ڕەوشت محمد: خودایە لێم مەگرە، نازانم چۆن خۆشمبوێی

ليست هناك تعليقات


ڕەوشت محمد
-
هەر بەڕاستمە
نازانم چۆن خۆشمبوێى
خۆت دەزانى مرۆڤ کورت و کۆرە
بۆ ئەوەى خۆشەویستى بکا
بێدەنگ دەبێ.. دەگرى، هاواردەکا..
دەداتە کێو، یا کونجى ژوورێک بەرنادا
خۆت دەزانى مرۆڤ کە خۆشەویستى دەکا
لە دین وەردەگەرێ، دونیا توناوتوون دەکا
خەیاڵى دەتەقێ قسەى پڕ و پووچ...
سەد ویەک جۆر وڕێنە دەکا
بێ ئومید دەبێ، خۆى دەسڕێتەوە
دڵ کارى خۆتە، دەزانى وەختێ تووش دەبێ
ئیتر سەروکارى خەراب دەبێ
بە هیچ قانوونێ لینادا
ڕێگاکان ناناسێتەوە
ئاقڵانە ناجوڵێتەوە
نابیستێ
نا..

بەڕاست چۆن تۆم خۆشبوێ
لەکام لەو رێیانەوە بێم؟
رێگاکانى ناونیشانى تۆیان لەسەردان نراوە
هەریەکە کەسێکى نەنانس و خراپگۆ و
پەست و تووڕە پاسەوانى دەکا
لە هەر رێگایە و جۆرێک تاریفت دەکەن
ناگەیتەوە بە دڵى من، نا..
هەریەکەو جۆرێ لێت دەگێڕێتەوە
هەریەکەو دەتباتەوە سەرچاوەیەک
یەکێ دەتباتەوە سەر باخ
یەکێ لاى گڕ
هەریەکە زمانێ
هەریەکە ماڵێ
.
.
خوایە لێم مەگرە
لەبەر ئەوەى هیچت لەبارەوە نازانم
نازانم چۆن خۆشمبوێى..!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif