ڕاپۆرتێكی گرنگ لەسە ترامپ، لە مناڵیەوە بۆ كۆشكی سپی

ليست هناك تعليقات


سەرەتای مانگی داهاتوو، لەگەڵ تەواوبوونی دەنگدانی گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەنگدەرانی ئەو وڵاتە خۆیان لە نێوان سەرۆکێکی ناسراو بە قسە لە رووەکانی و جێگرێکی سەرۆکی پێشوودا یەکلادەکەنەوە، کە بۆی هەیە ببێتە بە تەمەنترین سەرۆکی وڵاتەکەیان.

چوار ساڵی رابردووی کارکردن لەنێو کۆشکی سپی و دەرکەوتن وەک سەرۆکی ئەمریکا، زۆر لایەنی شاراوەی ژیانی دۆناڵد ترەمپیان وەک کەسایەتی دەرخست، ئەو کە بە'قسەلەڕوویەک'ی خۆ 'بەزلزان' دەردەکەوت. بەرگری سەختی لە بۆچوونەکانی خۆی دەکرد، پێشانیشیدا هەرگیز دان بەهەڵەکانی خۆیدا نانێت و کەس لە خۆی بەڕاستتر نازانێت لە بڕیارەکانیدا.

زۆر ناوەند و کەسایەتی جیاواز، هەوڵی خوێندنەوەی سایکۆلۆژیای ترەمپیان داوە، بەڵام خوێندنەوە و هەڵدانەوەی پەڕەکانی منداڵیی، وەڵامی هەموو پرسیارەکان لەبارەی کەسایەتیی ئەوەوە دەردەخەن و روونیدەکەنەوە بیرکردنەوە و سرووشتی ئەو وەک مرۆڤێک، لەکوێوە سەریهەڵداوە؟

سێبەری پەروەردە تووندەکە بەسەر ترەمپەوە

بەپێچەوانەی جۆ بایدنی رکابەرییەوە کە کێشەی لە گۆکردن و زمانگرتندا هەبوو. ترەمپ لە منداڵیدا کێشەی تەندروستی نەبوو. بەڵام لە ژێر کاریگەریی دایکە دەوڵەمەندە خۆسەپێنە تووندەکەیدابوو، ئەو کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئەو منداڵە ئەمریکییە دروستکرد، بەڵام لە بەرامبەردا باوکی بایەخی زۆری پێدەدا، بەتایبەت کاتێک کوڕە نۆبەرەکەی ماڵباتەکە (فرێد) رازی نەبوو لە ژیاندا، هەنگاوەکانی باوکی هەڵبنێتەوە و بەپێی پلانەکانی ئەو بڕوات.

دایکی ترەمپ، ناوی ماری ترەمپە، دۆناڵد لەیەکەم دەرکەوتنیدا لە نووسینگە هێلکەییەکەی ناو کۆشکی سپی، وەک سەرۆکی وڵات، تەنیا وێنەی باوکی دانابوو، دواتر وێنەیەکی دایکیشی دانا، بەڵام هەر وێنەکەی باوک بەبەرچاو و دیار مایەوە.

رۆژنامەی 'پۆلیتیکۆ'ی ئەمریکی، ئاشکرای کردووە باوک هەمیشە ئامادەییەکی زۆر زیاتری لە ژیانی دۆناڵدا هەبووە، لە کاتێکدا هەمیشە وێنەی دایک، وێنەیەکی بچووککراوە و پەراوێزخراوە.

ماری خانمی ماڵ بوو، هەموو شتێکی قبووڵبوو تەنیا رەخنەلێگرتنی نەبێت. ئەو لە سکۆتلەندا لەدایکبووە، ساڵی 1912 کۆچیکردووە بۆ ئەمریکا، لە دەوروبەری نیویۆرک نیشتەجێبووە و دواتر فرێد ترەمپی ناسیووە کە ئەوکات کرێکارێكی بیناسازی بوو لە شارەکەدا.

ئەوان لە ساڵی 1936دا هاوسەرگیرییان کرد، دواتر منداڵیان خستەوە، ماریان 1937، فرێدی بچووک 1938، ئیلیزابێس 1942، دۆناڵد 1946 و رۆبێرت 1948.

نەخۆشکەوتنی دایکی ترەمپ

لە دوایین منداڵبوونیدا، ماری دووچاری خوێنبەربوونێکی قورس بوو، پزیشکەکان بەناچاری منداڵدانی ئەویان دەرهێنا، بەڵام دووچاری نەخۆشییەکی کوشندەی کرد، زۆری نەمابوو بەهۆیەوە گیانلەدەستبدات. بۆیە ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە مایەوە و لە دۆناڵد دابڕا کە ئەوکات تەمەنی تەنیا 2 ساڵ و نیو بوو.

رۆژنامە ئەمریکییەکە وایداناوە ئەو ماوەیەی دوورکەوتنەوە لە دایکی، کاریگەریی دەروونیی لەسەر دۆناڵد دروستکردووە و جۆرێک لەسەربەخۆیی لە دایکی داوەتێ، ئەوەش متمانەبەخۆبوونی لەلا پەرەپێداوە.

هەرچەندە لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، دۆناڵد پەسنی دایکیداوە و بە کەسایەتییەکی مەزن ناویبردووە، بەڵام هاوڕێکانی منداڵیی ئەو، روونیانکردووەتەوە، ئەو هەمیشە لە باوکییەوە نزیکتربووە. فرێدی باوک هەموو ئێوارەخوانێک، بەوردەکاری پرسیاری لە چۆنیەتی بەسەربردنی رۆژی منداڵەکانی دەکرد، لە کاتێکدا دایکەکە زیاتر بێدەنگی هەڵدەبژارد و لەکاتی یاریکردندا، لە دوورەوە چاودێری منداڵەکانی دەکرد.



ترەمپ و دایکی


مارک هۆڵدینگ، هاوڕێی منداڵیی دۆناڵد، لەبارەی خاتوو مارییەوە گوتویەتی، ئەو کەمتر تێکەڵی منداڵەکانی دەبوو، زیاتر سەرقاڵی بەسەربردنی کات بوو لەگەڵ هاوڕێ کچەکانی خۆیدا، هەر ئەوەش وایکردووە دۆناڵد لە دایکییەوە نزیک نەبێت، بەڵکو وەک هاوبەشێکی ئەو لە بزنسدا ئاشکرایکردووە، ترەمپ لەسەر ئەو پەیوەندییە دوورەی دایکی راهاتبوو، زۆر لە دایکییەوە دوور بوو.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2005دا دەڵێ: "دایکم خانمێکی مەزن بوو، بەس تەنیا سەرقاڵی کارەکانی ناوماڵ بوو، بەڵام من لە باوکمەوە نزیکتر بووم".

کاتێک ترەمپ و ئیڤانا لە یەکتری جیابوونەوە، دایکی دۆناڵد، یەکێکبوو لە تووندترین کەسەکان بەرامبەر ئەو بڕیارە، ئەو بەپێی گێڕانەوەکانی ناو ماڵباتەکە، پاش جیابوونەوەکە بە ترەمپی گوتبوو: "من چ منداڵێکم خستووەتەوە؟".

خووە شەڕانگێزییەکانی ترەمپ

ترەمپ لە نێو ماڵباتێکی پارەداری نیویۆرکدا گەورەبووە، باوکی یەکێک لە دیارترین بەڵێندەرەکانی بیناسازیی شارەکە بووە. ترەمپی باوک ژیانێکی پڕ خۆشی بۆ منداڵەکانی دروستکردبوو، لە خوێندنی تایبەتدا داینان و هەمیشە ئۆتۆمبێلیان لەبەردەستدابووە، ماڵەکەی منداڵیی ترەمپ کە دواتر بە نزیکەی 3 ملیۆن دۆلار فرۆشرایەوە، لە 23 ژوور پێکهاتبوو، لە کاتێکدا ئەندامانی ماڵباتەکە ژمارەیان تەنیا حەوت کەس بوو.

دۆناڵد، کوڕی چوارەمی ماڵەکە بوو، فرێدی برا گەورەی، وەک کاپتنی فڕۆکەوانی کاریدەکرد، بەڵام کحولخۆرەوەیەکی عەجایب بوو، لە تەمەنێکی زوودا بەهۆی مەیەوە گیانیسپارد، ئەوە هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئیدی دۆناڵد، هەرگیز بەلای مەیدا نەچێتەوە.

خوشکەکانی دۆناڵد، ماریان و ئیلیزابێس، یەکەمیان بووە دادوەری دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا، دووەمیشیان بووە سکرتێری کارگێڕی، هەرچی رۆبێرتی برا بچووکە، هاوشێوەی دۆناڵد و باوکی، روویکردەوە بواری بزنس.

ماڵباتی دۆناڵد، بە ئۆتۆمبێلەکانی کادیلاک بەناوبانگبوون، هەموو دراوسێکانیان باسیان لە ژیانی خۆش و ماڵە گەورەکەی ئەوان دەکرد، لە ڤێلاکانی جامایکا لە گەڕەکی کوینزی شاری نیویۆرک. کادیلاکەکانی ماڵباتەکەی ترەمپ، ئەوکات ژمارەی تایبەتیان لەسەر پیتی ناوی ئەندامانی خێزانەکە لێدەبەسترا.

هاوڕێکانی منداڵی، ئەویان بە 'دۆنی' و 'ترامپێت' ناونابوو، ئەمەش بە ئیلهام وەرگرتن لە ئامێری مۆزیکی 'کەڕەنا' بەهۆی پرچە هەمیشە هەڵفڕیوەکەی ئەوەوە. هاوڕێکانی منداڵیی ئەویان بە "منداڵێکی خاوەن هەستی تێکەڵ لە نێوان نەرم و خۆبەگەورەزان"دا ناوبردووە، هەندێکیان پێیانوایە دۆناڵد، منداڵێکی سەربەگۆبەند بووە.

دۆناڵد لەگەڵ هاوڕێکانی قوتابخانەکەیدا لە قوتابخانەی 'کیو فۆرست' بە یارییە وەرزشییەکان و چاوبەستەکی ناسرابوو، بەڵام دەمارگیربوو بۆ بیرۆکەکانی خۆی، دانی بەهەڵەکانیدا نەدەنا، لەوکاتەوە بەوە ناسراوە، چی بەمێشکیدا بێت، بێ دوودڵی دەیڵێت.

منداڵە سەر بەگۆبەندەکەی کۆڵان

سەربەگۆبەندی و حەزی گۆڕانکاری و دەرکەوتن بەجیاوازی، ترەمپی بچووکیان کردبووە سەردەستەی لاوەکانی گەڕەکەکە، ئەو هەمیشە ئاراستەی هاوڕێکانی دەرکرد بۆ نانەوەی گۆبەندی جیاواز.

سەربەگۆبەندییەکانی دۆناڵد، رەنگدانەوەی لەسەر هاوتەمەنەکانی خۆی لە گەڕەکەکەدا هەبوو، ئەوان فێربووبوون پایسکلیان بە خێرایی لێدەخوڕی و لە نێوان خۆیاندا پێشبڕکێیاندەکرد، قەرەباڵخییان دروستدەکرد و بەردەوام دەجووڵان، جارێک ژنە دراوسێیەک سکاڵای لای باوانیان لێکردن، گوتی ئەوان بەخێرایی پایسکلیان لێخوڕیوە و پەلاماری گەنجێکی رێبواری کۆڵانەکەیان داوە.

هەر زوو جۆرێک لە هەڵسوکەوتی تایبەت لە دۆناڵد ترەمپدا دەرکەوت، کاتێک گەیشتە تەمەنی لاوی، دەگوترێ ئەوکات نەرگسی و کاریزمایی و ویستی خۆدەرخستنی هەبووە، کاتێک بەسەر هاوتەمەنەکانیدا پۆزی لێدەدا، هەستی بە دڵخۆشی دەکرد.



ترەمپ و هاوڕێکانی


هەڵسوکەوتە لەخۆباییەکانی، هۆکاربوون بۆ ئەوەی هەر زوو بەشێکی بەرچاوی هاوپۆلەکانی لێی بتەکنەوە، جارێک بۆکسێکی لەژێر چاوی مامۆستای میوزیکی قوتابخانەکە دا، پێیگوتبوو تۆ هیچ لە میوزیک نازانیت، زۆرجار بەهۆی ئەو کارانەوە لە خوێندنگە سزا دەدرا.

هاوڕێکانی گوتویانە، ئەو تووندوتیژبووە لە کاتی یارییەکاندا، هاوڕێکانی بەپرچیان رادەکێشا و لەسەر زەوی پاڵیدەخستن، زیاتر لە جارێک لە پۆلدا پشێوی ناوەتەوە، لە گەڕەکیشدا سەرچاوەی ئاژاوە بووە.

گەنجە باڵابەرزە سەرکێشەکە

دۆناڵد هەرزوو باڵابەرزتر و کەتەتر لە هاوتەمەنەکانی دەرکەوت، ئەوە هێندەی دیکە متمانەی لا دروستکرد بە کەسایەتی خۆی. کاتێک لە یاری بیسبۆڵدا دەدۆڕا، دۆڕانی پێ هەزم نەدەکرا و زۆرجار داری بەیسبۆڵەکەی دەشکاند.

هەندێک لە هاوڕێکانی ئەو گێڕاویانەتەوە، کە ئەو لە تەمەنی 12 ساڵیدا پێشەوایەتی کردوون بۆ گەشتێک بە شەمەندەفەر بۆ ناوچەی مانهاتن، ئەو هانی هاوڕێکانیداوە ئەو گەشتە بکەن و نەیهێشتووە هیچ کامیان پرس بە ماڵباتەکەی بکات، تەنانەت بۆخۆپارێزی لەو گەشتەدا، هەندێک کەلوپەلی وەک چەقۆی شەڕیشی لەگەڵ خۆیدا بردووە، ئەو سەردەستەی هاوڕێکانی بووە بۆ گەشتە پڕ لە ئاژاوەکە و دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی هاوتەمەنی خۆیاندا، دووچاری پێکداهەڵپژان بوون.

گەشتەکەی مانهاتن بەشەڕە چەقۆ کۆتاییهات و کەسوکاری هاوڕێکانی بە رووداوەکە و پلانداڕێژەری گەشتەکەیان زانی، باوانی ترەمپ، بڕیاریاندا لە تەمەنی 13 ساڵیدا و پاش ئەوەی قۆناخی ناوەندی تەواوکرد، بینێرنە قوتابخانەی سەربازی. دیارە باوانی ئەو دەیانویست رێوشوێنە تووندەکانی ئەو فێرگە سەربازییە، کەمێک لە سەرەڕۆییەکانی کوڕەکەیان، لە قاڵب بدات.

ئەکادیمیای سەربازی و رێککردنەوەی گەنجە لاسارەکە

ترەمپ چووە ئەکادیمیای سەربازی و خۆشی لە سیستمە تووندەکەی ئەو کۆلێژە وەرگرت، ئەو خۆی بووە بەشێک لەو سیستمە کاتێک بەرپرسیاریەتی هۆڵی نیشتەجێبوونی خۆی و هاوڕێکانی وەرگرت، لەو بنکە سەربازییەی لە ناو ئەکادیمیاکەدا لێی دەحەوانەوە.

هاوهۆڵەکانی ترەمپ، باس لە تووندییەکانی ئەو لەو سەردەمانەدا دەکەن، بەشێوەیەک کە بێڕەحمانە بەرامبەر هاوڕێکانی مامەڵەی کردووە، هیچ سۆزێکی بۆ بیرکردنی کەسوکارەکەی پێشان نەداوە، تەنانەت بەدرێژایی هەموو ساڵانی خوێندن لە ئەکادیمیای سەربازی، بۆ تەنیا جارێکیش سەردانی کەسوکارەکەی نەکرد.

ماری ترەمپ، برازاکەی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئەو چێژی لەو چواردەورە وەردەگرت کە لە کۆلێژە سەربازییەکەدا، دەوری ژیانی ئەویاندابوو.



ترەمپ لە ئەکادیمیای سەربازیدا


هاوڕێ دێرینەکانی ترەمپ، گوتویانە، ئەو لە رۆژانی خوێندن لە ئەکادیمیا سەربازییەکە، چەندین میدالیای جیاوازی سەرکەوتنەکانی بەدەستهێناوە. روونیانکردووەتەوە زۆرجار لە کۆتاییەکانی هەفتەدا، فرێدی باوک بۆ سەردانی کوڕەکەی دەهات و پێکەوە دەچوونە دەرەوە بۆ ئێوارەخوانێک، بەڵام زۆر دەگمەن بینراوە دایکی سەردانی بکات.

هەندێکی دیکەیان گوتویانە، دۆناڵد بە منداڵی زۆرجار باسی باوکی دەکرد، دووپاتیدەکردەوە کە هەمیشە هانیدەدا ببێتە 'پاشا' و 'پیاوکوژ'، بەڵام هەرگیز باسی دایکی نەدەکرد.

هەموو شتێک گۆڕا، تەنیا خووەکانی ترەمپ نەبێت

لە ئەکادیمیای سەربازی، ترەمپ هەر زوو لەوە تێگەیشت کە مامۆستاکانی زۆر بە تووندی مامەڵە دەکەن، ئەگەر هەڵە بکات بە تووندترین سزا، بەرپەرچی دەدەنەوە، هەندێکجار لە قوتابییەکان دەدەن، ئەگەر ناچاربن. سیستمی قوتابخانەکە سیستمێکی رێککارییانەی تەواو هەڵسوکەوتی قوتابییەکانی دەگرتەوە، خواردن بە کۆمەڵ و دیاریکراو و بەرنامەرێژ بوو، هەموو شتێک کاتی خۆی هەبوو، ئەوە سوودی زۆری بە ترەمپ گەیاند.

تەواوکردنی خوێندن لەو ئەکادیمیایە، گۆڕانکاریی زۆری لە کەسایەتی ترەمپدا دروستکرد، بەتایبەت لە هەڕەتی لاویدا، ئەوی لە گێرەشێوێنەکەی گەڕەکەوە کردە گەنجە ئارام و رێککارەکەی گەڕەک، بە بەرگی سەربازییەوە بەشداری لە نمایشە سەربازییەکاندا دەکرد، تەنانەت بەهۆی رێککارییەکانییەوە پلەی نەقیبی پێدرا.

وێڕای رەنگدانەوەی پۆزەتیڤی خوێندنی سەربازی لەسەر ترەمپ، بەڵام ئەو نەیتوانی واز لە ئاوەزە هەڵگێڕ و وەرگێڕەکەی خۆی بهێنێت، جارێک بە مقەست هێرشی کردە سەر هاوڕێیەکی لەکاتی دەمەقاڵەیاندا، جارێکی دیکەش پاڵی بە هاوڕێیەکییەوەنا بۆ ئەوەی لە پەنجەرەیەکەوە فڕێبداتە خوارەوە لە نهۆمی دووەمەوە. هەردوو هەوڵە شەڕەنگێزییەکەی ترەمپ لەلایەن هاوڕێ خوێندکارەکانییەوە پووچەڵکرانەوە.

ساڵی 1968 لە کاتێکدا ئەمریکا لە جەنگێکی خوێناویدا بوو لە ڤێتنام، ترەمپ مۆڵەتی دواخستنی چوار ساڵ خوێندنی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەوکات بەشیاو بۆ ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی دانرا و ئەنجوومەنی سەربازیی ناوخۆیی شارەکەی، ئەویان بۆ چوونە بەرەکانی جەنگ دەستنیشانکرد، بەڵام ئەو لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، بەبیانووی پێداچوونی بزمار بەژێر پێیەکانی، کە بووەتە هۆکاری کێشە دروستکردن لە رێڕۆیشتنیدا، خۆی لەو خزمەتە دزییەوە.

ترەمپ کە ئێستا لە تەمەنی سەرووی حەفتا ساڵیدایە، ئێستاش هەندێک لەو خووانەی گەنجایەتی و ویستەکانی ئەوکاتی تێدا ماوە، لەوانەیە هێرشە بەردەوامە شۆکهێنەرەکانی بۆ سەر رکابەرەکانی، نموونەیەکی زیندووی مانەوەی ئەو خووە کەسییانەبێت لە کاراکتەری ئەودا.

ئەو گەنجەی لەژێر داروپەردووی مایەپوچبوونی نیویۆرکەوە سەریهەڵدا

لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا، لە شاری نیویۆرک، تەنگژەیەکی گەورەی دارایی سەریهەڵدا، شارەکە بەڕۆژانێکی رەشی بێوێنەدا گوزەری دەکرد، تاوان و هۆشبەر و شارەکەیان هەڵپێچابوو، تەنگژە داراییەکە نیویۆرکی لە مایەپووچبوون نزیککردەوە، هەژاری و تاوان، دیارترین هەواڵەکانی ئەو رۆژانەی شارەکە بوون. 

ئەستێرەی ترەمپ، وەک گەنجێکی لێهاتوو لە نێو ئەو رۆژە تاریکانەی شارەکەدا درەوشانەوە، ئەو وەک بزنسمانێکی گەنج، کە ناوی ماڵباتە دەوڵەمەندەکەی خۆی هەڵگرتبوو، دەرکەوت. دۆناڵد هەروەها لەگەڵ خەونەکانی باوکیدا هەنگاوی دەنا، کە ویستی دەوڵەمەندی و سەرکەوتنی زیاتری هەبوو. ترەمپ حەزی گەورەی بۆ دانانی شوێنپەنجەی خۆی لە بازاڕی خانووبەرەی ناوچەی مانهاتندا لەکۆڵ نابوو. تەنگژە گەورەکانی دارایی شارەکەی قۆستەوە، بۆ ئەوەی دەستەوارەی یەکێک لە گەورەترین هوتێلەکانی شارەکە بەدەستبهێنێت، هوتێلێک ئەوکات بەدەست پشتگوێخستن و لەبیرکردنەوە دەیناڵاند.



ترەمپ لە سەردەمی گەنجێتیدا


خەونە بزنسییەکانی ترەمپ، پێویستی بەهاوکاریی سیاسی هەبوو، باشترین کەس لەو هەنگاوەدا، رۆی کون، سیاسەتڤانی دیموکراتی مشتومڕهێنی ناوچەی مانهاتن بوو. ئەو بووە رێگەخۆشکەر بۆ دۆناڵد تاوەکو بەهەموو قورسایی خۆیەوە بێتە ناو بازاڕی ناوچەکە و شارەکەشەوە. 'کون' هێندە کاریگەریی لەسەر دۆناڵد هەبوو، هەندێک پێیانوایە کاریگەرییەکانی لە کاریگەریی ترەمپی باوک زیاتر بووە لەسەری.

ترەمپ، پارەیەکی گەورەی لە شارەوانیی شارەکە چنگخست بۆ نۆژەنکردنەوەی هوتێلەکە، ئەوە سەرەتای پرۆژە گەورە و مشتومڕ دروستکەرەکانی ئەو بوون، بەشێکی زۆری پرۆژەکانی داهاتووی ئەو شکستیان هێنا و ئەویان دووچاری زیان کردەوە.

ئەوانەی کاریان لەسەر ژیننامەی ترەمپ کردووە، دەڵێن ئەوە کون بوو ترەمپی فێرکرد هەمیشە هێرشبکاتە سەر دوژمن و رکابەرەکانی، هەرگیز دان بەهەڵەکانی خۆیدا نەنێت، تەنگژەکانی چواردەوری بخاتە خزمەتی خۆیەوە، بەخێرایی هەڵسەنگاندن بۆ بەهای هەر کەسێک بکات کە چاوی پێیدەکەوێت و زووش لە بەرامبەریدا بوەستێتەوە.

ناپاکیی هاوژینی لەسەر پەڕی رۆژنامەکان

لە دۆکۆمێنتاری "The Choice 2020: Trump vs. Biden" کە ئەمساڵ لەسەر هەردوو بەربژێرەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەرهەمهێنراوە، ئاشکرایکردووە کە ترەمپ هەر لە گەنجییەکی زووەوە ناوی بە نمایشکارەکانی جلوبەرگەوە لکاوە، ئەو سێجار هاوسەرگیری کردووە و هەرسێ جارەکە، هاوسەرەکانی نمایشکاری جلوبەرگ بوون، یەکەمیان 'ئیڤانا' کە ساڵی 1977 هاوسەرگیری لەگەڵدا کرد، ئەو رۆڵی گەورەی هەبوو لە بەرزکردنەوەی ناوی ترەمپ لە دونیای بزنس و پارەدا لە نیویۆرک.

جەنگی ترەمپ و ئیڤانا بەهۆی ناپاکیی ترەمپەوە کەوتنە سەر پەڕی رۆژنامەکان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا. چیرۆکەکە بووە یەکێک لە گەورەترین چیرۆکەکانی ناپاکیی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی خێزان بەهۆی ناپاکییەوە، ئەو رووداوە خزمەتی زۆری ترەمپی کرد لە زیاتر ناسین و دەرکەوتن لەسەر ئاستی میللیدا، چ لە شاری نیویۆرک و چ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەگشتی.

هێرشکردنە سەر سپیپێستێک

هەمان بەڵگەفیلم چەندین لێدوانی تەلەڤزیۆنیی ترەمپی تێدا هاتووە کە لە ماوەی جیاواز جیاوازدا، دووپاتیدەکاتەوە ناچێتە ناو پێشبڕکێی کۆشکی سپییەوە. وێڕای ئەوەش بزنسمانە ئەمریکییەکە لە رووداوەکانی ناو کۆمەڵگاکەیەوە دوور نەبوو لە نیویۆرک، ئەو لە ئەمریکا دەژیا و قسەی لەسەر هەندێک رووداوی دیاریکراو هەبوو، هەندێک لە دەستتێوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆ، تووڕەیی زۆری ئەمریکییەکانی بەدوادا هات.

یەکێک لەو رووداوانە، دۆسیەی دەستدرێژییە بۆ سەر ئەمریکییەکی سپیپێست لە باخچەی سێنتراڵ پارک لە نیویۆرک لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، لەو کارەدا 4 ئەمریکی رەشپێست تۆمەتبارکران. سزای بەندکردنی درێژ بۆ هەر چواریان دەرچوو، ئەوان برانە زیندان و ساڵانێکی زۆر لەوێ مانەوە، بەرلەوەی بێتاوانیی ئەوان بسەلمێت.



ترەمپ و مارلا مابلزی هاوڕێی


لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا، ترەمپ هاتە ناو بابەتەکەوە، لە یەکێک لە رۆژنامەکاندا، بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و داوایکرد تاوانبارەکان بە تووندترین شێوە سزا بدرێن. ئەوەی ترەمپ کردی، لای زۆر کەس بە پەرچەکرداری رەگەزپەرستانە لێکدرایەوە، تەنانەت ماری برازای ترەمپ، لە بەڵگە فیلمەکەدا ئەوە بەبیردەهێنێتەوە کە لە ماڵی باپیرەیدا هەستی رەگەزپەرستی بەرامبەر رەشەکان زۆر باڵا بووە، لە کاتێکدا زۆر رەشپێست لەو ماڵەدا وەک خزمەتکار کاریان دەکرد.

ئەو پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییانەی خزمەتی ترەمپیان کرد

ئەو کەسانەی لەبارەی کەسایەتی و نهێنییەکانی ژیانی ترەمپەوە قسەیان کردووە، زۆرینەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە بزنسمانە گەنجەکە، لە زۆرێک لەو پرۆژانەدا کە ئەنجامیدەدان، شکستیدەهێنا و زیانی دەکرد. ئەوان دووپاتیدەکەنەوە کە ترەمپ زیانەکانی خۆی دەشاردەوە و نەیدەهێشت نهێنییەکانی بڵاوببێتەوە، بەتایبەت کە ئەو ساڵانێکی زۆر بەرلەو زیانانە، شانازی بە سەرکەوتن و دەستکەوتە داراییەکانی خۆیەوە دەکرد.

ئەوەی کە ترەمپی لەژێر داروپەردووی ئەو شکستە دارایی و درەوشانەوانەدا رزگار دەکرد. ئەو پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییانەبوون کە ئەو تێیاندا دەردەکەوت و بەرهەمیدەهێنان و سەرپەرشتیدەکردن. ترەمپ ساڵانێکی زۆر بەرهەمهێنەری گەلێک لەو پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییانەی ئەمریکا بوو کە بەگشتی پێشبڕکێ و رکابەرییان تێدابوو لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەو پرۆگرامانە هەم سەرنجی زۆری خەڵکی رادەکێشا، هەم داهاتی باشی لە کۆمپانیاکانەوە دەهێنا، هەم ناوبانگێکی باشی بۆ ترەمپ دەستدەخست بەهۆی دەرکەوتنی وەک ناوبژیوان و بڕیاردەر لە پرۆگرامەکاندا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق