ئەو کەلوپەل و خۆراکانەی لە نێو کۆشکی سپیدا قەدەخەن

ليست هناك تعليقات



ئێستا یەکێک لەو وشانەی زۆرترین کات دووبارە دەبێتەوە، وشەی 'کۆشکی سپی'یە، ئەو کۆشکەی سەرۆکی گەورەترین دەسەڵاتی سەر گۆی زەوی بۆ ماوەی چوار ساڵ تێیدا دەمێنێتەوە و دەیان بڕیاری چارەنووسسازی پەیوەست بە وڵاتەکەی و بەجیهانیشەوە دەردەکات.

کۆشکی سپی، کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، لە مێژووی خۆیدا، چەندین سەرۆکی جیاوازی بەخۆوە بینیووە، ئەو سەرۆکانە کاتێک چوونەتە کۆشک هەندێک بڕیاری تایبەت بە کۆشکیان دەرکردووە کە هەندێکیان تایبەتن بە کارمەندان و هەندێکیشیان تایبەتن بەو کەسانەی وەکو گەشتیار سەردانی کۆشکەکە دەکەن.

لە نێو لیستی قەدەخەکراوەکانی کۆشکەکەدا، کە زۆرینەیان بەبڕیاری هەندێک لە سەرۆکەکانی وڵات قەدەخەکراون، چەندین کەرەستە و کەلوپەل و تەنانەت خۆراکی جیاوازیش بەرچاو دەکەن.

برۆکلی:

ساڵانی رابردوو، ژمارەیەکی یەکجار زۆری منداڵانی ئەمریکی، رقی خۆیان لە برۆکلی دەربڕیوە، ئەو بەرهەمە سەوزە سەرنجڕاکێشەی هەمیشە پزیشکەکان دووپاتیدەکەنەوە سوودی زۆر بە جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت و تەندروستیی باشتر دەکات. بەڵام منداڵە ئەمریکییەکان رقیان لێیە، چونکە لە بنەمادا برۆکلی تامی خۆش نییە، بۆ منداڵانیش هیچ تامێک نادات، بۆیە ئەو خۆراکە لەلایەن منداڵانەوە دژایەتییەکی زۆر دەکرێت.

لە نێو ئەو منداڵانەدا کە هەر زوو رقێکی بەرچاویان لە شێوە درەختییەکەی ئەو خۆراکە هەڵگرت، جۆرج بووشی باوک بوو. ئەو رقی خۆی لە بەرامبەر ئەو خۆراکەدا بردە سەر، کاتێک ساڵی 1990 چووە کۆشکی سپی و بووە سەرۆکی وڵات، رێگری کرد لەوەی لە ژەمە خۆراکەکانی ناو کۆشکدا، هیچ جۆرێک لە برۆکلی پێشکێشبکرێت، ئەو روونیکردەوە، بەهیچ شێوەیەک حەزی لەو جۆرەی سەوزە نییە. بووش ئاشکرایکرد لە منداڵییەوە دژایەتی لەگەڵ برۆکلیدا هەیە، هەرچەندە هەمیشە دایکی بەزۆر دەرخواردی داوە.

بووش بە کارمەندانی کۆشکی گوت "لەئێستاوە من سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکام، رایدەگەیەنم کە نامەوێ چیدی برۆکلی بخۆم".

میزڵدان:

کۆشکی سپی کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2017دا، پاش داخستنێکی کاتی سەرلەنوێ دەرگاکانی خۆی بەڕووی سەردانیکەراندا کردەوە، لیستێکی بەناوی ئەو کەلوپەلانە ئاشکراکرد، کە بەقەدەخەکراو لە ناو کۆشکەکەدا ناویبردوون. بەڕێوەبەرانی کۆشکی سپی گوتیان لەمەودوا هێنانە ژوورەوەی چەک، یارییە ئاگرینەکان، چەقۆ و میزڵدان لەلایەن سەردانیکەرانەوە بۆ ناو کۆشکی سپی، قەدەخەیە.

روون نییە ئەو بڕیارە خۆبەخۆیی دراوە، یان پەیوەندی بەو رووداوەوە هەیە، کاتێک ژمارەیەک میزڵدان کەوتنە ناو باخچەکانی کۆشکی سپییەوە و ترس هەبوو لەوەی مەبەست لێیان کاری تیرۆریستی بێت و میزڵدانەکان بۆمبڕێژکرابن، دواتر دەرکەوت هیچ لەو مەترسییانە لە ئارادانین و نیشتنەوەی میزڵدانەکان لەناو باخچەکانی کۆشکەکەدا، تەنیا رێکەوت بووە.

سمۆرە:

ساڵی 1955، دوایت ئایزنهاوەر، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، بڕیاریدا بەدانانی چیمەنی دەستکردی سەوز، لە نێو باخچەکانی کۆشکی سپیدا، بەڵام پلانەکەی ئەو سەرینەگرت، چونکە سمۆرە زۆرەکانی ناو باخچەکانی کۆشکەکە، زیانی زۆریان بە چیمەنە دەستکردەکان گەیاند و دیمەنەکەیان لێ تێکدا. ئایزنهاوەر تووڕەبوو، داوای لە پاسەوانەکانی کۆشک کرد، "هەرکاتێک ئەو ئاژەڵە بێتامانەتان لە نزیک چیمەنەکەوە بینی، تەقەیان لێبکەن".

پاسەوانەکان بەقسەیانکرد، بەڵام بەشێوازی خۆیان، ئەوان هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردن و دۆزینەوەی سمۆرەکانی ناو کۆشکەکە دەستپێکرد و هەموویان دوورخستنەوە و لە کۆشکەکەیان دەرکردن، ئەو کارە کاردانەوەی تووندی رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵانی لە بەرامبەر سەرۆکی وڵات، بەدواداهات.

کاوبۆ:

قەدەخەکردنی لەبەرکردن و پۆشینی کاوبۆ لە نێو کۆشکی سپیدا، یەکێکبوو لەو فەرمانە سەرەتاییانەی سەرۆک جۆرج بووشی کوڕ، لە دوای گەیشتنی بۆ کۆشکی سپی دەریکرد و کردیە فەرمان بەسەر فەرمانبەرانی ناو کۆشکدا.

سەرۆک بووش، بڕیاری داڕشتنەوەی شێوازی پۆشینی لەناو کۆشکدا دەرکرد، ئەو تەنیا شەش رۆژ لەپاش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی وڵات، بڕیارە نوێیەکەی دەرکرد، لە کاتێکدا یاسای پۆشینی جلوبەرگ لە کۆشکی سپیدا، لە دوای سەرۆکایەتی باوکییەوە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتبوو. لە بڕیارەکەی پێشووی رێکپۆشی ناو کۆشکدا ئەوە دەستنیشانکرابوو، کە پێویستە پیاوان بۆینباخ ببەستن و ئافرەتانیش 'بەرگی گونجاو' لەبەربکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ رێزگرتن.

ئامێرەکانی وێنەگرتن:

هەڵگرتنی کامێرا لە کاتی چوونە ناو کۆشکی سپی بۆ ماوەی 40 ساڵ قەدەخەبوو، بەر لەوەی میشیل ئۆباما، خانمی یەکەمی وڵات لەساڵی 2015دا ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە. هۆکاری قەدەخەکردنی هەڵگرتنی هەموو جۆرەکانی کامێرا بۆ ناو کۆشکی سپی، لەبەر فلاشی بەهێزی کامێراکان بوو، کە بەبڕوای بەرپرسانی کۆشکەکە، بۆی هەبوو زیان بە تابلۆ هەڵواسراو و کارە هونەرییە دەگمەنەکانی ناو کۆشکەکە بگەیەنێت، بەپێچەوانەی کامێراکانی ئەمڕۆژانەوە کە بەبێ 'فلاش' وێنەی نایاب دەگرێت. ئەمە جیا لەوەی کە ترس هەیە لەوەی گرووپی گەشتیاری، کاتێک دەهاتنە ناو کۆشکەوە، بەهۆی سەرقاڵیی وێنەگرتنەوە، لەیەکتری دادەبڕان. بڕیارەکەی میشێل ئۆباما، تائێستا کاری پێدەکرێت.

مۆبایل:

کۆشکی سپی رایگەیاند رێگە بە کارمەندانی باڵی رۆژئاوای کۆشک نادرێت لە سەرەتای 2018 بەدواوە، مۆبایلە کەسییەکانیان لەکاتی کارکردن لە کۆشکدا بەکاربهێنن. حکومەت لە بری ئەوە، مۆبایلی ئیشی بۆ دابینکردن، کە تایبەتمەندی ناردنی نامەی تێدا نییە، ئەمەش بەبیانووی پاراستنی زیاتری ئاسایشی کۆشکەوە، هەروەها کەمکردنەوەی ئەو ئامێرانەی لە کۆشکەوە پەیوەندییان بە تۆڕی وای فایەوە هەیە، هەندێکی دیکە ئەو بڕیارە بەوە لێکدەدەنەوە کە بڕیارەکە بۆ کەمکردنەوەی بڕی ئەو هەواڵانەیە، کە لە کۆشکەوە بۆ رۆژنامەڤانان دزەیان پێدەکرێت.

سەرۆکی ئێستای وڵات، دۆناڵد ترەمپ، یەکێکە لەوانەی بەتووندی پشتگیری لەو بڕیارەی قەدەخەکردنی مۆبایل لە کۆشکی سپیدا دەکات.

داری کریسمس:

تیۆدۆر رۆزڤێڵتی سەرۆک، یەکێکبوو لە بەناوبانگترین ئەو کەسانەی داوای پاراستنی ژینگەیان دەکرد و لایەنگرێکی تووندی پاراستنی ژینگە بوو. ئەو لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆیدا لە کۆشکی سپی، نزیکەی 150 دارستانی گەورەی نیشتمانیی لە وڵاتەکەدا دروستکرد. هەر ئەو سۆزەی بۆ ژینگە وایکرد، بەکارهێنانی دارەکانی کریسمس لە ناو کۆشکدا قەدەخە بکات. ئەو پێیوابوو ئەوە خوویەکی دژە سرووشت و ژینگەیە.

منداڵەکانی سەرۆک رۆزڤێڵت، هاوتای حەزی باوکیان نەبوون، ئەوان ویستی پابەندبوون بە رێککارەکانی کۆشکیان نەبوو، ئارشبیڵدی کوڕی رۆزڤێڵت، ساڵی 1902 ئاشکرایکرد، کاتێک تەمەنی 8 ساڵان بووە، هەموو کارمەندانی کۆشکی رازیکردووە بەنهێنی باوکییەوە، رێگەی بدەن دارێکی بچووکی کریسمس بباتە ناو کۆشکەوە. ئەو رووداوە تائێستا وەک رووداوێکی خۆش تەماشا دەکرێت.

ئاهەنگەکانی میوزیک:

لە ساڵی 1842ەوە، ئەنجامدانی ئاهەنگەکانی مۆزیک لە ناو کۆشکی سپیدا، هەموو رۆژانی شەممەی وەرزی هاوین، بووبووە خوویەک و 90 ساڵ بوو پەیڕەوی لێدەکرا، تەنانەت یۆلیسیس گرانت و هاوژینەکەی بەوە بەناوبانگبووبوون، کە ئامادەی هەموو ئاهەنگەکانی شەممە هاوینییەکانی کۆشکیان دەکرد و تێکەڵی خەڵک دەبوون.

ئەو خووە لەماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک ئەبراهام لینکۆلن بۆ ماوەی دوو ساڵ قەدەخەکرا، کاتێک کوڕە تەمەن 11 ساڵانەکەی ئەو، کۆچی دواییکرد، دواتر لە ساڵی 1864دا هەمان خوو دەستیپێکردەوە تا سەرەتای سییەکانی سەدەی بیست، کە ئیدی ئەو خووە بەیەکجاری لە کۆشکدا نەما.

جگەرە:

بیل کلنتن و هیلاری هاوژینی، لە ساڵی 1993ەوە، کاتێک چوونە ناو کۆشکی سپییەوە، جگەرەکێشانی ئێوارەخوانەکانی کۆشکیان قەدەخەکرد. ئەوان بڕیاریاندا هەموو تەپڵەکەکانی جگەرە لەناو کۆشکەکەدا هەڵبگیرێن و چیدی، رێگە بە جگەرەکێشان نەدەن لەنێو کۆشکدا. دوای چوار ساڵ لەو بڕیارە، سەرۆک فەرمانیدا بەجێبەجێکردنی یاساخکردنی جگەرەکێشان لە نێو هەموو باڵەخانەکانی حکومەتی ئەمریکادا، بڕیارەکە قەدەخەی جگەرەی لە نێو باڵەخانە حکومییەکاندا بۆ هەموو کاتەکان دەگرتەوە، نەک تەنیا کاتی نانخواردنی ئێوارە.

خواردنەوە کحولییەکان:

خواردنەوەی کحول لە چەندین ماوەی جیاوازی سەرۆکەکانی ئەمریکادا قەدەخەکراوە. هاوژینی سەرۆک ریزرفۆرد بەوە بەناوبانگ بوو کە فەرمانیدابوو لەماوەی سەرۆکایەتی هاوژینەکەیدا، لە نێوان 1877 تا 1881، هەموو خواردنەوەیەکی کحولی لە بارەگای سەرۆکایەتی وڵات، دووربخەنەوە، بەڵام هاوسەرەکەی یەکەم کەسبوو لە پێشێلکارانی ئەو بڕیارە.

ئیلیانور رۆزڤێڵت، هاوژینی سەرۆک رۆزڤێڵت، هەموو جۆرەکانی کحولی جگە لە شەراب، لە ماوەی سەرۆکایەتی فرانکلینی هاوسەریدا قەدەخەکردبوو. دواتر سەرۆک جیمی کارتەر، کۆشکی سپی دوور لە خواردنەوە کحولییەکان هێشتەوە، بەدرێژایی مانەوەی لە کۆشکدا وەک سەرۆکی وڵات، بڕیارەکانی ئەو تەنیا ئەوکاتە پێشێلکران، کە لە کۆشکدا کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکی وڵات لەبارەی چەک، لەگەڵ سەرانی سۆڤیەتدا بەڕێوەچوو، ئەویش بەخواردنەوەی تەنیا یەک پێک، شەراب.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، بڕیارێکی تایبەتی بۆ قەدەخەکردنی خوادنەوە کحولییەکان لە کۆشکدا دەرنەکردووە، بەڵام ئەوە زانراوە کە ترەمپ، یەکێکە لەوانەی دژی خواردنەوەی کحولییە و بەر لە 35 ساڵ وازی لێهێناوە.

ترەمپ ساڵی 2016 و بەرلەوەی ببێتە سەرۆکی وڵات، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکرد، زیاتر لە 35 ساڵە وازی لە خواردنەوە کحولییەکان هێناوە، هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ گیانلەدەستدانی فرێدی برای گێڕایەوە، کە ساڵی 1981 بەهۆی کحولەوە گیانی لەدەستدا.

ئەوانەی نزیکن لە ترەمپ، ئەو قسەیە پشتڕاستدەکەنەوە و دەڵێن، چەندین ساڵە ترەمپ بەیەکجاری وازی لە کحول هێناوە و میلانیای هاوسەریشی یەکێکە لەوانەی حەز بە خواردنەوەی کحول ناکات.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif