فڕۆکەی جەنگیی بی-52 دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ليست هناك تعليقات



سوپای ئەمەریکا چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا فڕۆکەی شەڕکەری جۆری B-52ـی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، لەکاتێکدا تەنیا چەند هەفتەیەکە ترەمپ رایگەیاندووە، بەشێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان دەکشێننەوە.

سوپای ئەمەریکا فڕۆکەی جەنگیی بی-52 رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و، راشیگەیاندووە ئامانج لە رەوانەکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە "بۆ وەڵامدانەوەی دووژمنان و پاراستنی هاوپەیمانەکانمانە".

سەرکردایەتیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە راگەیاندراوێکدا شەممە، (21-11-2020) ئاماژەی بەوەکردووە؛ هێزەکانیان لە بنکەی سەربازیی نۆرس داکۆتاوە فڕۆکەی جەنگیی بی-52ـیان رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بێ ئەوەی شوێنی جێگیربوونی فڕۆکەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا بکات.

سوپای ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ، ئامانج لە رەوانەکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامدانەوەی دووژمنان و پاراستنی دۆست و هاوپەیمانانی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا.

فڕۆکەی بی-52 بە یەکێک لە فڕۆکە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا دادەندرێت و توانای هەڵگرتنی 70 تۆن چەک و تەقەمەنی هەیە، هەروەها زیاتر لە هەشت هەزار و 800 میل دەبڕێت بێ ئەوەی پێویستی بە سووتەمەنی هەبێت.

ئەمە، لەکاتێکدایە کریستۆفەر میللـەر، وەزیری نوێی بەرگریی ئەمەریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو هەتاوەکو مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، تەنیا 2500 سەربازی ئەمەریکی لە ئەفغانستان 2500ـیش لە عێراق دەهێڵنەوە. ئێستا 3000 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق ماون، 4500ـیش لە ئەفغانستان.

بنکەی ئاسمانیی مینۆت، کە فڕۆکەکانی لێوە رەوانەکراون لە نۆرس داکۆتا، تاکە بنکەی ئاسمانیی ئەمەریکایە کە مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ و ژمارەیەکی زۆر مووشەکی تێدایە، کە دەتوانن کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرن.

ناردنی ئەو فڕۆکانە دوای چەند مانگێکە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی فڕۆکەکان، بەدیاریکراویش لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، دوای ئەوەی هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا جەنەراڵ قاسم، سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیان لە بەغدا کوشت، ئەوکاتە شەش فڕۆکەی بی-52 نێردرابوونە دوورگەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif