سەرۆكی حكومەت: کاردەکەین لە 5 ساڵی داهاتوو ببینە هەرێمێکی هەناردەکار

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هانی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و بیانی دەدات وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکەن. دەڵێت، ئارامی و زەمینەی لەباریان رەخساندووە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی. هیواداریشن لە 5 ساڵی داهاتوو بگەنە خۆبژێویی ئابووری و کەلوپەل بۆ بازاڕەکانی عێراق و دەرەوە هەناردە بکەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆنفرانسی ساڵانەی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد، باسی لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی ئابووری، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی لە سێکتەری وزە کرد.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر ئابووریی زۆربەی وڵاتان کردووە، مەسرور بارزانی گوتی، هەرێمی کوردستان لەو کاریگەرییە بەدەر نییە، بەڵام ئەوان لە هەوڵەکانیان بەردەوام بوونە لە هاندانی وەبەرهێنان، لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەرەوپێشبردنی کشتوکاڵ و زیادکردنی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی بۆ هاونیشتمانیان.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "کوردستان دۆستی ئەمریکایە و کراوەیە بۆ وەبەرهێنەران تاوەکو بێن وەبەرهێنەران بکەن"، بۆ ئەوەش هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی باشیان لە ئاسایش و ئارامی رەخساندووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پلان دادەنێت بۆ ئەوەی پشت بە سەرچاوەی ناوخۆیی ببەستێت بۆ خۆبژێوی، مەسرور بارزانی گوتی "ئێستا هەرێمەکەمان هیواخوازە لە پێنج ساڵی داهاتوو بگاتە خۆبژێویی ئابووری و دواتر ببێتە هەناردەکار بۆ بازاڕەکانی عێراق و بازاڕەکانی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، "ئەمەش بە وەبەرهێنان و سیاسەتی دروست دەکرێت بەدی بهێندرێت".

لەبارەی زیادکردنی پێدانی کارەبای نیشتمانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هیوادارین بەمزوانە گەرەنتی دەستەبەرکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاونیشتمانیان بکەین". ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونەکان و چاکسازی لەو کەرتەدا کرد.

مەسرور بارزانی باسی لە کێشەی هاتووچۆ و خراپیی بەشێک لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان کرد، گوتی، هەوڵی باشترکردنیان دەدەن.

ئازادیی رادەربڕین و ئازادییە تاکەکەسییەکان تەوەرێکی دیکەبوون لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسەکە، ئەو گوتی "جەخت لەوە دەکەینەوە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی تاکەکەسی پارێزراو بێت".

سەرەتای ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق یاسای قەرز بەبێ ئامادەبوونی کورد پەسندکرا، ئەوەش کێشەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "کاردەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەینە رێککەوتن تاوەکو مافەکانمان بەدەستبهێنین... [هاوکات]، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بەدەستبهێنین".

مەسرور بارزانی باسی پەیوەندیی تەلەفۆنیی خۆی و دان بروولیێت، وەزیری وزەی ئەمریکا کرد، ئاماژەی بەوە کرد ئەو وەزیرە جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دەکەن. مەسرور بارزانی ئەوەشی گوت "پابەندین بە رەخساندنی دەرفەت بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان".

مارک مینز، جێگری وەزیری وزەی ئەمریکاش لە کۆنفرانسەکە قسەی کرد، گوتی، "هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی هیوابەخشە بۆ داهاتوو لەبواری وزەدا". بە گوتەی ئەو، ئەمریکاش دەیەوێت عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ گەشەپێدان و گەورەکردنی بازاڕەکانیان بکەن.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق