ترەمپ: دەنگەکانم بەشێوەیەکی جادوویی نەماون

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، لەو ویلایەتانەی پارتی دیموکرات باڵادەستن، دەنگەکانی دەستکاریکراون. ئەمەش لەکاتێکدایە، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لەپێش دۆناڵد ترەمپەوەیە. جۆ بایدنیش دەڵێت، پشوو نادەن تاوەکو هەموو دەنگەکان هەژماردەکرێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین تویتیدا دەڵێت "شەوی رابردوو من لەپێشەوە بووم، زۆرجار بەشێوەیەکی جێگیر، لە ژمارەیەکی بەرچاو لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان، بەنزیکەیی لە هەموو دۆخێکدا لەو ویلایەتانەی کە دیموکراتەکان بەڕێوەیدەبەن و باڵادەستن. دواتر یەک بە یەک، بەشێوەیەکی جادوویی دەنگەکانم دیارنەمان کاتێک دەنگی لابەلا هەژمارکران".

سەرۆکی ئەمریکا دۆخی ئەو چەند ویلایەتە بە "زۆر سەیر" ناودەبات و دەڵێت، سەنتەرەکانی راپرسی هەڵە بوون، هەروەک پێشووتریش وابوون.

دۆناڵد ترەمپ پرسیویەتی، چۆنە کە هەرجارێک دەنگی پۆستە هەژماردەکەن راستەوخۆ باڵانس و رێژەی دەنگدانەکە بەو شێوە فراوانە دەگۆڕێت؟

هاوکات جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "پشوو نادەین هەتاوەکو دەنگی هەمووان هەژماردەکرێت".

تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی جۆ بایدن رایانگەیاندووە، لەو باوەڕەدان کە "بەرەو سەرکەوتنێکی روون" هەنگاو دەنێن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاشکراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی چەند ویلایەتێکی یەکلاکەرەوە ماون، لەوانەش، جۆرجیا، میشیگن و پەنسلڤانیا.

بۆب باوەر، راوێژکاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن رایگەیاند، ئەمریکا دەبێت "باوەڕی بە پرۆسەی دەنگدان هەبێت" و ژماردنی دەنگەکانیش بەردەوامبێت تاوەکو هەموو دەنگەکان جیادەکرێنەوە. هاوکات دۆناڵد ترەمپی بەوە تۆمەتبارکرد کە "گەنگەشەی گوماناوی" دەکات و گوتیشی "ئێمە بەرگری لە دەنگەکان دەکەین".

هێشتا ژماردنی دەنگی ملیۆنان دەنگدەری ئەمریکی ماون و هیچ بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ناتوانێت بە رەهایی سەرکەوتن رابگەیێنێت.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و سووربوونی خۆی لەسەر ئەوە راگەیاند کە پرسەکە دەباتە دادگای باڵای وڵاتەکەی، هەروەها باسی لەوە کرد کە ساختەکاری کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو.

رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020 هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوون، کە بە هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە ئەمریکا ناوبرا.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif