جیهانگیر گوڵپی
-
شێوازی تێپه‌ڕاندنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی له به‌ره‌به‌یانی رۆژی 12/11 به‌بێ ئاماده‌یی و ره‌زامه‌ندیی لایه‌نی كوردستانی، هه‌نگاوێكی تری هه‌ڵه‌و مه‌ترسیداره، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی رووداوێكی راگوزه‌ر و بێ پێشینه‌یه و نه كۆتایی هه‌موو رێگاكانە. ماده‌م هه‌رێم به‌شێكه له ده‌وڵه‌تی فیدراڵیی عێراق پێویسته ته‌واوی رێگه دروسته‌كان بگرێته به‌ر بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی، ئێمه لێره‌دا چه‌ند سه‌رنجێكی گشتی له‌سه‌ر پرسی به‌شداریكردن له داهات و مافی هه‌رێم له سود وه‌رگرتن له قه‌رزه‌كان و یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی ده‌خه‌ینه‌ڕوو، چه‌ند پێشنیازێكیش پێشكه‌ش ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسانه و پرسی دارایی و نه‌ختیی عێراق به‌گشتی.
یه‌كه‌م/ پێویسته كار له‌سه‌ر تێگه‌یشتنێكی نوێ بكرێت بۆ پرسی به‌شداریكردن له پێكهێنانی داهات و بابه‌تی قه‌رزه‌كان و، یه‌ده‌گی نه‌ختینه، تێگه‌یشتنه نوێیه‌كه‌یش له‌باره‌ی چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كیه‌وه بێت، له‌وانه:
1- گۆڕینی شێوازی جێبه‌جێكردنی به‌شدارییكردن له‌داهات (المشاركه بالایرادات): هه‌ر له 2005ه‌وه، هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی كه به‌غدا پشكی بودجه‌ی هه‌رێمی ناردووه، هه‌رێم به‌گشتی به‌شداریی له پێكهێنانی داهاته گشتیه‌كانی عێراق كردووه به‌و قه‌باره‌و رێژانه‌ی كه بۆی دانراوه، یان بۆی خه‌مڵێنراوه، تاكو ساڵی 2013 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه مانگانه بڕێك له پشكی هه‌رێم ده‌بڕدرا به‌رامبه‌ر به داهاته ئیتیحادیه به‌ده‌ستهاتووەكان له هه‌رێم، له 2019 به‌پێی یاسای بودجه بارته‌قای داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیل رۆژانه له پشكی هه‌رێم ده‌بڕدرا، ئه‌مه بۆ خۆی به‌شداریكردنه له پێكهێنانی داهاتی گشتی، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شداریكردنه‌كه به‌شێوازی روتنه‌كردن (المقاصه) جێبه‌جێكراوه، بۆیه به‌شێكی یه‌كجار زۆری هاووڵاتیان و شه‌قام و هێز و گروپه جۆراو جۆره‌كان، چ له هه‌رێم و چ له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق له‌لایان وایه هه‌رێم به‌هیچ بڕێك به‌شداری له پێكهێنانی داهاتی عێراق ناكات و ته‌نها له وه‌رگرتنی ته‌رخانكراوه‌كاندا به‌شداره. ئه‌مه كراوه‌ته ئامرازێك بۆ ته‌یاركردنی جه‌ماوه‌ری بۆ پاڵپشتی له هه‌ر هە‌نگاوێك كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پشك و مافه‌كانی كورد بنرێت.
پێویسته هه‌رێم واز له‌په‌یڕه‌وكردنی شێوازی(مقاصه) بهێنێت، شێوازێك له به‌شداریكردنی داهات په‌یڕه‌و بکات كه بۆ هه‌مووان رونتر بێت و هه‌مووان بزانن، هه‌رێم مانگانه یان ساڵانه به‌و بڕه پارانه به‌شداری له ته‌مویلكردنی گه‌نجینه‌ی گشتی عێراق ده‌كات، تاكو ئه‌و خاڵه نه‌كرێته ئامراز و پاساو بۆ هه‌رهه‌نگاوێك كه دژ به ماف و بۆ كه‌مكردنی پشكی هه‌رێم بنریت.
بۆ نموونە ئه‌گه‌ر ریككه‌وتن له‌سه‌ر راده‌ستكردنی برێكی دیاركراو له‌داهاتی نه‌وتی هه‌رێم كرا بۆ به‌غدا، یان سه‌باره‌ت به داهاته ناوخۆییه ئیتیحادیه‌كان، ئه‌وا با بڕه دیاریكراوه‌كان راسته‌وخۆ له رێگه‌ی هه‌ژمارێكی بانكییه‌وه بگوازرێنه‌وه بۆ سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و بۆ هه‌مووان رونتر بیت.
شێوازی (مقاصه) و شێوازی گواستنه‌وه‌ی داهات له‌ئه‌نجامدا بۆ هه‌رێم و بۆ به‌غدایش هه‌ر به هه‌مان بڕه‌و هه‌ر هه‌مان مانای هه‌یه، له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی داهات له‌ڕێگه‌ی هه‌ژماری بانكیه‌وه، ئه‌و ده‌میش هه‌مان بڕ ده‌چێته‌وه سه‌رپشكی هه‌رێم كه پێشتر به مقاصه لێی ده‌بردرا، به‌ڵام به‌ڕێگه نوێیه‌كه هیچ كه‌سێك ناتوانێت بڵێت هه‌رێم به یه‌ك دینار یان به یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌شداری له‌داهاتی عێراق ناكات، وه‌ك ئێستا ئه‌و ده‌ربڕینه بوه‌ته گوتارێكی كاریگه‌ر.
2- گۆڕینی تێگه‌یشتن له‌باره‌ی قه‌رزی گشتییه‌وه، پێویسته به جددی كار له‌سه‌ر روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپه، یان ئه‌و تێگه‌یشتنه بكرێت كه قه‌رزی گشتی بابه‌تێكی تایبه‌ته و جیاوازه له داهاتی ئاسایی، پێویسته له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كانی تایبه‌ت به دابه‌شكردنی داهاتی ئاسایی و هاوبه‌شیكردن له داهات مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.
ده‌سه‌ڵاتی قه‌رزكردن كه له‌لای حكومه‌تی فیدراڵیه به‌وه‌كاله‌تی هه‌موو گه‌لانی عێراق، پێویسته به‌هاوسه‌نگی و به‌بێ مه‌رج قه‌رزه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی گشت گه‌لانی عێراق به‌كار بهێنرێت، چونكه هه‌رێمه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌سه‌ڵاتی قه‌رزی گشتی راده‌ستی ناوه‌ند ده‌كه‌ن، كه وه‌ك نوێنه‌ری هه‌مووان بێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مووان به‌كاری بهێنێت.
قه‌رزی گشتی له عێراق په‌یوه‌ندیه‌كی ئه‌وتۆی نییە به داهاته ئاساییه‌كانه‌وە، وه‌ك زۆرینه وای ده‌بینن، واته قه‌رزه‌كان به‌داهاتی ئاسایی ناوه‌ڕاست و باشوور نادرێنه‌وه، تاكو هاوبه‌شینه‌كردنی داهات بكرێته پاساو بۆ بێبه‌شكردنی هه‌رێم، به‌ڵكو له 2004 ه‌وه قه‌رز به‌قه‌رزیتر ده‌درێته‌وه و سه‌ره‌نجام قه‌رزه‌كان كه‌ڵه‌كه ده‌بن، بۆ دانه‌وه‌یشیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له به‌شی ته‌رخانكراوه‌كانی خه‌رجیه سیادیه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێن، بۆیه هه‌رێم به‌شداره له‌دانه‌وه‌یان.
ئه‌و قه‌رزه ناوخۆییانه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌یانكات، به‌شی هه‌ره‌زۆریان قه‌واڵه وحه‌واڵه‌كانیان له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیه‌وه ده‌كڕدرێنه‌وه، ئه‌ویش به‌ناڕاسته‌وخۆ و له‌ڕێگه‌ی بازاڕی لاوه‌كیه‌وه و له ده‌ستی دوه‌وه (له بانكه بازرگانیه‌كان)، كه ئه‌وه كارێكی یاساییه و یاسای بانكی ناوه‌ندی رێگه‌ی پێده‌دات و به‌ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درێت، واته حكومه‌تی عێراق به‌ناڕاسته‌وخۆ قه‌رز له‌بانكی مه‌ركه‌زی ده‌كات.
هه‌موو نه‌ختینه‌یه‌كی بانكی ناوه‌ندی چ دیناری عێراقی یان یه‌ده‌گی دراوی بیانی، موڵكی هه‌موو گه‌لی عێراقە و له‌ده‌ره‌وه‌ی بابه‌تی داهاتی ئاسایی و هاوكێشه‌كانی به‌شداریكردنی داهاته.
نه‌ختی دینار له بانكی ناوه‌ندی له‌و ده‌سه‌ڵاته سیادیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه به‌نوینه‌رایه‌تی هه‌مو عێراق مافی ده‌ركردنی دراو و خستنه‌ڕوویی هه‌یه، یه‌ده‌گی نه‌ختی بیانیش هه‌ربه‌هه‌مان شێوه به‌و پێیه‌ی كه بانكی ناوه‌ندی سه‌رچاوه‌ی دیناره، ئیدی به‌شیوه‌یه‌كی ئاسایی به‌هۆی هه‌بوونی بازرگانیی ده‌ره‌كی و بزاوتی هاورده‌كردنه‌وه، ده‌بێته خاوه‌ندی دراوی بیانی، واته یه‌ده‌گی بیانی. واته هیچ كات نه‌ختی بانكی ناوه‌ندی چ به‌دیناری عێراقی، چ یه‌ده‌گی بیانی، راسته‌وخۆ له داهاته ئاساییه‌كانی فرۆشتنی نه‌وت و داهاته‌كانی تره‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتوه، هه‌ربۆیه هیچ یه‌ك له‌بابه‌ته‌كانی قه‌رزی گشتی و سودوه‌رگرتن له یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی، نابێت په‌یوه‌ست بكرێن به شێوازی هاوبه‌شیكردنی داهات، یان راده‌ستكردنی داهاته‌وه.
دووه‌م/ گۆڕینی ئاراسته‌ی هێرشه‌كان، زۆر پێویسته لایه‌نی كوردستانی، په‌رله‌مانتارنی كوردستانی له به‌غدا، ناوه‌نده‌كانی تر، له رێگه‌ی میدیا و كه‌ناڵه جۆراو جۆره‌كانه‌وه، له رێگه‌ی فه‌رمی و په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه، له‌پاڵ داواكردنی مافه‌كانی هه‌رێم، هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه بۆ روونكردنه‌وه و به‌دواداچوون و لێپێچینه‌وه له‌و گه‌نده‌ڵییە گه‌وره‌یه‌ی ده‌یان ساڵه له دارایی و سامانی عێراق ده‌كرێت، كه پاره‌ی دزراو بزركراو، به زیاتر له یه‌ك ترلیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، سه‌ر قه‌پاغی كێشه‌ی قه‌رزه‌كان و بودجه‌ی خه‌مڵێنراو فیعلیی و پرۆژه‌كانی ده‌یان ساڵ هه‌ڵبدنه‌وه، پرسی دابه‌زینی یه‌ده‌گ و سپیكردنه‌وه و بردنه ده‌ره‌وه‌ی دۆلار به‌گه‌رمی بخه‌نه به‌رباس، ئه‌م شه‌ڕه له پێناوی هه‌موو گه‌لانی عێراق بكه‌ن و بره‌و به‌گوتاره‌كه‌ی بده‌ن، له‌هه‌مانتیشدا داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن. ئه‌و دۆسیانه ئه‌وه‌نده زه‌به‌لاح و ترسناكن، كه هیچ كات به‌راورد ناكرێن به‌و پاساوانه‌ی ئه‌وان شه‌قامی عه‌ربیان پێ ته‌یار كردوه دژی مافه‌كانی هه‌رێم.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق