك ملیۆن دارخورمای تێدایە كە سەرچاوەیەكی ئابووری زۆر گەورەیە بۆ ئەو پارێزگایە. ئەوە جگە لە كشتوكاڵكردنی و سەوزەو میوەی مزرەمەنی كە لەنێو دارخورماكان و كەناری هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات دا بەرهەم دەهێنرێن.

لە ڕووی ئیدارییەوە خاوەنی 7 قەزایەو 16 ناحیەی هەیەو چوار لەوانەیان گرنگی زۆریان هەیەكە هەریەكەیان لە ڕووی كشتوكاڵەوە بایەخی گەورەیان هەیە. لەناو ئەو پارێزگایەدا هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات بەیەك دەگەن و شەتولعەرەب دروستدەكەن. ناوەندی پارێزگاكە 110 كیلۆمەتر لە سەر رۆخی دەریاوە دوورە. لە ڕووی گەشت و گوزرارەوە جگە لە شوێنەوارە مێژوییەكانی وەك (گۆڕو مزگەوتی تەڵحەی كوڕی زوبەیر، مەرقەدی زوبەیری كوری عەوام، مەرقەدی حەسەنی بەسری، مزگەوتەكانی المقام و الكواز و مزگەوتی گەورەی بەسرە، مەرقەدی شێخ محەمەدی ئیبن سیرین كە بەناوبانگترین ئەو زانایانەن كە لەبواری خەون تەفسیركردندا بەناوبانگن، لەگەل مزگەوتی عەلی بن موسا رەزا) كە بوونەتە هۆی ڕاكێشانی گەشتیارێكی زۆر بۆ ناوچەكە شەتولعەرەب وەك دیاردەی جوگرافی بەیەكگەشتنی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات بووەتە هۆی سەرنج ڕاكێشانی گەشتیارێكی زۆر بۆ ناوچەكە.

كێشەكانی بەسرە:
كێشەی چەند جار وێرانەیی بەسرە بەهۆی ئەو شەڕانەی كەبەردەوام ڕوویان كردووەتە ئەو ناوچەیە لە دورستبوونیەوە تا ئێستا هەریەكەیان بەشی خۆی كێشەی ماوەتەوەو كەڵەكە بووە، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی هەردوو جەنگی كەنداو زیانی بەرنەكەتووە لەو ڕوەوە كە جەنگەكان چەكی سەردەمی وێرانكەریان تێدا بەكارهاتووەو لە پاشماوەی ئەو جەنگانەشدابەسرە بووەتە پارێزگایەكی شێرپەنجە ئامێزو ڕێژەی شێرپەنجە لەو پارێزگایە سنوورە ئاساییەكانی تێپەڕاندووە، وەك شارەزایانیش باسی دەكەن هۆكارەكەی تێكچوونی ژینگەی ناوچەكەو بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی نێو دەوڵەتی بووە لەو پارێزگایەدا، بە پێێ ڕاپۆرتێكی رۆژنامەوانی ڕێژەی تووشبووانی شێرپەنجە لەو پارێزگایەدا 30%ی تێپەڕاندووە.

لە هەمان كاتدا بەهۆی تێكچوونی ژینگەی پارێزگاكە كێشەی زۆربۆ ڕووبەرە ئاوییەكان دروست بوون و لە هەمان كاتیشدا كەمبوونەوەی ژمارەی دارخورماكان و بە بیابان بوون بووەتە هۆی دروستبوونی بەتاڵەو بێكارییەكی زۆر لەو پارێزگایەدا، هەموو ئەوانەش بوونەتە هۆی خراپی باری تەندوستی و لە هەمان كاتیشدا كەرتی پەروەردە لە دۆخێكی زۆر خراپدایە.و ڕێژەی هەژاریش لە سەروو 30% ی پارێزگاكەوەیە.

لەگەڵ ئەو هەموو ئاوەی كە دەڕژێتە پارێزگاكەوە كەچی كێشەی ئاوی خواردنەوە بەردەوام یەكێك بووە لە كێشە بنەرەتیەكانی ئەو پارێزگایەو بەردەوام بەدەستیەوە ناڵاندوییەتی. گەرچی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوون كە لەڕێگەی بیرو چاڵەقووڵەكانی ئاوەوە چارەسەری بكەن و ئێستەش كار بۆ ئەوە دەكەنلە ڕێگەی تەكنۆلۆژیای نوێوە خۆیان لەو كێشەیە دەرباز بكەن، بەڵام لەبەر زۆری ژمارەی دانیشتوان و بەربڵاوی پارێزگاكە بە هەڵواسراوی ماوەتەوەو چارەسەر نەكراوە.

رۆڵی حیزبەكان:
وەك سەرچاوە رۆژنامەوانیەكان باسی دەكەن لە دوای 2006 ەوە تا ئێستا هەریەك لە حیزبی دەعوە بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی و ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدرو ڕەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمارحەكیم، دەستیان بەسەر پارێزگاكەدا گرتووەو كەرتە جۆراوجۆرەكانیان بۆ خۆیان قۆرغكردووەو هیچ شتێك لەو پارێزگایەدا نیە ئەوان دەستیان پێنەگەیاندبێت، لە كەرتی نەتەوە تا دەگاتە دانان ولابردنی فەرمانبەرانی حكومەت و دەستگرتن بەسەر دەروازەی گرنگی بەسرەدا و بەڕووی كوەیت و عەرەبستانی سعودیەو ئێراندا. كە بە سەرچاویەكی زۆر گەورەی ئابووری عیراق دێتە ئەژمار.

مینای فاو:
بەردی بناغەی مینای بەسرە وەك یەكێك لە چارەسەرە هەرە گرنگەكانی بازرگانی و ئابووری عێراق لە ساڵی 2010 ەوە دانراوە، بەڵام تا ئێستا تەواو نەبووە، وەك شارەزایان باسی دەكەن هۆكارەكانی دواكەوتنی زۆرن، بەشێك لەوانە پەیوەندی بە پارەداركردنەوە هەیە، بەڵام هۆكاری سەرەكی ناكۆكی وڵاتانی چواردەورە لەسەر پرۆژەكە لەبەر ئەوەی كێشە بۆ بازرگانی و میناو كەنداوەكانی ئەوان دروست دەبێت ، لەناو ئەوانەشدا كوەیت و ئێران و عەرەبستانی سعودیە، گەرچی میناكە خاوەنی شەش شۆستەی گەورەی بارهەڵگرتن و داگرتنەو دەبێت قولاییەكەی لە نێوان 22 بۆ 25 مەتر دابێت بەڵام وڵاتان نیگەرانن و دەخوازن لە 16 مەتر قوڵتر نەبێت بۆ ئەوەی هەموو كەشتیەكی بازرگانی گەورە تیایدا لەنگەر نەگرێت و لەبەرژەوەندی ئەوان تەواو نابێت. هەبۆیە بەشێك لە هەوڵەكانیان خستوەتە گەڕ بۆئەوەی پرۆژەكە تەواو نەبێت و پەكی بكەوێت. گەرچی لە بەسردەدا چوارمینای دیكەش هەن، ئەوانیش ئەبوفلوس، خور الزبیر، المقل و ئوم قەسرن، بەڵام شۆستەو قوڵایی هەموویان ڕێگە بەوەنادەن كە كەشتی گەورە تیایدا لەنگەر بگرێت. بەتایبەتی ئەو كەشتیانەی كە هەڵگری 100 تۆن شتومەكن و پێویستیان بە قوڵایی زۆر هەیە. بە تەواو كردنی ئەو پرۆژەیە مینای فاو دەبێت بە 12 هەمین مینای گەورە لەسەر ئاستی جیهان و مستەفا كازمیش خوازیاری ئەوەیە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا بەشێكی زۆری پرۆژەكە تەواو ببێت و ئەگەر بشبێتەوە بەسەرۆك وەزیرانی داهاتوو هەموو خەونەكەی بێتەدی، بە پێی پێشبینیەكانیش ئەگەر لەمپەری گەوەری بۆ نەیەتە پێشەوە ساڵی 2024 تەواو ببێت و داهاتی ساڵانەشی لە نێوان 3 بۆ 4 ملیار دۆلاردابێت.

پرۆژەی بەپارێزگابوون:
لە دەستووری عێراقیدا و لە بڕگەی هەرێمەكاندا بەم شێوەیە باس كراوە:
بەشی یەکەم
هەرێمەکان
مادەی(116)
ڕژێمی فیدرالی لە عێراقدا پێکدێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزیەکان و ئیدارە ناوخۆییەکان.
مادەی(117)
یەکەم: ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدرالی.
دووەم: ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێیانەدا دەنێت کە بە گوێرەی بڕگەکانی دەستوور دادەمەزرێنرێن.
مادەی(118)
دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەماوەیەکی دیاریکراودا بەمەرجێک شەش مانگ زیاتر تێنەپەڕیبێت بەسەر یەکەم دانیشتنیدا، بە زۆرینەی سادە یاسایەک دەربکات بۆ دیاریکردنی ئەو ڕێوشوێنە جێبەجێکاریانەی تایبەتن بە پێکهێنانی هەرێمەکانەوە.
مادەی(119)
پارێزگایەک یان زیاتر مافی پێکهێنانی هەرێمێکیان هەیە بەپشتبەستن بە داواکاریەک بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری. داواکاریەکە بەیەکێک لەم دوو ڕێگایەی خوارەوە پێشکەش دەکرێت:
ڕ-لەسەر داواکاری سێیەکی(3/1 ) ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی کە داوای پێکهێنانی هەرێمەکە دەکەن.
ب-لەسەر داواکاری دەیەکی (10/1) دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی کە داوای پێکهێنانی هەرێمەکە دەکەن.
مادەی(120)
هەرێم دەستوورێک بۆخۆی دادەڕێژێت، هەرەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاریدەکات بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا.
مادەی(121)
یەکەم: دەسەڵاتی هەرێمەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەریان هەیە بەگوێرەی ئەم دەستوورە جگەلەو دەسەڵاتانەی کەتایبەتن بە حکومەتی فیدرالیەوە.
دووەم: حکومەتی هەرێم مافی هەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای فیدرالی لە هەرێمەکەدا هەیە ئەگەر ناکۆکی یان دژیەک لەنێوان یاسای فیدرالیو یاسای هەرێمدا هەبوو لەسەر بابەتێک کە لە سنووری ئەو دەسەڵاتانەدا نەبێت کە تایبەتن بە حکومەتی فیدرالی.
سێیەم:دەبێت لەو داهاتانەی لە حکومەتی فیدرالیدا بەدەست دەهێنرێت پشکێکی گونجاو بۆ هەرێمەکان تەرخان بکرێت کە بەشی هەستان بە ئەرکەکانی بکات بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێویستیەکانیو ڕێژەی دانیشتوانیشی.
چوارم: نووسینگەی تایبەت بە هەرێم و پارێزگاکان دەکرێتەوە لە باڵوێزخانەو نێردە دبلۆماسیەکاندا بەمەبەستی بەدواداچوونی کاروباری ڕۆشنبیریو کۆمەڵایەتیو گەشەپێدان.
پێنجەم: هەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە بەتایبەتی پێکهێنان و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم.

بەپێی ئەو مادەو بڕگانەی كە لە دەستوورەكەدا هاتووە هیچ كێشەیەكی یاسایی و دەستووری نیە كە ڕێگر بێت لە هەر پارێزگایەك ئەگەر بیەوێت وەك هەرێمێك لەنێو فیدراڵیەتی عێراقدا كارەكانی بكات. بە مەرجێك داواكاری هەبێت و گشتپرسی لەو پارێزگایە یان ئەو ناوچەیە كرابێت كە دەیەوێت هەرێمێكی سەربەخۆ ڕابگەیەنێت. یان نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە ڕەزامەندی بەنوسین پێشكەش بكەن.

بەڵام ئەو دەسەڵاتانەی كە دەتوانن ئەو كارە بكەن ئەركی خۆیان ئەنجام نادەن و ئۆباڵی كێشەكانیش دەخەنە ئەستۆی حكومەتی ناوەند لە بەغداد، حیزبە سیاسیەكانیش هەریەكەیان بەشێوەیەكی سەربەخۆ كاری لەسەر دەكەن و تا ئێستاش بووەتە كێشەی شەقام و چەندین خۆپیشاندانی لێكەوتووەتەوە و بووتە كێشەی نێوان خۆپیشاندەران و دەزگاحكومی و ئیدارییەكانی ئەو پارێزگایە بە تایبەتی پۆلیس و سوپای عێراق.

گەرچی لە ساڵی 2015 ەوە سەرجەم ڕێككارە یاساییەكانی تەواو بووە كە بەسرە لە پارێزگاوە بكرێـتە هەرێم بەڵام لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا بە چەند بیانوویەك ئەو پرۆژەیە پەكی خراو تا ئێستاش نەچووەتەوە سەر ڕێڕەوی ئاسایی خۆی، لەوانەش: هەبوونی شەری داعش، نەبوونی بودجەی پێویست بەهۆی كێشەی ئابووری عێراق، دەست بەسەردا گرتنی حیزب و لایەنە سیاسیەكان و دابڕینی بۆ خۆیان. لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدیشدا هەمان كێشەی بۆ دروست بوویەوەو كێشەی كۆرناكرایەوە بیانوو، سەرەڕای كێشەی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت. لە ئێستاشدا هەمان كێشە درێژەی هەیەو كێشەی كەمی دارایی و بەردەوامی پەتای كۆرۆنا بیانووی دەستی مستەفا كازمین، بەڵام بەو پێیەی كە مستەفا كازمی- با بەئاشكراش نەبێت- لەگەڵ پرۆژەی هەرێمەكاندایەو تا ڕادەیەكی زۆریش هاوسۆزیی هەیە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، لە ماوەی دەستبەكاربوونیەوە ئەوە سێیەم جاریەتی بچێتە پارێزگای بەسرەو تەنانەت یەكێك لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بردە ئەو پارێزگایە.

ماوەتەوە:
عێراق دابەشكردن بۆ سێ هەرێمی –كوردستان- سونە- شیعە (بە بێ هەرێمی بەسرەش) یەكێكە لەو ئۆپشن و بژاردەكان بۆ ئەوی چارەسەری كێشەی عێراقی پێبكرێت و دەستی ئێران لە عێراقدا بەو شێوەیە كۆتایی بێت و چیتر فشارە سەرەكیەكانیش لەسەر بەغدادیش نەمێنێت و لە هەمان كاتیشداجگە لە هەرێمی سونە كە ماوەیەكی زۆرە كاری بۆ دەكرێت و تا ڕادەیەكی زۆریش كارەكانی بەرەو پێشەوە چوون، ماوەیەك پێش لە ئێستاش لە پارێزگای سلێمانی هەوڵێكی لەو شێوەیە دراو تا ئێستاش لایەنگری ئەو بیرۆكەیە بەردەوامەو بیر لەوە دەركرێتەوە لامەركەزیەتی ئیداری بۆسلێمانی هەبێت، بەڵام دەرئەنجامێكی فەرمی نەبووە.
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif