رۆڵی ئەسپرین لە چاره‌سه‌ری پەتای کۆرۆنا

ليست هناك تعليقات


 دكتۆر عارف گۆران
-
ئەسپرین یەکێکە لە کۆنترین ئەو دەرمانانەی، کە لە لایەن مرۆڤ بۆ ئازار و تاو چەندین نەخۆشی تر بەکارھاتووە، زۆرترین لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دەرمانە کراوە و ساڵانە پتر لە ھەزار لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەسپرین دەکرێت بۆ چەندان حاڵەتی جیاواز . ھەموو ئەو نەخۆشانەی تووشی جەڵتەی دڵ و جەلتەی مێشک دەبن، یاخود نەشتەرگەری دڵیان بۆ دەکرێت و شەبەکەیان بۆ دادەنرێت، ئەسپرین وەک بەشێکی گرنگ لەچارەسەریەکانیان سوودی لێوەردەگیرێت.

ئێستاش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا رۆڵی یٔەسپرین زیاترھاتۆتە پێشەوە، چونکە دیاردەی خوێن مەیین یەکێکە لە ماکەکانی بەشێکی تووشبوانی ئەو پەتایە، بە تایبەتی لەو کەسانەی بە توندی تووشی ئەو پەتایە دەبن و پێویستیان بە چارەسەری لە نەخۆشخانە دەبێت .

ئەو نەخۆشانەی کە دۆخیان خراپە و توانای جووڵەیان نیە، بۆ ئەوەی رێگا لە مەیینی خوێن بگیرێت، دەرمانی دژە خوێن مەیین بە شێوەی دەرزی ژێرپێستە کە بە کڵێکسێن دەناسرێت بەکاردەھێنرێت، ئەم رێکارە شتێکی نوێ نیەو بەر لە سەرھەڵدانی کۆڕۆناش بۆ ئەو نەخۆشانە بەکارھاتوە کە ئەگەری خوێن مەینیان ھەیە بە تایبەتی لە دوای ھەندێک جۆری نەشتەرگەری یان ھەر ھۆکارێکی تر کە دەبێتە کەمی جووڵە لە نەخۆش، بەڵام بە ھاتنی کۆڕۆنا گرنگیەکی زیاتر بەو چارەسەریە دراوە و بەشێک لەو نەخۆشانەی کە بە توندی تووشی پەتاکە دەبن، برێکی زیاتر لەو چارەسەریەیان پێویستە، ئەم چارەسەریە و بڕەکەی دەبێت لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دیاری بکرێت، پێویستە ئاماژەش بۆئەوە بکەین، کە ئەو کەسانەی بە سووکی تووشی ئەو پەتایە دەبن پێویستیان بە دەرزی دژە خوێن مەین نابێت .

لە کاتێکدا رۆڵ و گرنگی دەرزی دژە خوێن مەین بۆ ھەموومان دیارە، بەڵام بەکارھێنان و رۆلی ئەسپرین لە تووشبوانی پەتای کۆرۆنا تاکوو ئەم دوایە جێگای مشتومڕ بووە، چەند ھەفتەیەک بەر لە ئێستا لێکۆڵینەوەیەک لە زانکۆی مێریلاندی ئەمریکا لەسەر ٤١٢ تووشبوانی کۆرۆنا کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەبووە بڵاوکرایەوە، ئەو لێکۆڵینەوە ئەوەی دەرخست، کە ئەو نەخۆشانەی ئەسپرینیان بەکارھێناوە کەمتر پێویسیان بە ئامێری ھەناسەی دەستکردوو ژووری چاودێری چڕ ھەبووە . لەمەش گرنگتر ئەم لێکۆڵینەوە دەریخست، کە رێژەی مردن لەنێو ئەو تووشبوانەی دەرمانی ئەسپرینیان بەکارھێناوە زۆر کەمتر بووە!.

دیارە بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری ھەر دەرمانێک پێویستیمان بە لێکۆڵینەوەی زانستی ھەیە، لێکۆڵینەوەش ئەو کاتە دەبێتە جێگای متمانەو باوەڕی پێدەکرێت کە کۆمەڵێک پێوەر و فاکتەر تیایدا پەیڕەو بکرێت، یەکێک لەو پێوەرانە ژمارەی ئەو نەخۆشانەیە کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، ھەر بۆیە لە ئێستا لە ووڵاتی بەریتانیا لێکۆڵینەوەیەکی گەورە لەسەر ژمارەیەکی زۆری تووشبوانی کۆرۆنا و رۆلی ئەسپرین لە چارەسەری ئەو نەخۆشیە دەکرێت. ئەم لێکۆڵینەوە لە ١٧٦ نەخۆشخانەی بەریتانیا دەکرێت و ھەزارن نەخۆش خراونەتە ژێر چاودێری و چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوە، پێدەچێت دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە رۆڵی ئەسپرین لە چارەسەری پەتای کۆڕۆنا بە تەواوی یەکلابکاتەوە .

بڕی ئەو یٔەسپرینەی کە لە لێکۆڵینەوەکەی ئەمریکا بەکارھاتووە لە دەوری ٨١ مگم بووە، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکەی بەریتانیادا ١٥٠ مگم بەکار دەھێنرێت، بەکارھێنانی ئەسپرین لە بەشێکی تووشبوانی ئەو پەتایە دەبێت لەسەر بڕیاری پزیشک بێت و بڕەکەی لە ١٥٠ مگم لە رۆژێک زیاتر نەبێت و تەنھا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەکاربھێنرێت تا نەخۆشەکە لە پەتایەکە دەربازی دەبێت.

میکانیزم و کاریگەری ئەسپرین لە دەرمانەکانی تری دژە خوێن مەین جیاوازە، بۆیە ئەگەرێکی زۆر ھەیە ئەسپرین رۆڵی ھەبێت لە کەمکردنەوەی دیاردەی خوێن مەیین و رێژەی مردن لە تووشبوانی پەتای کۆرۆنا . ئەسپرین دەرمانێکی ھەرزانە و لە ئەگەری یەکلابوونەوەی کاریگەرییەکانی، دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاربھێنرێت و ھەموو کەس دەتوانێت دەستی پێبگات و سوودی لێوەرگرێت، ھەرچەندە وەک ھەر دەرمانێکی تر، ئەسپرین ھەندێک کێشەی لاوەکی دروست دەکات، بە تایبەتی ئەوانەی کێشەی برینی گەدە و دوانزەگرێیان ھەیە، ئەگەری ئەوە ھەیە ئەسپرین ببێتە ھۆی خوێن بەربوون، بۆیە دەبێت لە ژیر چاودێری پزیشکدا بەکاربھێنرێت.

وەک ھەمیشە ئاماژەی بۆ دەکەین، بەتێپەربوونی کات، چارەسەری تر بۆ ئەو پەتایە یەکلادەکرێتەوە و دەبێتە ھۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردن لە نێو نەخۆشەکان، لە ئێستادا پێشکەوتنەکان لە دروستکردنی ڤاکسین قۆناغێکی زۆریان بریوە و لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو بە ھۆی بەکارھێنانی کۆمەڵێک ڤاکسین، ئەو پەتایە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبێتەوە و ژیان تا رادەیەک نیمچە ئاسایی بێتەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif