ململانێی تورکیا و ئیمارات، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکلادەکاتەوە

ليست هناك تعليقات


سەرچاوە: فاینانشیاڵ تایمز

کاتێک محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئیمارات بە رێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی شڵەقاند، تەنیا دوو دەوڵەتی ناوچەکە بە هەڵەیان ناوبرد، ئەوانیش ئێران و تورکیا بوون.

وەکو پێشبینی دەکرا، ئێران یەکەمجار رێککەوتنەکەی رەتکردەوە کە زۆرکات داوای رووخاندنی دەوڵەتە جووەکە دەکات و ئیماراتیشی بە "بەکرێگیراوی ئەمریکا" ناوبرد. بەڵام تورکیا کاردانەوەیەکی توندتری هەبوو، هەرچەندە حەوت سەدە پێش ئێستا یەکەم وڵات بووە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمان بن و دان بە ئیسرائیلدا بنێت.

ئەنقەرە تووڕەیی خۆی دەربڕی و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "ویژدانی گەلانی ناوچەکە.. هەرگیز لەم رەفتارە دووڕووییانە خۆشنابن"، هاوکات هەڕەشەی کشاندنەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەیی کرد لە ئیمارات. ئیمارات پێشبینیی ئەو هەڵوێستانەی لە ئێران و تورکیا دەکرد، بەڵام وەڵامەکەی تورکیا زیاتر بێزارکەر بوو بۆی.

لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا ئیمارات خوازیاری ئەوە بووە کە گرژییەکانی لەگەڵ تاران کەمکاتەوە، بەرپرسانی ئیماراتیش لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا جەختیان لەوە کردەوە کە رێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە و رایانگەیاند، ئەبوزەبی دەیەوێت رێگەی دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ ئێران بەکاربهێنێت. بەڵام لەکاتێکدا شازادەکەی ئەبوزەبی هەوڵی کەمکردنەوەی دوژمنایەتیی یەکێک لە دوژمنەکانیی دەدا، کێشەی ئیمارات لەگەڵ تورکیای رکابەری گەیشتە ئاستێکی تەواو نوێ.

لە ماوەی زیاتر لە 10 مانگ لە تۆمەتبارکردن و تۆمەتبارکردنی پێچەوانە، جیاوازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە و بەهێزترین دوو سەرکردەی ناوچەکە دژی یەکدی وەستاونەتەوە، یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەمریکا دژی ئەندامێکی ناتۆ وەستاوەتەوە. ئاگری شەڕیش لە کەنداوی دەوڵەمەند بە نەوتەوە بۆ ئەفریقیا و بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ناوخۆی لیبیا و زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گوازراونەتەوە.

ئەمیل حەکیم، شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان دەڵێت "لەم ساتەدا خەبات و تێکۆشان پێناسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.. هەروەها ئەوە بەربەرەکانی و رکابەرییەکانن کە لە زۆر شوێندا بەشێوەی راستەوخۆ و بە وەکالەت رۆڵ دەبینن".

هەنگاونان بەرەو "هاوپەیمانییەکی گەورەتر"

بەرپرسانی تورکیا و ئیمارات پێیانوایە، رێککەوتنی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل لانیکەم بەشێکی پەیوەندیی بە خواستی ئەبوزەبییەوە هەبوو بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانە هەرێمییەکانی لەدژی ئەنقەرە و پرۆژەی بەهێزکردنی کاریگەریی خۆی.

عەبدولخالق عەبدوڵڵا، ئەکادیمییەکی ئیماراتی کە بەشێوەیەکی بەرچاو بیرکردنەوەکانی رەنگدانەوەی بۆچوونی دەوڵەتی ئیماراتە دەڵێت "دوای بیستنی هەڕەشەکان لە بەرپرسانی تورکیاوە، کە ئێوەش دەنگی بڵندیانتان بیست، بەدڵنیاییەوە هاوکاربوو لەوەی کە ئیمارات هاوپەیمانێکی وەکو ئیسرائیلی هەبێت. ئەوە رێککەوتنەکەی خێراتر کرد.. زانیاریی هەواڵگریی دەگۆڕدرێتەوە، دەبیتە بەشێک لە هاوپەیمانییەکی گەورەتر".

ئەو "هەڕەشانە" زیادیانکرد پاش ئەوەی تورکیا ئەمساڵ بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی دانپێدانراوی تەرابلووس، دەستێوەردانی سەربازیی لە جەنگی ناوخۆی لیبیا کرد.

بە گوتەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دیپلۆماتکاران، پێش ئەوەی ئەنقەرە هێزی سەربازی و سیستەمەکانی بەرگری بڵاوکاتەوە، جەنەراڵ خەلیفە حەفتەر کە لەلایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرا، گەمارۆی تەرابلووسی دابوو و لە پێشڕەویدا بوو، لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە چەک و جبەخانەی زەبەلاحی بۆ دابیندەکرا. بەڵام هێزی ئاگرینی تورکیا کۆتایی بە باڵادەستبوونی ئاسمانیی خەلیفە حەفتەر و هەوڵەکانی بۆ رووخاندنی ئیدارەی تەرابلووس هێنا و چەکدارەکانی حەفتەری ناچار بە کشانەوەیەکی خێرا کرد. ئەوەش کاریگەریی لەسەر تموحەکانی ئەبوزەبی هێنا لەو وڵاتەی باکووری ئەفریقیا و پێکدادانەکان ترسی فراوانبوونی شەڕی لە سنوورەکانی باشووری دەریای سپیی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا هێنا.

دوای ئەوەی لە مانگی تەممووز فڕۆکەیەکی جەنگیی نەناسراوە هێرشی ئاسمانیی بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی لیبیا ئەنجامدا، کە سەربازانی تورکیای تێدابوو؛ خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا هۆشداریی ئەوەی دا کە وڵاتەکەی ئیمارات بە بەرپرسیار دەزانێت و ئەو دەوڵەتەی کەنداویشی بەوە تۆمەتبارکرد کە "بەدکاری" و سپۆنسەری تیرۆریستانی کردووە دژ بە تورکیا.

لەلایەکی دیکەوە ئیمارات ئەردۆغان بەوە تۆمەتباردەکات کە وەهمی داگیرکاریی هەیە و پاڵپشتیی گرووپە ئیسلامییەکان دەکات و لەگەڵ قەتەری بەرەیەکی دوژمنکاری لەدژی دروستدەکەن. ئەبوزەبی باوەڕی وایە کە قەتەری دەوڵەمەند لەڕووی داراییەوە پاڵپشتیی ئەو بەرەیە دەکات و تورکیاش لەڕووی هێزەوە، ئەردۆغانیش دەیەوێت خۆی وەکو سەرکردەی جیهانی سووننە جێگیرکات.

ئەنوەر قرقاش، وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە لە گۆڤاری لو پۆینتی فەڕينسیدا و لەمیانی هەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لیبیا رایگەیاند "تورکیا زۆر شتی هەیە کە دەبێت وەڵامیان بداتەوە، هەر لە هەوڵە درێژخایەنەکانی بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر و ئیخوان موسلیمین بۆ چاندنی ئاژاوە لە جیهانی عەرەبی،" هەتا بەکارهێنانی ئیسلام لە بەرژەوەندیی خۆی.

محەممەد بن زاید کە سەرکردایەتیی عەرەب دەکات دژی کاریگەرییەکانی تورکیا، بە تەنیاش نییە لەڕووی نیگەرانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەردۆغان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵێ 2019 و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باکووری عێراق، کە هەردووکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەکدارە کوردانەیە کە ئەنقەرە بە تیرۆریستیان دەزانێت.

میسر کە لەگەڵ ئیمارات و رووسیا پاشتیوانیی خەلیفە حەفتەر دەکات، ئەمساڵ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازیی لە لیبیا کرد، لەم هەفتانەی دواییشدا سعودیە قەدەغەی هاوردەی بەرهەمی تورکیی راگەیاند.

بەرپرسێکی باڵای سعودیە دەڵێت "ئەگەر سەیری هەڵکشانی هەڕەشەکە بکەین لە ناوچەکە، تورکیا زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، ئەوان لە هەموو شوێنێکن. ئەو بەرپرسە سعودیە باسی لەوەش کردووە، ئێران هێشتا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ شانشینەکەیان، بەڵام "ئێمە تەنیا دەبینین شتەکان بەرەو خراپتر دەچن".

بەرپرسەکەی سعودیە ئەوەی نەشاردووەتەوە کە دەستێوەردانی ئەردۆغان لە پرسی ناگۆرنۆ - قەرەباخ "زۆر بێزارکەرە، ئەوەش نەک لەبەرئەوەی پرسەکە پەیوەندیی بەوانەوە هەبێت، بەڵکو ئەوە نیشانەیەکی دیکەیە کە ئەردۆغان زیاتر دەڕوات".

بووارەکانی کێبڕکێ

ئیمارات ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 9.5 ملیۆن کەسە، بەڵام یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی ناوچەکە و ماوەیەکی زۆرە قورسایی خۆی هەیە. لە ساڵی 2011وە کە بەهاری عەرەبی لە ناوچەکە دەستیپێكرد، ئەبوزەبی دەیان ملیار دۆلاری پترۆدۆلاری بۆ هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا لەڕێگەی بازرگانی، هاوکاریی مرۆیی و بواری سەربازییەوە خەرجکردووە.

بەگوێرەی داتاکانی ئینستیتوتی ئینتەرپرایزی ئەمریکی، وەبەرهێنانی دەرەکیی ئیمارات و هاوکارییە دوولایەنەکانی بۆ هەشت وڵات، لەنێویاندا میسر، پاکستان و ئەسیوپیا لە ساڵی 2011وە گەیشتووەتە لانیکەم 87.6 ملیار دۆلار. بە گوتەی کارین یۆنگ، شارەزای کاروباری کەنداو لە ئینستیتوتە ئەمریکییەکە، ئیمارات زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی کەنداو گرنگی بە وەبەرهێنان و هاوکاریی مرۆیی داوە، ئەوەش زیاتر سیاسی بووە.

هەر هاوشێوەی بن زاید، ئەردۆغانیش بەردەوامە لە فراوانکردنی کاریگەریی تورکیا. مایکڵ ستیڤنس لە ئینستیتوتی شاهانە بۆ خزمەتگوزاریی یەکگرتوو دەڵێت "لە هەر شوێنێک چالاکیی ئیمارات ببینیت، بەگشتی چالاکیی تورکیاش دەبینیت، بەڵام هی ئێران نابینیت.. ئەوان باوەڕیان وایە کە دژی تورکیایەکن کە زۆر دوژمنکارانەیە لە پرسەکانی نیشتمانی، هێزی ئاراستەکردن و بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئیمارات ئەوەی دەیەوێت بەدەستینەهێنێت".

ساڵی رابردوو سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی باڵیۆزخانەکانی تورکیا لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا لە ئەفریقیا لە 12 باڵیۆزخانەوە بۆ 42 باڵیۆزخانە بەرزبوونەتەوە، تەنانەت باسی لە فراوانبوونی کاریگەرییەکانی ئەنقەرە کرد تاوەکو نزیک کەناراوەکانی ئیمارات.

ساڵی 2017 و دوای ئەوەی سعودیە و ئیمارات گەمارۆیان خستە سەر قەتەر، تورکیا هێزی سەربازیی لە قەتەر بڵاوکردەوە. هەر لە هەمان ساڵدا تورکیا گەورەترین بنکەی سەربازیی لە مەقدیشۆی پایتەختی سۆماڵ کردەوە. ساڵی 2018 تورکیا رێککەوتنێکی هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ کوێت واژۆکرد و هاوپەیمانییەکەی لەگەڵی بەهێزکرد؛ ئەمەش رێک لەو ساڵەی کە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ سعودیە بەرەو خراپی دەچوون بەهۆی کوشتنی جەمال خاشوقچی لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبووڵ.

ئەنوەر قەرقاش، وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە، بوونی سەربازیی تورکیای لە کەنداو وەکو "حاڵەتێکی ئیمێرجنسی" ناوبرد و لۆمەی قەتەر و تورکیای کرد بەوەی دەیانەوێت "سیاسەتی جەمسەرگیری [دابەشکاری]" بسەپێنن.

داکوتینی رەگوڕیشە لە بەهاری عەرەبیدا

دوای سەرکەوتنی ئەردۆغان و پارتەکەی لە ساڵی 2000 و گرتنە دەستی دەسەڵات، زۆر لەلایەن زۆر لە لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو مۆدێلێکی نوێ لە ناوچەکە لێی دەڕوانرا، حکومەتەکانی کەنداوی عەرەبی بەدوای ئەوەوە بوون کە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵیدا گەشەپێبدەن، هاوکات وەکو هاوپەیمانێکی سوونی دژی ئێرانی شیعە مەزهەب دەیانبینی.

بەڵام ئەم بۆچوونەی وڵاتانی کەنداو گۆڕا کاتێک محەممەد مورسی، سەرکردەی ئیخوان موسلیمین یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لەدوای شۆڕشی 2011 و رووخاندنی حکومەتەکەی حوسنی موبارەک، بەشێوەیەکی دیموکراسی بردەوە.

بەرپرسێکی تورکی کە لە ساڵانی 2000ەکاندا دیپلۆماتکار بووە لە ئیمارات، دەڵێت "وەکو شازادەیەک وابووم و بۆ هەموو کۆبوونەوەیەک بانگهێشت دەکرا، هەموو دەرگاکان کراوە بوون.. بەڵام دواتر شێتگیری لە ئەبوزەبی دەستیپێکرد کاتێک ئێمە پاڵپشتیمان لە مورسی، سەرکردەی هەڵبژێردراوی دیموکراسی کرد. ئەوان [ئیماراتییەکان] زۆر تووڕە بوون".

شۆڕشی بەهاری عەرەبی بوو بە خاڵێکی یەکلاکەرەوە بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیمارات، میسر و سعودیەی رکابەری. بۆ بن زاید ساتێکی تاریک و هەڕەشە ئامێز بوو، بۆ ئەردۆغانیش هەلێک بوو.

شازادەکەی ئیمارات قەناعەتی بەوە کرد کە واشنتن وازی لە حوسنی موبارەک هاوپەیمانە کۆنەکەی هێناوە، هەڵبژاردنی حکومەتێکی ئیخوان موسلیمینیش لە وڵاتێکی جیهانی عەرەبی کە ژمارەی دانیشتووانی زۆرە، مەترسیی "سەرهەڵدانی ئاژاوە" زیادەکات.

پێشهاتەکان بە زیانی ئیمارات و قازانجی تورکیا بوون. ئیمارات دەستیکرد بە هاوکاریکردنی دارایی میدیاکانی میسر بۆ دژایەتیکردنی ئیخوان موسلیمین، تورکیاش پاڵپشتیی مورسیی دەکرد بەشێوەی سیاسی و دارایی. داینامیکەکانیش بەشێوەیەکی دراماتیکی گۆڕان کاتێک عەبدولفەتاح سیسی لە ساڵی 2013 بە کودەتایەکی سەربازی دەسەڵاتی لەو وڵاتە گرتەدەست. سیسی کە پیاوێکی سەربازیی تاکڕەوە خۆی لە بەرەی بن زاید جێگیرکرد، ملیاران دۆلاری لە ئیمارات وەرگرت بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ئیسلامیی میسر.

بە پێچەوانەوە، ئەردۆغان بەشێوەی سوکایەتیپێکردن و هۆشدارییەک لە کەوتنی مورسیی دەڕوانی بەوەی لەوانەیە دواتر نۆرەی ئەو بێت. هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکیان نییە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا گومان دەکەن لەوەی کە ئیمارات بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستی هەبووبێت لە هەوڵی خستنی ئەردۆغان لە ساڵی 2016.

لە ساڵی 2017 ئەردۆغان لە گوتارێکدا رایگەیاند "کاتێک هەوڵێکی کودەتا هەبوو لە تورکیا، زۆر باش دەزانین لە کەنداو کێ دڵخۆشبوو لەبارەیەوە".

ساڵێک دوای کودەتاکەی میسر، تورکیا بوو بە پەناگەی ئەو ئەندامانەی ئیخوان موسلیمین کە لەدەست هەڵمەتە دڕندانەکانی دەستگیرکردن و سەرکوتکردن هەڵاتبوون، ئەمڕۆ تورکیا بووە بە پەناگەیەک بۆ عەرەبە ئۆپۆزیسیۆنەکان.

سنوورەکانی بن زاید

بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگریی رۆژئاوا باس لەوە دەکات، ئەوەی لە لیبیا روویدا نموونەیەکی باشە بەوەی کە ئەگەر دەسەڵاتێکی جیددی قورسایی خۆی بخاتە سەر بەرەیەکی دیکە، ئیمارات ناتوانێت کارێکی ئەوتۆ بکات، "چونکە هەموو ئەوەی هەیانە چەکی بانک و فرۆشتنی چەکە".

بۆچوونی ئەو بەرپرسە هەواڵگرییەی پێشووی رۆژئاوا بەو شێوەیە کە ئیمارات زیاتر تورکیا دەکاتە ئامانج چونکە خۆی بە "عەقڵی" هاوپەیمانیی دژە ئیسلامی دەزانێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، بن زاید تموحی هەیە بەسەر هەندێک لە بەربەستە راستەقینەکاندا زاڵبێت و "بەدوای ئەوەیە خەڵک بەکرێبگرێت بۆ هاندانی دژی تورکیا، لەنێویاندا ئەمریکییەکان"، ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرەڕای ئەوەش دڵنیا نییە لەوەی ئیمارات سەردەکەوێت یاخود نا.

شارەزایانی دیکە پێشبینی دەکەن کە بن زاید پاڵپشتیی هاوپەیمانێتییەکانی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش بکات، کەمتر لە دوو هەفتە دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل، ئیمارات چوار فڕۆکەی ئێف 16ی بەشداریپێکرد لە مەشقە سەربازییەکانی یۆنان، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا.

لە ساڵی 2017وە ئیمارات لە مەشقە سەربازییەکانی یۆنان بەشدارە. عەبدولخالق عەبدوڵڵا، ئەکادیمیی ئیماراتی دەڵێت "ئیمارات پێویستبوو پەیامێک بنێرێت و بڵێت: ئێوە بتانەوێ و نەتانەوێت ئێمە لێرەین، ئێمە دەستمان لە لیبیا هەڵنەگرتووە.. میسر و سعودیە باشترین هاوپەیمانمانن، بەڵام ئێمە هاوڕێ و هاوپەیمانە جیهانییەکانمان فراوان دەکەین؛ ئیسرائیل دێتە ناوەوە و یۆنانیش لەڕێیە".

لە ساڵی 2012وە بن زاید و ئەردۆغان هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمییان نەگردووە. بەڵام شازادە ئیماراتییەکە لەوەتەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یۆنان بەهێزبووە جارێک لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆبووەتەوە و سێ جاریش بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

رێککەوتنی ئیسرائیل دڵنیایی دا لەوەی کە پێگەی ئیمارات لە کایەی سیاسیی واشنتن بەرزدەبێتەوە، کە ئەوەش ئامانجی سەرەکیی ئەبوزەبی بووە کاتێک رێککەوتنەکەی ئیمزاکرد. بن زاید دەخوازێت کە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساش هاوپەیمانی بکات، کە پاڵپشتیی پێشکەشی جەنەراڵ حەفتەر کردووە لە لیبیا، نیگەرانە لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان و رەخنەگرێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغانە.

محێدین عەتمان، سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی سێتا بۆ سیاسەتی دەرەوە دەڵێت "تورکیا لە ئیمارات ناترسێت. تورکیا لەوە دەترسێت ئیمارات رۆژئاوا لە دژی بەکاربهێنێت.. بن زاید ملیۆنان دۆلاری لە لۆبیکردن دژی تورکیا بەکارهێناوە. عەتمان ئاماژەی بەوەش کرد، محەممەد بن زاید و محەممەد بن سەلمان پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا "سفرە".




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif