پێدانی مۆبایلی زیرەک بەمنداڵەکەت، وەک پێدانی ماددەی ھۆشبەرە

ليست هناك تعليقات


د. هەڤین کەمال
-
جیھان بەشێوەیەکی خێراو دراماتیکی ھەنگاوەکانی دەنێت و زۆر بەخێرایی لە گۆڕاندایە، ھەر بۆیە ئەو منداڵیەی تۆ ئەزموونت کردووە، زۆر جیاوازە لەو منداڵیەی لەم سەردەمەدا منداڵەکانت ئەزموونی دەکەن، ھۆکاری ئەمەش شارستانیەت و ئەو پێشکەوتنە خێرایەی تەکنەلۆژیایە کە جیھانی مۆدێرن بە خۆیەوە دەبینێت.

کێشەکە لەوەدا نیە کە ئێمەی پێگەشتوو چەند پەیوەست بووین بە بەکارھێنانی مۆبایلە زیرەکەکانمان، بەڵکو کێشە لە منداڵەکانماندایە کەبەکارھێنانیان بۆ ئامێرە زیرەکەکان گەشتۆتە ڕادەی ئالوودەبوون .

توێژەرەوەکان دەڵێن، ڕێژەی لە ٥٠٪ ھەرزەکاران ئالوودەن بە مۆبایلە زیرەکەکانیانەوە، لە ٨٤٪ ی ئەم ڕێژەیە ناتوانن ڕۆژێک بەسەربەرن بێئەوەی سەیر و چێکی مۆبایلەکانیان نەکەن.

توێژەرەوەیەکی دەروونی تر دەڵێت:" پێدانی مۆبایلی زیرەک بە منداڵەکەت وەک پێدانی گرامێک کۆکاین یاخود بوتڵێک شەراب وایە".

ئالوودەبوونی ئامێرە زیرەکەکەکان، درۆ و تەڵەکەیەکی سایکۆلۆژی نیە، بەڵکو حەقیقەتێکی زانستی یە و ھێندەی ئالوودەبوون بەماددە بێھۆشکەرەکان ترسناکە. لەبەرئەوەی مێشکی منداڵ بەجۆرێکە کە لە قۆناغی گەشەکردن دایە و گوێڕایەڵە بۆ وەرگرتنی ھەموو خویەکی خراپ وعادەتێک کەلەدوایدا دەبێت بە تایبەتمەندی کەسایەتی ئەو مناڵە ، و وای لێدێت لەقۆناغی پێگەشتندا ئەستەمە وازلێھێنان و دەستبەرداربوونی.

• کاتێک باوانەکان ئامیرە زیرەکەکانیان دەخەنە بەردەمی منداڵەکانیان لەتەمەنێکی زوودا، زۆربەی جار مەبەست لێی مەشغوڵ کردن و سەرقاڵ کردنیانە و بۆ کات بەسەربردنە، یاخود ھەندێک جار وا بۆیدەچن کەبە بەکارھێنانی ئەم ئامێرانە منداڵەکانیان زەینیان ڕوونتر و زیرەک تر دەبن، یاخود فێری شتی زیاتر دەبن.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە ھەڵەیە، لەبەرئەوەی ھێندەی ماددە ھۆشبەرەکان زیانیان ھەیە بۆ جەستەو مێشک، مۆبایلە زیرەکەکانیش بەھەمان شێوە، لەڕووی بایۆلۆژیەوە ھەردووکیان کار لەسەر سیگنەڵەکانی مێشک دەکەن، بەڵام جیاوازیەکە لەوەدایە ئالوودەی ماددە ھۆشبەرەکان دەزانن کەزیان بەجەستەیان دەگەیەنن، بەڵام ئالوودەی ئامێرە زیرەکەکان ئەو ڕاستییە دەرک پێناکەن .

ئالوودەی ماددە ھۆشبەرەکان ٢٤ کاژێر ماددەی ھۆشبەریان لەبەر دەست دا نیە، بەڵام ئالوودەی ئامێرە زیرەکەکان ھەموو کاژێری ڕۆژەکە بە سەیرکردنی سۆشیاڵ میدیا و وێب سایتەکان بەسەر دەبات و لەبەرئەوەی دەتوانێت لەزۆر لایەن سوودی لێوەربگرێت، دەبینین ناتوانێت دەستبەرداری بێت .

ئەگەر بۆ پێگەشتوو ئالودەبوونی ئامێرە زیرەکەکان ترسناک بێت، ئەوا بێگومان بۆ منداڵ کاریگەرەکەی تۆقێنەرە.

لەتوێژینەوەیەکدا لە وڵاتی بەریتانیادا بینراوە، ئەو کەسانەی کەئالوودە دەبن بە ئامێرە زیرەکەکانەوە، کە ھەوڵ دەدرێت دووربخرێنەوە لێیان ھەمان ناڕەحەتی و بێتاقەتی و بارگرژیان بۆ دروست دەبێت، بەھەمان شێوەی ئالودەیەکی ماددە بێھۆشکەرەکان، توێژەرەوەکان دەڵێن خێزانەکان ھەڵەیەکی کوشندە دەکەن کاتێک تەنیا تەرکیزیان لەسەر دوورخستنەوەی منداڵەکانیانە لە ماددەی ھۆشبەر و ماددە کحولیەکان ، و ئالوودەبوونیان بە ئامێرە زیرەکەکانیانەوە فەرامۆش دەکەن .

لەڕاستیدا دایک و باوک و ئەندامانی تری خێزان، کاریگەرییەکی نەگەتڤ و نەرێنیان ھەیە لەسەر منداڵەکان، منداڵەکان بەشێوەیەکی سروشتی حەزیان بە لاسایکردنەوەو چاولێکەری گەورەکانە ، دەیانەوێت کۆپی ئەو ھەڵسووکەوتەی باوانەکانیان بکەن کە گەورەبوون . ھەر بۆیە بەکارھێنانی مۆبایلەکەت زۆربەی کات لەڕۆژەکەدا کاریگەریەکی نەرینی خراپی ھەیە لەسەر منداڵەکانت و ئامادەباشیان تیادا دروست دەکات کەئەو خووە خراپەیان لا ئاسایی بێت، مادام خێزانەکانیان بەھەمان شێوە مامەڵە دەکەن 

لە ڕووی فسێۆلۆژییەوە، ئەم جۆرە لە ئالوودەبوون کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر مێشک، بەشێوەیەک کە لەوانەیە لەڕووی فیزیایەوە ھیچ گۆڕانکاری ڕوونەدات، بەڵام لەڕووی دەروونی و سایکۆلۆژییەوە کەسەکە تێکدەدات، کەمتر کۆنتڕۆڵی ھەست و سۆزی پێدەکرێت ، دوورەپەرێز و نامۆیان دەکات و تاقەتی تێکەڵ بوونیان نابێت . لەڕووی خوێندن و ئەکادیمیەوە دوا دەکەون ، کاتیان نابێت بۆ یاریکردن و وەرزش کردن و ھەموو چالاکیەکانی تری ڕۆژانە . ھەندێک جار لەوانەیە تووشی خەمۆکی و توندوتیژیش ببن بەھۆی یاریکردن بەھەندێک گەمەی ناو سۆشیاڵ میدیا .

ئەو ڕێگایانەی کە پێویستە پەیڕەوی کەین بۆ ئەوەی یارمەتی منداڵەکانمان بەین دووربن لەم نەخۆشیەی سەردەم ، ئەوەیە کە فێریان کەین یاری و گەمە بە یارییە کلاسیکیەکان بکەن و ئەو جۆرە یاری و گەمانەیان بۆ بکڕین . جگە لەوە کاتی بەکارھێنانی ئامێرە زیرەکەکان دیاری کەین و تەنیا چەند کاژێرێکی کەم بێت لە ڕۆژەکەدا، و ھەروەھا ماوەیەکی زیاتر لەگەڵیان بین و قسە و گفتوگۆیان لەگەڵ کەین . چوونەدەرەوەکانمان لەگەڵیاندا زیاد کەین بۆ کتێبخانەو سینەماو مۆزەخانەو شانۆکان و خۆمان ببین بە نمونەیەکی بەرجەستە بۆیان بۆ نەھێشتنی ئەم پەتای سەردەمە .



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif