جگە لە هەدەپە وابەستەی هیچ پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی دیکە نیم

ليست هناك تعليقات



لەکاتێکدا ماوەی چوار ساڵ لە گرتووخانەدا تەواو دەکات، سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە وەڵامی 45 پرسیاری جۆراوجۆری دایەوە کە هەر پرسیارێکیان لەلایەن کەسێکەوە ئاراستەی کرابوون.
لەبارەی بایەخنەدان بە زمانی کوردی لەلایەن حکومەتەوە پرسیار لە دەمیرتاش کرا و ئەویش گوتی "زمانی کوردی و تەواوی زمانەکانی دیکە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور بپارێزرێن. ئەگەر پشتیوانی لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە هەموو بوارەکاندا نەکرێت، پارێزگاریکردنی زمانێکی ژێر گوشار وەکو مەحاڵ وایە. باشترین رێگەش ئەوەیە ئەم داواکارییە ئاراستەی حکومەت بکرێت. لەوەش باشتر ئەوەیە، ئێمە بیر لەوە بکەینەوە جێبەجێکار بین نەک داواکار بۆ جێبەجێکردن. بۆچی خۆمان لە حکومەتدا نەبین و هەردەم چاومان لەدەستی ئەو لایەنە بێت کە دێتە حکومەت".

لە وەڵامی پرسیارێکی ئیسماعیل بێشیکچی، کە دەڵێت؛ قەدەخەی سەر زمانی دایک-کوردی- هەمیشە سیاسەتی سەرەکی قۆناخەکانی کۆماری تورکیا بووە. ئایا پێویست نییە ئیدی هەندێک لە پارتە سیاسییەکانی وەکو HEP, DEP, HADEP, HDP بە ژیان لەناو زمانی کوردی، گفتوگۆکردن لەگەڵ ماڵ و منداڵ و خەڵکدا دژی ئەمە بوەستنەوە؟ دەمیرتاش لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێت "مامۆستای بەهادارم، لەم بابەتدا جگە لەوەی ''هەق بە ئێوەیە'' دەتوانم چی دیکە بڵێم؟ بەڵام هەر بە جیددی پێویست ناکات رەشبین بین. بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئەم گرفتانە لە رەگ و ریشەوە، هێشتا دەرفەتی زێڕینمان لەبەردەستدایە. هەڵبەتە بۆئەوەی بەردەوام هەوڵ بۆ بەزیندوومانەوەی زمانێک بدەیت، سەرەتا دەبێت بەکاریبهێنیت.

لەبارەی وێنەکێشان پرسیار لە دەمیرتاش کرا و باس لە چالاکییەکانی دەمیرتاش لە 4 ساڵی رابردوو کرا. ئەویش گوتی، ""لێرە من بە شێوەیەکی تا بڵێی ناپرۆفیشناڵانە خەریکی وێنەکێشان بووم. لەگەڵ هاوڕێی بەهاداری خانەکەم عەبدوڵڵا زێدان، هەفتانە دوو کاژێر لە ژێر چاودێریی فەرمانبەرانی گرتووخانە وێنەمان کێشاوە؛ هەر ئەوە بووە. لەو دوو کاژێرەدا بیرم دەچووەوە کە لە گرتووخانەدام. تایبەتمەندییەکی وەهای وێنەکێشانم نییە. ئەسڵەن ئەو هەفتەی دوو جارەش بەهۆی کۆرۆناوە قەدەخەکرا".

لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان -پەکەکە، دەمیرتاش دەڵێت: ""ئەگەر من ئەندام یان بەرپرسێکی پەکەکە بوومایە لە دادگادا هەرگیز نەمدەشاردەوە. چی بم ئەوەم. هیچ شتێکی شاراوەم نییە. چالاکییەکی نایاساییشم نییە و هیچ بانگەشەیەکی لەمجۆرەشم لەسەر نییە. جگە لەوانەی لە هەژماری تویتەرەکەمدا باسمکردووە. گوتەکانیشم هەر ئەوانەن کە شەقام بیستوونی. داواکارانی گشتی بە پشتبەستن بەو گوتانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەرپرس یان ئەندامی پەکەکەم و سکاڵایان تۆمارکرد. ئەوانەش نابنە ئەو بەڵگەیەی من بکەنە پەکەکە. من سیاسەتڤانم و جگە لە هەدەپە وابەستە و هاوڕێبازی هیچ پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی دیکە نیم. لەبەرئەوەی رێگەی چەک و تووندوتیژی بە باش نازانم بۆیە سیاسەتڤانێکم کە رێگەی دیموکراسیی سیاسییم هەڵبژاردووە. سیاسەتی دیموکراسی، دژە ژەهر و جێگرەوەی تووندوتیژییە. لەو بڕوایەدام هەموو گرفتەکان پێویستە لەڕێی سیاسەتی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، بۆیە لە هەدەپە سیاسەت دەکەم"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif