وەزیری وزەی توركیا، فاتح دونماز، ئەمڕۆ ھەینی رایگەیاند، سێیەم كەشتی گهڕان و كنە و پشكنین بەدوای نەوت و غازدا بەرەو دەریای رەش بەرێكەوت. ئاماژەشیكرد، ئەنجامی باش لەو كنە و پشكنینانەدا ھەیە.
دونماز گوتی: كەشتی "قانوونی" بەڕێگاوەیە لە دەریای رەش بۆ گەیشتنەوە بە ھەردوو كەشتییەكەی دیكە، كە یەكێكیان كەشتی فاتح" و قانوونی یەكێكە لەدیارترین كەشتییەكانی كنە و پشكنینی توركیا و درێژییەكەی 229 مەترە و پانییەكەی 36 مەترە و تەكنەلۆژیای نەوەی شەشەم دەگرێتە خۆی، و دەتوانێت لەو قوڵایانەی فشاری بەرزیشیان ھەیە كاری كنە و پشكنین تا قوڵایی 12 ھەزار و 200 مەتر بكات.
كەشتی فاتح یەكەم كاری كنە و پشكنینی لە كێڵگەی "تونا-1" لە دەریای رەشدا لە 20ی تەمووزی رابردوو ئەنجامدابوو.
وەزیری وزەی توركیا گوتیشی: وڵاتەكەی گەیشتووەتە ئەنجامی باش لە كاری كۆڵین لە كێڵگەی "سلجۆقو-1" لە دەریای رەش. ئاماژەشیكرد، كاری كۆڵین لە كیڵگەی "توركالی- 1" لە دەریا رەش گەیشتووەتە قوڵایی 2 ھەزار و 600 مەتر لە كاری كنە".
دونماز پێش دوو رۆژ گوتبووی: 40 بیری دیكەی نوێ لە كێڵگەی سەقاریا لە دەریای رەش لێدەدرێن.
سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 17ی تشریینی رابردوو رایگەیاند، 85 ملیار مەتر سێجای دیكە لە غازی سرووشتی لە دەریای رەش دۆزراوەتەوە. بەمەش تێكڕای یەدەگی غازی دۆزراوە لە ناوچەی "تۆنا -1/ كێڵگەی سەقاریا" دەگاتە 405 ملیار مەتر سێجا.
سەرچاوە: "ئەنادۆڵ"
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق