سزایان بەسەر ڕووسیاداسەپاند

ليست هناك تعليقات



هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا و به‌ریتانیا سزایان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاند و مۆسكۆش تۆمه‌ته‌كانی ره‌تكرده‌وه‌.

ئه‌و دوو لایه‌نه‌ رووسیا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ هێرشی ئه‌لیكترۆنی كردووه‌ته‌ سه‌ر په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا له‌ (2015) و هه‌روه‌ها له‌ (2018)شدا هێرشی ئه‌لیكترۆنی كردووته‌ سه‌ر رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كیی كیمیایی.

به‌ گوێره‌ی سزایه‌كه‌، به‌رپرسانی هه‌واڵگری سه‌ربازی رووسیا و سه‌نته‌ری ئۆپراسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی رووسیا، سزا ده‌درێن و لێیان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت بچنه‌ خاكی یه‌كێتی ئه‌وروپا و به‌ریتانیا.

ئه‌نجوومه‌نی یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاندووه‌، هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی سه‌ر په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك سیستمی په‌رله‌مانی په‌كخستووه‌. ئیمه‌یڵی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و ته‌نانه‌ت راوێژكاری ئه‌ڵمانیاش هاك كراوه‌.

یه‌كێتی ئه‌وروپا، رووسیای به‌وه‌ش تۆمه‌تبار كردووه‌، كه‌ هه‌وڵیداوه‌ دزه‌ بكاته‌ ناو تۆڕی وای فای رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی، كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ هۆڵه‌ندایه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و به‌ریتانیا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر رووسیا. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئاشكرایانكرد، ژماره‌یه‌ك هاككه‌ر به‌ پشتیوانی رووسیا هه‌وڵیانداوه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ ناو كۆمپیوته‌ری ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و له‌ دوو هه‌وڵیشدا سه‌ركه‌وتووبوونه‌.

نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی و وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا رایانگه‌یاند، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی رووسی شاره‌زا له‌ هاك كردن، ده‌یان كۆمپیوته‌ری حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و تۆڕی فڕۆكه‌وانیان كردووه‌ته‌ ئامانج و هێرشی ئه‌لیكترۆنیان كردوونه‌ته‌ سه‌ر.

به‌ گوێره‌ی زانیاری ئه‌و دامه‌زراوانه‌ له‌ مانگی ئه‌یلوولی رابردووه‌وه‌، هێرشی چڕیان له‌ لایه‌ن هاككه‌ره‌ رووسه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر و له‌ دوو هێرشدا توانراوه‌ دزه‌ بكرێته‌ ناو كۆمپیوته‌ره‌كان و زانیارییه‌كانیان بدزرێت.

رووسیا پێشتر چه‌ند جارێك تۆمه‌تی ئه‌مه‌ریكای سه‌باره‌ت به‌ هێرشی ئه‌لیكترۆنی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق