ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا سه‌پاند

ليست هناك تعليقات



حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌پاندنی سزا دارایی و سیاسییه‌كانی به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێراندا و نوێترینی ئه‌و كه‌سه‌ ئێرانیانه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ سزا دراوه‌، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامییه‌ له‌ شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق.

وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای نوێی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند و سزاكانیش "ئیره‌ج مه‌سجدی" باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا ده‌گرێته‌وه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق، ئیره‌ج مه‌سجدی، پۆسته‌كه‌ی خۆی به‌كارهێناوه‌ بۆ پشتیوانیكردن له‌ میلیشیا عێراقییه‌كان و ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌و هێرشانه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌و میلیشیایانه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌ عێراقدا.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و بڕوایه‌دایه‌، "ئیره‌ج مه‌سجدی"، ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ پاره‌داركردنی "فه‌یله‌قی قودس"ی سوپای پاسدارانی وڵاته‌كه‌ی، كه‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك هێزێكی "تیرۆریست" ده‌یناسێنێت.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و سزایانه‌ی سه‌ر باڵیۆزه‌كه‌، ئه‌مه‌ریكا سزای دارایی به‌سه‌ر سێ دامه‌زراوه‌ی ئێرانیدا سه‌پاندووه‌، ئه‌وانیش: دامه‌زراوه‌ی "بیان رسانه‌ كستر" و "یه‌كێتی رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی ئێران" و "یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی میدیای گریمانه‌یی ئێرانن".

ئه‌مه‌ریكا ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئێرانیانه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن. دووان له‌و دامه‌زراوانه‌ش ئه‌مه‌ریكا پێی وایه‌ سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێرانن.

هاوكات ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، كۆماری ئیسلامی ئێرانی به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تبار كرد و رایگه‌یاند، ئێران هه‌وڵده‌دان سه‌قامگیری ئه‌مه‌ریكا بشێوێنێت.

سه‌رچاوه‌: رۆیته‌رز




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق