بەپێی راپۆرتێكی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق، پێکهاتەکانی كوردو سوننەی توشی ترس و دڵەڕاوکێ کردوە، بەوەی کشانەوەی ئەو هێزانە، دۆخی عێراق بەرەو پشێوی و گرفتی گەورەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ببات، بەڵام بەشێک لە هێزە شیعەکان دڵخۆشن بەو هەنگاوەی واشنتۆن.
ڕۆژی چوارشەممە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبو، لە پەیوەندییەكی نێوانیاندا سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ڕێكەوتون لەسەر ڕاگەیاندنی پاشەكشەپێكردنی 500 سەربازی هێزەكانی ئەمریكا كرا لە عێراق كە بەوشێوەیە تەنیا 2500 سەربازی ئەمریكايى لە عیراقدا دەمێننەوەو وتیشی"چوینەتە قۆناغی چوارەم و كۆتایی لەبارەی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا، لەم قۆناغەشدا باس لە پاشەكشەكردنی تەواوەتی ئەو هێزانە و كۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان دەكەین كە بون و ئەركی ئەو هێزانەی لە وڵاتدا هێشتبۆوە."
شێرکۆ میروەیس لە فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئامادەگی ئەمەریکا چی لە عێراق و چی لە ناوچەکەش، گرنگی خۆی هەیە، بونی ئەو هێزانە بەربەست بوە لەبەردەم زاڵبونی گروپە تیرۆرستی و گروپە چەکدارە جۆراوجۆرەکان، کە نەیانتوانیوە ئامانجی خۆیان بپێکن."
بەبڕوای شێرکۆ میروەیس، عێراق هەڕەشەی گروپە تیرۆرستیەکانی لەسەر ماوە، دۆخی ئابوری عێراق خراپە و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان پڕە لە هەڵبەز و دابەز، شەقامی عێراقی توڕەیە، بۆیە لەم قۆناغەدا عێراق، پێویستی بە ئامادەگی ئەو هێزانەیە.
میروەیسی، وتیشی"هەرچۆن لە ئایندەی عێراق دەڕوانیت، دۆخەکە بە خەیر نابینیت، بۆیە پاشەکشەی هێزەکانی ئەمەریکا، ئایندەی عێراق ناڕونتر دەکات."
وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی پێشوی باشوری کەرکوکی هێزی پێشمەرگە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی 5 هەزار شەهیدیان دا، تا رژێمی بەعسیان ڕوخاند، بڕیاری کشانەوەی ئەو هێزانەمان لا ڕون نیە، نازانین لە پشت پەردەوە چی دەگوزەرێ، بەڵام کشانەوەیان، عێراق توشی پشێوی گەورە دەکات."
بەپێی راپۆرتەكەی دەنگی ئەمریكا هەرچەندە کورد و عەرەبی سونە ترسی ئەوەیان هەیە لە غیابی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان تێکبچێت و لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە کە زۆرینەی عێراق پێکدەهێنن، هەوڵی کەنارخستن و لاوازکردنی پێگەیان بدرێت، بەڵام زۆربەی هێزە شیعیەکان، کشانەوەی ئەمەریکایان پێخۆشە و پێشوازی لێدەکەن.
عەلی حسێنی، وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بونی ئەمەریکا لەعێراق، جگە لە زیان، سودی نیە، ئێمە دەمانەوێت ئەمەریکا ئەمڕۆ عێراق جێبهێڵێت، عێراق وەزعی باشە و سنورەکانمان کۆنترۆڵ کردوە، هێزی ئەمەریکامان ناوێت."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق