دەسەڵات و بەرەنگاری و کەرامەت

ليست هناك تعليقات


سەرهەنگ جەمال
-
بەرەنگاری بەر لەوەی پێویستی بەزمان بێت، پێویستی بەدرک پێکردن و خوێندنەوە هەیە، یەکێک لەو شتانەی کە بەرەنگاری پێویستە لێی بە دوور بێت، ئەوەیە لەبابەتێکی مەعنەوی قوڵەوە بگۆڕدرێت بە وشەو لەدەربڕیندا بەشێوەیەکی سەتحی بمرێنرێت. کاتێک دەسەڵات هەوڵ دەدات کۆمەڵگەکەی ڕووت بکاتەوە لەهەموو نۆرم و بەهایەک، تاک تیایدا ناخودئاگایانە دەکەوێتە بەر شەپۆلی ئەو ڕووتبونەوەیەو لەدواجاردا ئاستی داواکارییەکانی هێندە دادەبەزێت لەبیری دەچێت کە ئەو مرۆڤێکەو پێویسی بەوەیە ڕێز لێگیراو بێت، کەرامەت و ماف و ئازادییەکانی پێشێل نەکرێن. بەڵام لەژێر کاریگەری ئەو هاڕینەدا کە دەسەڵات دەیگرێتە بەر، ناتوانێت بەرگری لە سادەترین مافەکانی بکات. لەکۆمەڵگەی کوردیدا بەشێک پێی وایە ئەگەر لەبەرانبەر پێنەدانی موچەکەیدا ناڕەزایی دەرببڕێت، ئەوا بەرەنگاری و هەڵوێست و مەردایەتی نواندووە. داخورانی بەهای ئینسانی لەوەوە دەست پێدەکات ماف یەکسان بکرێت بە قوتی ڕۆژانە، غەمی دەستەجەمعی بگۆڕدرێت بەغەمێکی فەردی و خواستەکان بە ئەندازەی خواستی سک تێپەڕ نەکات. "گەندەڵی تەنیا کاتێک کێشە بێت کە زیان بێت بۆ تۆ، بەڵام گەر زیان نەبێت بۆ تۆ بەگرفتێکی نەبینیت". ئەم خۆ بەسەنتەر بینییە یەکێکە لەو کێشانەی بەرۆکی تاکی کۆمەڵگەی کوردی گرتۆتەوەو هۆکەشی بۆ هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی و ناهۆشیاری دەگەڕێتەوە بەرابەر بە دەسەڵات، بێگومان ئەم خود سەنتەرییە نەک کێشە خودییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو بەهێواشی تاکێکی داماڵراو لەئیرادە بۆ ئەو کۆمەڵگەیە دروست دەکات، کە دەسەڵات دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بکات. ئەوەی "فۆکۆ" بەخاڵی کردنەوەی مرۆڤی دەزانێت لەکەسێتی و ئامانج و خەونەکانی، تاوەکو لەڕێگەیەوە کۆمەڵگە بەرەو بە مێگەلبوون ببات و دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئیرادەو ژیانیاندا بسەپێنێت.

دواجار دەسەڵات هەژموون بەسەر کۆمەڵگەیەکدا دەکات کە ئەندامەکانی نەک ناتوانن بۆ گێڕانەوەی کەرامەتی شکاویان دەست بدەنە بەرەنگاری، بەڵکو ناشتوانن ڕاپەڕن بۆ سادەترین مافی خۆیان کە قوتی ڕۆژانەیانە. لەئەنجامدا کەسێکیش بەرهەم دێت بە هەر جۆرە سیستم و دەسەڵاتێک ڕازی دەبێت، بەمەرجێک قوتی ئەو نەکەوێتە مەترسیەوە. کەرامەت لەوێدا دەشکێت کە تاک غەم لەگرفتی دەستەجەمعی نەخوات و بەتەنگ هەموو ئەو مەترسیانەوە نەبێت کە دەسەڵات بەدەر لەقوتی ڕۆژانە دەشێت بەسەر کۆمەڵگەکەیدا بهێنێت. نمونەی ئەمە لەوەدا زیاتر دەر دەکەوێت کە دەسەڵات هاونیشتیمانیەک دەگرێت و ڕادەستی ئەم وڵات و ئەو وڵاتی دەکات و ئەو وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەکە تێڕانامێنێت، نوسەر یا ڕۆژنامەنوسێک ئەتک دەکات و ئەو نەک ڕاناچڵەکێت، بەڵکو وەک دیمەنێک سەیری دەکات و بەسەریدا تێدەپەڕێت. کەرامەت کاتێک کە دەشکێت چیتر تاک هەست بەوە ناکات غەمێکی گشتیری هەیە، بەڵکو غەمەکەی لەماڵەکەی خۆی زیاتر تێپەڕ ناکات. بەرەنگاری زایندەی کەرامەتە بەرانبەر بەدەسەڵات. ئەوەی کەرامەت دەگێڕێتەوە وەستانە لەبەردەم ئەو کردە نا نیشتمانی و نا بەرپرسیارانەیەی کە وا دەکات تاک لەئاست نیشتیمانەکەیدا بێباک بێت. ئەوەی کەرامەت دەگێڕێتەوە هەستکردنی تاکە بە ئازاری ئەوانی ترو بەرگریکردنیەتی لەهەموو ئەو پرەنسیپ و نۆرمە ئینسانیانەی کە نابێت دەستدرێژیان بکرێتە سەر. بەڵام دروستکردنی فشار بۆ پێدانی قووت، نەک بەرەنگاری نیە بۆ گێڕانەوەی کەرامەت، بەڵکو ڕازی بونێکی ناخودئاگایانەشە بەهەموو ناشیرینیەکانی دەسەڵات، کە هەموو سنورەکانی ناشیرینی تێپەڕاندووە.

ئەوەی بێزاری، کە وەک دەرهاویشتەیەکی بەرەنگاری بەرانبەر بە دەسەڵات دروست دەبێت، بۆ هەڵوێست وەرگرتنێکی ئانی کورت دەکاتەوە، ئەوەیە ڕۆحی بەرەنگاری دەکوژێت و ناتوانێت لەگۆشەیەکی فراوانترەوە سەیری هەنگاوەکانی دەسەڵات بکات. ئەوەیە پێیوایە بەرەنگاری بەتەنیا کردەیەکی فیزیکیە، بەڵام بەرەنگاری بەرلەوەی بابەتێکی ماتەری بێت، مەعریفەیە. چونکە بەرەنگاری لەپێناو ساغکردنەوەی کەرامەتدا تەعبیر لەئاگایی تاک دەکات بەرانبەر بەسیاسەت و دەسەڵات. هەر وەستانێک کە دژ بە سیستمێکی داپڵۆسێنەر بێت، وەستانێکی هۆشەکیە. چونکە ئەوەی لە داپڵۆسیندا زیانی پێدەگات، بەتەنیا ژیانی مرۆڤ نیە. بەڵکو زیانە لەژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و لێدانە لەفرەیی و ئەتنی و دینی.

هیچ شتێک هێندەی بەرەنگاری لەبەردەم دەسەڵاتێکدا زەرور نیە، کە ئیش بۆ شکاندنی کەرامەت و یەکسان کردنی نیشتیمان دەکات بەخۆی. چونکە کاتێک نیشتیمان یەکسان دەبێت بە بڕیاری چەند کەس و تاقمێک، ئیتر شتێک نامێنێت بە ناوی ژیانی هاوبەش و غەمی هاوبەش و نیشتیمانی هاوبەش. دۆخێک دروست دەبێت نەک تەنیا کەرامەت، بەڵکو ژیانی هاوڵاتیش تیایدا نرخی نامێنێت. بەڵام بەرەنگاری لەژینگەیەکدا لەدایک دەبێت، کە هاوڵاتی بەرگریکردنی لە کەرامەت بەرانبەر بە دەسەڵات، بخاتە پێش هەموو شتەکانی دیکەیەوە. بەرەنگاری هۆشیاری و درک پێکردن و ئیرادەیە، کۆمەڵگەیەک غەمی تاکەکانی غەمێکی ئانی بێت، بریتی بێت لەوەی کە ئاخۆ موچە دێت یا نایەت، هەرگیز بەرەنگاری تیادا لەدایک نابێت..


 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif