هاوسەرۆکی یەکێتی جەختدەکاتەوە لەوەی کە سیاسەتیی نوێی حیزبەکەی بەرپرسیاریەتیی و خزمەتکاریی خەڵکە و دەڵێت، چیتر رێگەنادرێت بەناوی یەکێتییەوە کادر و لێپرسراو، یەکێتی بۆ مەرامی شەخسی بەکاربێنێت. بافڵ تاڵەبانی هەروەها رایدەگەیێنێت، کەمتەرخەمیی لەھیچ کەسێک لەبەرامبەر خزمەتکردنی سلێمانی قبوڵناکرێت.
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی 22-10-2020 لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەگەڵ مەڵبەندی سلێمانیی ئەو حیزبە کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سیاسیەتی نوێی یەکێتی بۆ کاری رێکخراوەیی و پێداچوونەوە بەکۆی جومگەکان و ئاڕاستەسیاسی و خزمەتگوزارییەکان خستەڕوو و بەئاماژەدان بەوەی رێکخستنەکانی یەکێتی بڕبڕەی ئەو نوێبوونەوەن رایگەیاند، کادری یەکێتی دەبێت کادری بەرپرسیار و نەوعی و خزمەتکار بێت و یەکێتی بێت بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانی.
هاوسەرۆکی یەکێتیی لە هەمانکاتدا هۆشداریی دا و رایگەیاند، چیتر رێگەنادرێت بەناوی یەکێتییەوە کادر و لێپرسراو لەسەر ئاستی حیزبی و حکومی، یەکێتی بۆ مەرامی شەخسی بەکاربێنێت. بۆیە بەپێویستی دەزانێت، کادری یەکێتی و نوێنەرەکانیان لەحکومەت "خزمەتکاری راستەقینەی ھاووڵاتی بن و بەرپرسیاربن بەرامبەر داوکاری و خواستەکانیان".
بافڵ تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی کرد و گوتی، کەمتەرخەمی لەھیچ کەسێک لەبەرامبەر خزمەتکردنی سلێمانی قبوڵناکرێت. هاوسەرۆکی یەکێتیی لەوبارەوە هۆشداریی دایە نوێنەرەکانیان لە حکومەت و گوتی، سلێمانی سەنتەری گۆڕانکاریی و خزمەتکردن و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی زیاتردەبێت و "نوێنەرەکانیشمان لەحکومەتی خۆجێیی راسپاردووە بەگڕوتینێکی نوێوە خزمەتبکەن، لەمەودواش سیاسیەتی پاداشت و سزا پەیڕەودەکەین و کەسی شیاو سەرکەوتوو دەھێنینە پێشەوە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق