ئایا تڕەمپ دەرفەتی بردنەوەی ماوە؟

ليست هناك تعليقات


لوقمان حاجی قادر

پڕۆسەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا یەكێكە لە ڕووداوە گرنگ و چارەنووسسازەكانی ساڵی 2020 ، ئەمەش بە هۆی ئەو سەنگ و قورساییە گەورەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەیەتی كە كاریگەری بۆ سەرتاسەری جیهان هەیە.

یەكلاییبوونەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان كاریگەری بەرچاوی دەبێت بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئەمریكا؛ بۆ ناوەوە گوزارشتە لە سەركەوتن یان گلانی دیموكراسی و دیاردەی تڕەمپیزم، بۆ دەرەوەش چارەنووسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دیاری دەكات لە بەرامبەر پرسە جۆراوجۆرەكانی جیهان و پابەندی ئەمریكا بە بەها دیموكراسییەكانەوە.

هەر لە سەرەتاوە دۆناڵد گومانی خستەسەر پڕۆسەكە و ڕایگەیاند بوو كە دیموكراتەكان بە نیازن ساختەكارین، لە دەستپێكی پڕۆسەكە و لە ئێستاشدا كە بەرەو كۆتایی دەچێت، ئەو بارگرژییانە بەرە بەرە بەرەو هەڵكشانن؛ كۆمارییەكان دەڵێن ساختەكاری بەرفراوان و ڕێكخراوی تێدا كراوە و دیموكراتەكانیش كۆمارییەكان بە خۆسەپاندن و دكتاتۆریەت تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن نیازیان نییە دەسەڵات ڕادەست بكەن.

لە ئێستا تڕەمپ و كۆمارییەكان جەنگێكی یاساییان دژ بە دیموكراتەكان دەستداوەتێ و سكاڵای یاساییان لە چەند ویلایەتێكی ئەمریكا(نیڤادا، جۆرجیا، ئەریزۆنا، پەنسلڤینیا، ویسكنسۆن، میشیگان) تۆمار كردووە و دوای دووبارە هەڵاوێركردن و بەدەست ژماردنەوەی دەنگەكان دەكەن، هەڕەشەی ئەوەش دەكەن كە پرسەكە دەگەیەننە دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمریكا، سەرباری ئەوەش هێشتا نەیانتوانیوە بەڵگەی سەلمێنەری یەكلاییكەرەوە بخەنە بەردەست دەزگا پەیوەندیدار و دەسەڵاتدارانی ویلایەتەكان، پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەنگەكانیش هێشتا لە بەرژەوەندی بایدن و دیموكراتەكانە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نەگۆڕیووە.

چاودێرانی سیاسی بیلایەنیش پێیان وایە پڕۆسەكە هەندێك كەموكورتی بچوكی هەن، بەڵام تاوەكو ئێستا بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نین بیسەلمێنن كە ساختەكاری ڕێكخراوی تێدا كراوە.

تڕەمپ و كۆمارییەكان دەڵێن پڕۆسەكە بە هۆی دانگدانی لە ڕێگەی پۆستەوە ساختەكارییەكی ڕێكخراوی تێدا كراوە كە پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە، ساختەكارییەكەش بە زۆری لە ویلایەتانەدا كراوە كە دیموكراتەكان تیایدا باڵادەستن، هەزارەها لە مردووەكانیش دەنگیان بۆ دراوە، هەزارەها كەسیش هەن هەم ڕاستەوخۆ و هەمیش لە ڕێگەی پۆستەوە دووجار دەنگیان داوە، لە پڕۆسەی یەكلاییكردنەوەی دەنگەكان بە كۆمپیوتەر فرتوفێڵ كراوە، بە جۆڕێك كە كۆمپوتەرەكان پڕۆگرام كراون و دەنگی ترەمپیان بۆ بایدن بردووە، لە هەندێك وێستگەكانی دەنگدان و هەلاوێركردنی دەنگەكاندا نوێنەری كۆمارییەكان دوور خراونەوە، لە دوا ساتەكانی هەڵبژاردندا بە شێوەیەكی ناسرووشتی دەنگەكانی بایدن زیادیان كردووە، ئەو دەنگانەش كە لە ڕێگەی پۆستەوە ڕەوانەكراون ڕاستی و دروستییان یەكلایینەكراوەتەوە.

لەولاشەوە دیموكراتەكان هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەنەوە و تڕەمپ و كۆمارییەكان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەیانەوێت پڕۆسەی دیموكراسی لە ئەمریكا لەكەدار بكەن و كەڵكەڵەی (نزعە) ی دكتاتۆریەتییان هەیە و نایانەوێت دەسەڵات ڕادەست بكەن، بەڵگەشیان ئەوەیە كە تاوەكو ئێستا هیچ سكاڵایەكی تیمە یاساییەكەی ترەمپ لە لایەن دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەكانەوە پەسەندنەكراوە، تەنانەت لە ویلایەتەكانی وەك ئەریزۆنا و جۆرجیا كە كۆمارییەكان تیایدا باڵادەست بوون بایدن براوە بووە.

لەو ویلایەتانەی كۆمارییەكان سكاڵایان كردووە و داوای دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانیان كردووە، هیچ ئەنجامێكی ئەرێنییان دەستگیر نەبووە، بگرە لە ویلایەتی جۆرجیا لە پڕۆسەی دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكاندا سەركەوتنی بایدن دووپاتكرایەوە، ئەمە جگە لەوەی چەند ویلایەتێكی دیكە دەزگا دادوەرییەكان چەند سكاڵایەكی تیمی یاسایی تڕەمپیان ڕەتكردوونەوە، لە هەندێك شوێنی دیكەش پارێزەكانی تڕەمپ چەند سكاڵایەكیان كێشاونەوە. بۆیە تاوەكو ئێستا ئەنجامەكان هەروەك خۆیانن، بایدن بە 306 دەنگ و تڕەمپیش بە 232 دەنگ.

لە 8 ی دیسەمبەری ئایندە سەرجەم دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەكانی ویلایەتەكان ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان ڕەوانەی كۆنگریسی ئەمریكا دەكەن، ئەگەر ئەو ئەنجامانە پرسەكە بەلایەكدا نەخەن و گومان لەسەر پڕۆسەكە هەبێت، ئەو كات پرسەكە دەخرێتە بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئەگەر دادگاكە سەبارەت بە ڕاستی و دروستی یان بوونی فرتوفێڵ بەڵگەی تەواوی لەبەرداستدا بێت، پرسەكە یەكلایی دەكاتەوە، ئەگەرنا پرسەكە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوینەرانی ئەمریكا.

چاودێرانی بێلایەن پێیان وایە ئەگەر ترەمپ و كۆمارییەكان بتوانن بەڵگەی یاسایی ڕاست و دروست پێشكەشی دامودەزگا دادوەری و دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمریكا بكەن، یان پڕۆسەس هەڵبژاردنی سەرۆك بگەیەننە ئەنجومەنی نوێنەران، دەتوانن سەركەوتن مسۆگەر بكەن و پۆستی سەرۆكی ئەمریكا ببنەوە، چونكە ئەمریكا دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەكانە، ئەگەرنا ئەوا پڕۆسەی هەڵبژارنەكە پاك و بێگەردە و لە بەرژەوەندی بایدن و دیموكراتەكانكان كۆتایی دێت.

دادگای فیدڕاڵیش بە سەرۆكەكەیەوە 9 ئەندامن، بە چاوپۆشین لە هەڵوێستی حزبییان، ئەو ئەندامانە لە ئاستێكی بەرزی پیشەییدان و ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەكرێت بابەتییانە بڕیار لەو پرسە بدەن و یەكلایی بكەنەوە، ئەگەر بەڵگەی تەواویشیان لەبەر دەستدا نەبێت، ئەوان دەتوانن بڕیار لە كۆی پڕۆسەكە بدەن و پرسی سەرۆكایەتی نەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.

تەنها هەل و دەرفەتێكی بەهێز بۆ تڕەمپ و كۆمارییەكان ئەوەیە پرسەكە بەرنە نێو داڵانەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، لەو ئەنجومەنەشدا كۆمارییەكان باڵادەستن، بەو پێیەی هەر ویلایەتێك لە ئەنجومەنەكە خاوەنی یەك دەنگە و كۆمارییەكانیش تیایدا زۆرینەن، چونكە زۆرترین ژمارەی ویلایەتەكانیان بردۆتەوە، بەمەش تڕەمپ و كۆمارییەكان بە ئاسانی پرسەكە بەلای خۆیاندا دەخەن و دووبارە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەبەنەوە.






 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif