تورکیا سیستمی S400 تاقیدەکاتەوە

ليست هناك تعليقات



ئەمڕۆ هەینی 16ی تشرینی یەکەمی 2020 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە پارێزگای سینۆپ سیستمی بەرگریی S400ی رووسی تاقیدەکاتەوە.

بەپێی ئەو پرۆگرامەی دانراوە تاقیکردنەوەکە شەش کاژێر دەخایەنێت و تێیدا هۆشداریی سیستمەکە بەرامبەر فڕۆکەی بێگانە و پووچەڵکردنەوەی مووشەک تاقیدەکرێنەوە.

تورکیا بۆ ئەم مەبەستە لە پارێزگای سینۆپ لە کەناراوەکانی دەریای رەش ئاگادارکردنەوەیەکی ناڤتێکسی بڵاوکردووەتەوە. ئەم ناڤتێکسەی تورکیا بۆ رۆژانی 16 و 17ی ئەم مانگە راگەیێنراوە و ئاگاداری وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە کە نزیکی کەناراوەکانی سینۆپ نەکەون، چونکە لەوێدا جموجووڵی سەربازی هەیە.

تورکیا ساڵی 2017 لەگەڵ رووسیا گرێبەستی یەکەم قۆناخی سیستمی بەرگریی S400ی بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار واژۆکرد. پێشتر تاقیکردنەوە لەسەر راداری مووشەکەکان کراوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار مووشەکەکان دەتەقێنرێن و تاقیدەکرێنەوە.

کڕینی سیستمی بەرگریی رووسی لەلایەن ئەنقەرەوە کێشەی خستووەتە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئەمریکا. واشنتن بە پێداگرییەوە چەند جارێک هۆشداریی داوەتە ئەنقەرە بۆ ئەوەی دەست لە کڕینی سیستمە رووسییەکە هەڵبگرێت، بەڵام تورکیا ئەمەی رەتکردووەتەوە. لەم نێوەندەدا ئەمریکا هاوبەشێتیی تورکیای لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35 هەڵپەسارد.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif