ترەمپ بۆ لایەنگرەکانی: حەزدەکەم هەمووتان ماچ بکەم

ليست هناك تعليقات



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا بە لایەنگرەکانی گوت، حەزدەکەم بە تووندی هەمووتان ماچ بکەم، بەژن و پیاوەوە.

ترەمپ، دوێنێ دووشەممە، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی فلۆریدا کرد و گوتی: "هەست بە هێزێکی زۆر دەکەم، دەمەوێت هەمووتان ماچ بکەم، بە ژن و پیاوەوە". ئەمە ئاماژەیەکی نوێی ترەمپ بوو لە چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا، کە پێشتر تووشی بووبوو و بەهۆیەوە، دوو رۆژ لە نەخۆشخانەی والتەر رێد مایەوە، بەرلەوەی بگەڕێتەوە کۆشکی سپی و دەست بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بکاتەوە، لەپێناو بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکایەتی وڵات، بۆ دووەمجاری لەسەریەک.

ترەمپ بەشداری لە کۆبوونەوەی لایەنگرەکانیدا کرد لە ستانفۆرد لە ویلایەتی فلۆریدا و نزیکەی 7 هەزار کەس ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

ویلایەتی فلۆریدا، یەکێکە لە زیانمەندترین ویلایەتەکانی ئەمریکا، بەهۆی کۆرۆناوە و راپرسییەکانیش لەو ویلایەتە، پێشکەوتنی جۆ بایدن بەسەر رکابەرە کۆمارییەکەیدا دەردەخەن.

ئەو ویلایەتە بە یەکێک لە ویلایەتە "دوو دڵەکان" دادەنرێت، واتە هیچ ئاراستەیەکی حیزبیی دیاریکراو بەسەریدا زاڵ نییە و لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە، دەنگدانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەبەربژێرەکان لە نێوان هەردوو پارتی سەرەکیی وڵاتدا دەگۆڕێت، هەر ئەوەش وایکردووە فلۆریدا بەگۆڕەپانێکی گەورەی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو بەربژێری سەرەکی سەرۆکایەتی دابنرێت، لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی ئەو ویلایەتە.

ترەمپ، هێرشی کردە سەر ئەنجامدەرانی راپرسییەکان و گوتی پێوەری راستەقینەی پشتگیریکردنی خەڵک بۆی، ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەیە کە خەڵک ئامادەی دەبن بۆ پشتگیریکردنی.

ترەمپ گوتی: "ئەو راپرسییانە بەڕاست دەزانن؟ پیاوەکەی دیکە (مەبەستی جۆ بایدن)ە، دێتە ئێرە و پاش کارکردن و کارکردن و کارکردنێکی زۆر، تەنیا 30 کەس لە کۆبوونەوەکانیدا ئامادە دەبن".

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەکرێن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای وڵات و بەربژێری کۆمارییەکان، رکابەریی جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات دەکات، بۆ بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتیی وڵات.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif