رۆژی یەکشەممە 2020/11/29 کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە دەباشان بەڕێوەچوو و لە راگەیێندراوێکدا داوادەکەن کە شاندێکی "بڕیاربەدەست" سەردانی بەغدا بکات.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا بە تایبەت باسی "دۆخی بژێوی"ـی هاونیشتمانییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا کە ئەوان بە ئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناوی دەبەن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتاییهێنان بە کێشەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بەپەلە شاندێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت و سەردانی بەغدا بکات. داواشکراوە ئەو هەنگاوە ببێتە بناخەیەکی پتەو بۆ یاسای بودجەی 2021ی فیدراڵی.
یەکێتی و گۆڕان پێشوازی لە هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی دەکەن بەو جۆرەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
لە راگەیێندراوەکەی هەردوو حیزبدا هاتووە کە دەبێت زەمینە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خۆش بکرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبنەوە پەرە بە پەیوەندییەکان بدرێت.
دەقی راگەیێندراوەکە:
راگەیاندراوی رۆژنامەوانی
ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٩/١١/٢٠٢٠ کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەدەباشان بەڕێوەچوو .
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو ، لەسەر دواین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق ، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێم ، کە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە ، دواتریش بەدیارکراوی دوای دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پەیوەندیدار بە کورتھێنانی بودجەو وەرگرتنی قەرز قەیرانەکە قوڵتربووەتەوە .
سەڕەڕای جەختکردنەوە لەتوندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت، ھەروەک ھاوڕابووین لەسەر ئەم بڕیارانەی خوارەوە:
١ . بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی بودجەو موچەی ھەرێمی کوردستان ، لەھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی
2. پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین ، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە
3. زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بزووتنەوەی گۆڕان
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق