سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا 5 پیاو لەلایەن ژەنەکانیانەوە بە هاوکاریی کەسوکاریان کوژراون.
بورهان عەلی فەرەج، سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، توندوتیژی دژی پیاوان لە بەرزیدا ماوەتەوە، بە جۆرێک تەنیا لە 10 مانگی رابردوودا 54 پیاو خۆیان کوشتووە، 5 پیاویش لەلایەن هاوژینەکانیانەوە بە هاوکاریی کەسانی دیکە کوژراون.
ئەوە لە کاتێدایە کە بە گوتەی سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان، لە 10 مانگی 2019دا 47 پیاو خۆیان کوشتبوو و 5 پیاو لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژرابوون.
بورهان عەلی فەرەج لە بارەی هۆکاری زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە خێزانییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "قەیرانی دارایی، سیاسی و سۆشیال میدیا هۆکاری زیادبوونی توندوتیژین دژ بە پیاوان و ژنان."
سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان باسیشی لەوە کرد، "هەروەها لەمساڵدا 519 پیاو سکاڵایان لەسەر هاوژین و کەسوکاریان تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی توندوتیژیان بەرامبەر کردوون. لە هەمان ماوەدا ساڵی رابردوو ژمارەی سکاڵاکان لەلایەن پیاوانەوە 487 سکاڵا بووە."
سکرتێرەکەی یەکێتیی پیاوان دەڵێت، زۆرترینی ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن رێکخراوەکەی ئەوانەوە تۆمارکراوە، دەستوەردانە لەلایەن کەسوکارەوە کە رێژەکەی زۆرە، دەستبەسەرداگرتنی منداڵە، دەستبەسەرداگرتنی مووچە و بێڕێزی و سوکایەتیکردنە بە پیاو لە بەرچاوی منداڵ و کەسوکاری پیاوەکەدا کە دیارترینی ئەو جۆرانەی توندوتیژین کە رووبەڕووی پیاوان بوونەتەوە.
خۆکوشتن دیاریدەیەکی جیهانییە، لە جیهاندا لە هەموو خولەکێکدا کەسێک خۆی دەکوژێت. ساڵانە 147 هەزار کەس خۆیان دەکوژن.
بورهان عەلی فەرەج گوتی، "ئەو پیاوانەی خۆیان نەکوشتووە و قسەمان لەگەڵ کردوون یەکەم شت کە وایکردووە پەنابەرنە بەر خۆکوشتن و بیری لێبکەنەوە، لە داخی لۆمەکردن و شکاندنەوەیان بووە لەلایەن هاوژین و منداڵەکانیانەوە. بەتایبەتی ئەو پیاوانەی لە پرۆژەیەکدا یان لە کارێکدا سەرکەوتوو نابن و تووشی تێکشکانێکی دارایی و قەرزاری و ئیفلاسبوون دەبن، پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن."
ئەوەشی گوت، "ناڵێین هەموو خۆکوشتنەکان پاڵنەرەکەی ئافرەتە، لە کاتێکدا خۆکوشتن دیاریدەیەکی جیهیانییە و پاڵنەرە دەروونیەکان و سۆشیال میدیا و چاولێکەری و زیادبوونی چەک هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر زیادبوونی رووداوی خۆکوشتن هەیە.
لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان توندوتیژی هەیە، ئەو بەرپرسەی یەکێتی پیاوان پێیوایە "ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی هاونیشتمانیان و پارێزگاکان جیاوازە، بۆیە ناتوانین بڵێین کوشتن یان سکاڵا لەو شوێنە زۆرە و لەوێش کەمە."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق