خۆشەویستی بۆ فێربوون

ليست هناك تعليقات


نەجمەدین حاجی
-
کە دێینە سەر باسی فێرکردن و فێربوون، تێدەگەین کە ئەوە پرۆسەیەکی ئینسانیەو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مەعریفەو هوشیاری تاکی مرۆییەوە هەیەو، کاریگەر دانەری تەواوە لەسەر دونیابینى و جۆری ژیان و گوزەرانی مرۆڤ لەم سەرزەمینەدا.

خودی فێرکردن میکانیزمێکە بۆ گەیشتن بەقۆناعی فێربوون، بۆخۆی فێربوونیش بریتیە لەو تێگەیشتنە مرۆییەی کە بۆ شتەکان هەیەتی و دەستی کەوتوە یان پێگەیشتوە بە شێوەیەکی گونجاو و زانینی پەیوەندی نێوان شتەکان لەسەربنەمای بەڵگەکاری یان ئەزموون کاری.

هەر بۆیە لاکردنەوەیەکی سەردەمیانە لەچەمکی فێربوون وەک پرۆسەیەکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی بە یەکێک لە ئەدگارە ئینسانی و کۆمەڵایەتیەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی هۆشیار دێتە هەژمار.. چونکە بونیادی مەعریفی و زانستی و گشت بوارەکانی تری کۆمەڵگەی مرۆیی لەسەر بونیاد دەنرێت. و گەشەو پێشچونەکان وابەستەن بە ئاستی باڵایی و پێشکەوتنی جۆرو میکانیزمەکانی ئەو پرۆسەیەوە.

پرۆسەی فێرکردن و فێربوون پرۆسەیەکە بەهایەکی تایبەتی پێدراوە لەلایەن فەیلەسوفان و بیرمەندان و تەنانەت پەیامبەرو چاکسازە کۆمەڵایەتیەکانەوە، چونکە هەردەم بە رێو شوێنێکی ئەرێنی و باش زانراوە و دانراوە بۆ چاوکرانەوەی مرۆڤ و گەرانەوەی مرۆڤ بۆ بیرو عەقڵ و عەقڵکەرایی.. و دوورکەوتنەوە لە نەزانی و تێنەگەیشتن و کاڵفامی..

وەپێش هاتنی ئیسلام خوێندن فێرکردن بەپارە بووە بەڵام بەهاتنی ئیسلام و گرنگی دانی پێغمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەربێت)بەو بوارە فێرکردن بووەتە خۆڕای و مزگەوتەکان سەرچاوەی فێرکرنی زانست وزانیاری بوون لەژێر دەسەڵاتی ئیسلام و موسڵمانناندا.

ئەوەی جێی سەرنج وتێڕامانە زانایان وشاعیرانی ئەم میللەتە لەکۆندا دەیان لادێ و شاروووڵاتیان بڕیوەو تێدەپەڕاندوە بۆ دەستکەوتنی زانست وزانیاری بەهۆکاری خۆشەوستیان بۆ فێربوون.کەچی لەئێستادا دەیان زانکۆو سەدان پەیمانگاو هەزارەها خوێندنگە هەن کەچی خۆشەویستی وهەوڵدان بۆ خوێندن وفێربوون بوونی نی یە جێی بایەخی خەڵک و کۆمەڵگە نی یە.

ئەمەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە کە پێم وایە پلان و خەیاڵی بەناو حکومەتی کوردی ویستوویەتی کردوویەتی بەمەشغوڵ کردن وبەلاڕێدابردنی کۆمەڵگە بەرەوئاقارو گێژاوێکی نادیار ، درووست کردنی چینایەتی بەپلان وبەرنامەی داڕێژراو تەرخان کردنی سەرمایەی پێویست بۆ ئیفلیج کردنی پرۆسەی خوێندن و نەهێشتنی حەزی خوێندن وخوێندەواری لەکۆمەڵگەدا، یەکەم هەنگاویش کەجێ بەجێ کردووە،شکاندنی شکۆی مامۆستا بووەو پاشان دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆوپەیمانگاکان، ئەمە لەکاتێکدا دامەزراندن بۆ بوارەکانی سەربازی و هێزی داپڵۆسێنەر کەتەنها لەووڵاتە دکتاتۆرەکاندا بوونی هەیە بەردەوامە، بۆیە جێی خۆیەتی لەئێستا دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم میللەتە ئاوڕێکی جدی بدەنەوە لەم مەسەلەیەکەپەیوەستە بەژیان و پێش کەووتنی هەموو کۆمەڵگەیەک.ئەویش پشت بەستن بەشارەزایان و کەسانی ئەکادیمی و دڵسۆزانی خوێندن و خوێندەواری کە چیدی لەوەزیاتر دوورکەوتنەوە لەبواری فێرکردن ڕوونەدات وەخۆشەویتسی بۆ فێربوون وخوێندەواری بگەڕێتەوە..

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif