نامەیەك ئاراستەی محمدی حاجی مەحمود دەكرێت

ليست هناك تعليقات



ئیبراهیم حاجی زەڵمی، نامەیەك ئاراستەی محمدی حاجی محمود دەكات و تیایدا دەنوسێت: ئەم راکردنە لەبەغدا خۆزگە بکریایەو ئەو ریگە چارەسەرەی تاکلایەنەی کورد بکرایەو ئێمە پێویستمان بەبەغدا نەبوایە، ئیتر وورد وورد بەرەو جیابوونەوەی هەمیشەیی رێگەی خۆمان بگرتایە

دەقی نامەكەی ئیبراهیم حاجی بۆ محمدی حاجی محمود

کاکەحەمە بەگوێت ناکەن!!

نامەیەک بۆ کاکە حەمەی حاجی مەحموود..

پاش ئەوەی راگەیانراوەکەی بەریزتانم خویندەوە لە ١١/١١/٢٠٢٠ کەتیایدا کۆمەڵی خاڵ و پیشنیار بوو سەبارەت بەدەرەنجامی کۆبونەوەی پەرلەمانی عیراق و برینی موستەحەقات و موچەی خەلکی هەرێمی کوردستان، دوای دەستخۆشی لەو پەرۆشی و هەمیشە هەڵویست وەرگرتنانەت کەدەینوینی..لە ئاست رووداوو بابەتە هەنووکەییەکان.. پێم باش بوو ئەم سێ سەرنجە بنووسم ..

١- ئەوەی سەرنجم دابێ هەمیشە لەهەلوێست وەرگرتنەکانتدا بەتایبەت بەرامبەر عیراقی عەرەبی، هەڵوێست وەرگرتنێکە کە دواچارەو دوابریار تەماشەدەکرێت کە پێویستە کورد دەستی بۆ بەرێ.!! ئەمەش پێم وایە کاریگەری نەگەتیڤ لەسەر لۆجیکی سیایەتکردنی ئیمرۆیانەت دادەنێت، کەلای کەسانی بیرمەند و رۆشنبیر ئەو تەصەورە درووست دەبێت کەجەنابتان بەبیرکردنەوەی راکردن لەمێزی گفتوگۆهەیە و پێش هەموو شتێ کاری پچراندنی مافی یاسایی و پاشان سیاسی و دیبلۆماسی رەتدەکەنەوە، یان بەدیوێکی تریشدا وەک بڵێی ئیمرۆ کورد لە هەرێمی کوردستان توانای کاری سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ عیراق نیەو هەمیشە دۆراوە .

لەراستیدا ئەم راکردنە لەبەغدا خۆزگە بکریایەو ئەو ریگە چارەسەرەی تاکلایەنەی کورد بکرایەو ئێمە پێویستمان بەبەغدا نەبوایە، ئیتر وورد وورد بەرەو جیابوونەوەی هەمیشەیی رێگەی خۆمان بگرتایە. بەڵام مەعلومە ئەمەی جەنابت پێشنیارت کردوە، پێش هەمووشتێ ئەوانەی خۆمان کەریفراندۆمیان کرد رەتی دەکەنەوەو پاشان نەعیراق و نەچواردەور ونەسیاسەتی دەوڵەتانی زلهێز بەم پێشنیارانەت دەڵێن ئامیین. چونکە ئیمە لەریفراندومدا چێکێ دۆست و دوژمن و تواناو عەزەڵاتی خۆمانمان کرد هەموو شتێکمان بۆ رۆشن بوویەوە!! کە تۆ بەم پیشنیارانەت ناراستەوخۆ بەرهەمی ئەوەت دەوێ.! بۆیە بەمەجبووری بێ و بەشەقبێ و بەخواست بێ ئیمە لکاوین بەعێراقەوەو لەناو ئەوداین، عێراقچێتیش کە زەهری مارە، دەبێ بەناچاریەوە نۆشی بکەین و حیسابی بۆبکەین.

٢- سیاسەتکردنی راستەقینە، دووربینى و بیری فراوان و ویستی چاکەو پچراندنی بەرژەوەندی بۆگشتی و ورەبەرزی و رانەکردنی سەرمێزی دەوێ.!! کاری دیبلۆماسی زمانی عەقڵ و زمانی متمانەو راستی دەوێت، پچراندنی بەشی نەتەوەیەک کەلەمێژینەوە خاکی و چارەنوسی خراوەتە دەس ئەوانێکی بێگانەوە، خۆناسی و توانای خۆ زانین و بوونی دۆست و لایەنگیری راستەقینەو زمانی سەردەمیانەی گەرەکە! بیری رەخنە لەخۆگرتن و سوودوەرگرتن لەهەڵەی رابردووى گەرەکە، تەنها بەتەماشەی دوژمنانە لە لایەنی دووەم روانین کەدەچیتە گفتوگۆ لەگەڵی، دەسمایەیەکی سیاسی نابێت! .

مەخابن ئیمرۆ ئەم دەسەڵاتەی کەتۆ پیشنیارت بۆ کردوە، زۆرێک لەشەقام متمانەی پێنەماوەو تەنانەت تۆش باوەرت بەوەنیە کەبکەوێتە شوین پیشنیارەکانت و بیرکردنەوەیەک لەشەقام ئامادەیە کە: (ئەوانەی ئیمرۆ رەشوەی کاری سیاسی و حکومی کوردەواریان لەدەستە، ئەوەندە خەریک بۆخۆو بۆ کۆمپانیاوپچراندنی تیکەی چەورن بۆخۆیان و حیزبەکەیان، نیو ئەوەندە مەبەستیان پاشەرۆژ و تێری کوردەوارى نیە ، بەمەش متمانەو راستگۆیی خۆشیان و نەتەوەیەکیشیان داوە بەئاودا!! بەرچاویان بەرپێی خۆیانەو تەنیا گەرمایی گیرفانی خۆیان هەست پێدەکەن!! چونکە بەم پیشنیارانەت دەبێ دەست بخەنە بینەقاقای کۆمپانیا ساماندزەکانی کورد تا پیویستیان بەوەی بەغدا نەبێ! کە ئایا ئەوە دەکەن؟؟!)

٣- لەبەرئەوەی نەتەوەکانی سەردەسی چواردەور دژی هەر بەدەستهێنانێکی مافی ئێمەن، و راستەوخۆو ناراستەوخۆو بە ئاشکراو بەنهینی! بەرای من ئیمرۆش و لەرابردوش و سبەینێشدا کورد باشترین رێگەچارەی بەدەستخستنی مافی، هەڵنەشاخانە بە رێگە چارەیەکا کە لەچوارچێوەی ((یاسایی و نێونەتەوەیی و رەزامەندی دەوڵەتانی دەسترۆشتوو زلهێز ))جێگەی بێتەوە! و نەبێتە بیانوویەک بەدەست دوژمنانەوە، لەهەمانکاتیشدا دەست بردن بۆ هەموو ئۆپشنێکی سەردەمیانەی یاساییانەو دیموکراتیانە بەتایبەتی بۆ ئیمرۆی کوردەواری ! بۆنموونە ئێمە کاتێ دەڵێین بەیاسا لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکەین و پەیامی ئیمرۆی حکومەتیش هەر ئەوەبوو (کەمەجبوریشین وابکەین!!) با ئەگەر داوای یاساییانە لە ئێمە کرا بایی ئەوەندە بچینە جێبەجێکردنیەوە تانەبێتە بیانوویەک بەدەست بەرامبەرەوە کەلەپرسیکی گەورەترا ئەو خۆی لێ بدزێتەوە، وەک ئەوەی دوێنێ شەو لەپەرلەمانی عێراقدا کرا !!ئەمە لەکاتیکدا هیچ وەخت لە پرسی حیوارو گفتوگۆو دانوستاندا، ئەوەی ویستی لایەنێکە هەمووی پێنەدراوە؟! بەداخەوە گفتوگۆی راستەقینە پێش شکست پێهێنانی بەیاننامەی ئازاری حەفتاشەوە تا بەئیمرۆ فێرنەبووین، تاسەر لەسەر مێزی گفتوگۆ بمینینەوە، هێشتا هەر رووی دەممان لەبەرامبەرەو ئەوەندەش ئاوەزی رەخنە لەخۆگرتنیشمان نیە تا سوود لەدوێنێ و ئەورۆژانە بگرین کەبەئیمرۆیان گەیاندوین!! هەمیشە بە بەرامبەرشەیتانکردن خۆمانما لێ بووە بەفریشتەو فەیلەسووف لەکاتیکدا کورد دەلێت چەپلە بەیەک دەس لینادریت( ئەگەر ئاشتی بیت یان شەربیت!!)، بۆیە ئیمرۆش تازە نابێت وامامەڵەبکەین کە:

- لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەن مافین !! هەموو ئەوەی مافمانە وەکو مرۆڤ داوای دەکەین و دەمانەوێ، دەسماندەکەوێ!!.چونکە تا بە ئیمرۆ عەقڵی شۆرشگێری کوردی کوردەواری خۆمان هەمیشە هەمووی ویستووە!! خۆت ئاگاداری، رابردوو شاهیدە بەهۆی ئەمەوە زیانمان چەندە بووە! ئێستەش ئەوە چەند ساڵە ئەو نەهامەتیە دێ بەسەر گەلی کوردا هۆکارەکەی ئەو هەموو ویستنە بووە! مەخابن وا لەنێو رای گشتی کوردەواریشدا بڵاوە یەکیک لەهۆکارەکانی ئەو داواو رێکنەکەوتنانەش کەسەرناگرن (هەموو ویستی لای تاقمێ و بۆ تاقمێ !!، شەرکردن بۆ بەرژەوەندی و پارە بۆی)بووە. 

کوردەواری یادی ناچێ هەرگیز کەدوێنێ شەو پەرلەمانتارانی دلسۆزی کورد شەو نەخەوتن تاشەشی بەیانی شەری قووتی خەڵکیان کرد!! کەبەرای من ئەوان بریاردەس بوونایە هەر دوێنێ شەو ئەو مەسەلەیە چارەسەردەکرا!! کاتێکیش ئیمرۆ بەهەر هۆکارێک بووە کوردەواری گەیشتوەتە خاڵێک کە خەریک لەدەستدانی سەرمایە ئینتیما نەتەوەیەکەی و سەرمایە ئابووریەکەیەتی و توانا مرۆییەکشی هەژارو بێموچە و بێکار پێویست بەچارەسەرە. وەختى جوڵاندنی سۆزو شارینەوەی راستیەکان نیە، وەختی تۆخکردنەوەی برینی سەدساڵەی میللەتێ نیە .چونکە میللەت تێگەیشت سەدساڵی رابردوو کێ کردی و کێ شەهیدو بریندارکراو کێ ماڵی وێرانکراو بەرهەمەکەشی زیاتر کۆمپانیای کوێ خواردی و دەیخوا!! لە ساتەوەختێکدا کە چارەسەریش کەوتوەتە دەست تاقمێکی خاوەن نازوونیعمەتی بێرەحم لە ئاست خەڵکی هەژاری کوردەواری !! (( کەئەو نازو نیعمەتەشیان بەهۆی رەنجی دەیان سەرکردەی پاڵەوانی وەکو تۆوو هەزاران شەهیدی وەکو کورە قارەمانەکەی تۆۆوە دەستیان کەوتوەو!!) مەجبورن یان دەبێ مەجبوور بکرێن لایەک لەم دۆخە بکەنەوە و هیچ نا دوا پیشنیاری تۆ قەبوول بکەن.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif