ململانێی زلھێزەکان و مەترسیەکانی لەسەر کوردستانی عێراق

ليست هناك تعليقات


 جەلال جەوهەر
-
بەشى شەشەم:
شەڕو ململانێی چوار سەدەی نێوان دەوڵەتی عوسمانی وسەفەوی، کوردستان و میللەتی کوردیان کرد بە دو بەش، لە دوای مۆرکردنی پەیمانی ساڵی(1639ز) لە نێوان سوڵتان مورادی عوسمانی، و شا عەبباسی دوەمی سەفەوی، سنوری ئەو دو دەوڵەتە دەستنیشانکرا و بێ گۆڕین مایەوە تا ساڵی (1918ز).
بەم جۆرە کوردستانیان کرد بە دو بەش، بەشی رۆژهەڵات کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەفەویەکان، و بەشی باکورو باشورو رۆژئاواش کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان.

بەهۆی شکست و روخانی دەوڵەتی عوسمانی و هاوپەیمانەکانی لە جەنگی جیهانی یەکەم (1914- 1919)، بەشی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان بەپێی ڕێکەوتنی لۆزان (1923ز) دابەش کرا لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و هاوپەیمانانان، بەسەر سێ دەوڵەتی نوێدا، کە بریتی بون لە تورکیای نوێ (کەمالی)، عێراقی عەرەبی و سوریای عەرەبی. لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراقی عەرەبی، و لکاندنی رۆژئاوای کوردستان بە سوریای عەرەبی، گەورەترین پرۆسەی تەعریبکردنی کوردستان بو، کە لەسەر دەستی بەریتانیا و فەرەنسا و هاوپەیمانان لە قەڕنی بیستەم و سەد ساڵی رابردودا جێبەجێکردنی کرا.

بەو شێوەیە بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەمەریکا، روسیا، و لایەنەکانی تری هاوپەیمانان، هەم پاشگەز بونەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی سیڤەر(1920ز)، کە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردی لە خۆی گرتبو، هاوکات یارمەتی تەواوی گەلانی تورک و عەرەب و نەتەوەکانی تریان کرد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، وهەمیش ڕێککەوتن لەسەر پارچەپارچەکردنی کوردستان، و دابەشکردنی میللەتی کوردو خاکەکەی بۆ سەر ئەو سێ دەوڵەتە نوێیەدا.

دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ساڵی (1988ز)، زۆرترین و گەورەترین زەرەر و زیانیان بە کورد و خاکی کوردستان گەیاند. بەریتانیا، ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت(ڕوسیا)، زۆر دوژمنکارانە وبەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارییان کردوە لە داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان، و پاکتاو کردنی میللەتی کورد لە باکور و باشور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

1/ بەریتانیاو فەڕەنسا
داگیرکەری بەریتانی هەمیشە ڕۆڵی سەرەکی هەبوە هەم لە داگیرکردنی کوردستان، و هەم لە سەرکوتکردنی جوڵانەوەی چەکداری و سیاسی و جەماوەری کوردستان لە (دە وبیست و سی و چل و حەفتا وھەشتاکانی )ی سەدەی ڕابردو ھاوشانی دەسەڵاتداران لە پارچەکانی کوردستان.
لەگەڵ دروست بونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی (1921ز)، ناڕەزایەتی و جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری بەرپا بو لە باشور، بەھۆی سارد بونەوەو خۆدزینەوە و پاشگەزبونەوەی بەریتانیا و فەرەنسا و ھاوپەیمانەکانیان لە جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر(1920ز)، لەبەر فشاری زۆری تورکیای نوێ و دەوڵەتانی ناوچەکە. بەریتانیا بۆ رازیکردنی تورکیا و ئێران و دەوڵەتەکانی تری ناوچەکە، بە هێزی ئاسمانی و پیادەی خۆی، و هێزەکانی عێراق، زۆر بە توندی ڕوبەڕوی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان وجوڵانەوەی چەکداری بوە.

لەدوای ئیمزا کردنی رێکەوتنی لۆزانیش لە ساڵی (1923ز)، ناڕەزایەتی جەماوەری و سیاسی و جوڵانەوەی چەکداری پەرەی سەند لە باکور و باشور لە دژی ئەو رێکەوتنە، و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کورد بەگشتی وەک لە رێکەوتنی سیڤەردا ھاتبو. لێرەشدا هێزەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا و تورکیا و ئێران گەلە کۆمەیان لە کورد و جوڵانەوەکەی کرد لە باکور و باشور، و زۆر بە توندی ڕوبەڕوی جوڵانەوەی جەماوەری و چەکداری بونەوە و سەرکوتیان کرد.

پەیوەندی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد و دەوڵەتان
پەیوەندی نێوان دەوڵەتان لە دۆخی سروشتیدا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و هاوسەنگ و بە ئاشکرا و بەفەرمی ڕێکدەخرێت و دەبەسترێت.
جۆرێکی تریش لە پەیوەندی هەیە لە نێوان دەوڵەتان ( یان دام و دەزگاکانی ئەمنی و سەربازی و موخابەراتی دەوڵەتان) لەگەڵ هێزی سیاسی و چەکداری نادەوڵەتی،...، بە ناهاوسەنگی و نا فەرمی و نهێنی، یان بە فەرمی و ئاشکرا ڕێکدەخرێت و دەبەسترێت.
ئەم هەمو جۆرە پەیوەندییە (یان زۆربەی هەرە زۆری)، هەم هاوسەنگ نیە، و هەمیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و وەک یەک نیە و نابێ.
سەبارەت بە پەیوەندی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد لەگەڵ دەوڵەتان، تا شەست و حەفتا و ھەشتاکانی سەدەی رابردوش دەوڵەتان بەگشتی و زلھێزەکان بەتایبەت، ئامادە نەبون و هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ئاشکرا و فەرمیان لەگەڵ جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد هەبێت، لە پێناو پاراستنی پەیوەندی و بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا. خۆ ئەگەر جۆرێک لە پەیوەندیشیان دروست کردبێت بە نھێنی، بۆ ئەوە بوە، لەکاتی پێویستدا وەک کارتێک بۆ قازانج و دەستکەوتی خۆیان و دۆستەکانیان (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) بەکاری بێنن، وەک ئەوەی کەڕویدا لە ڕێکەوتنی جەزائیری ساڵی (6/3/1975).

2/ جوڵانەوەی سیاسی وچەکداری کورد و حکومەتی ئەمەریکا
کورد و جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە باشور ئەزمونێکی زۆر تاڵیان لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا ھەیە. ئەمریکا لە ماوەی جەنگی یەکەم تاساڵی (1991ز) چەندین جار کەوتۆتە سەنگەری دژی کورد، و هاوبەشی دوژمنانی کوردی کردوە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بۆ لێدان و سەرکوتکردن و هەرەس پێهێنانی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری، و پاکتاوکردنی کورد لەسەر خاکی خۆی.
لێرەدا هەوڵ ئەدەم بە کورتی ئاماژە بکەم بە هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەمەریکا لەگەڵ کورد لە چەند سەردەم وێستگەیەکی جیاجیا:

1/ ئەمەریکا هەمیشە بەشێک بوە، لە هەمو ئەو بڕیارانەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەمەریکا، ڕوسیا،...) دەرچوە لە دژی کورد لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەم (1914-1919) وساڵانی دواتر. ئەمەریکا بەشداری کردوە لە هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر ودەرکردنی پەیمانی لۆزان (1923) و دابەش کردنی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان بۆ سەر سێ دەوڵەت (تورکیا، عێراق، سوریا).

2/ ئەمەریکا هاوبەشێکی دیاری هاوپەیمانی (بەریتانیا، فەرەنسا، یەکێتی سۆڤیەت،...)بوە لەجەنگی جیھانی دوەم لە ساڵانی (1939-1945)، لە دژی نازیەتی ئەڵمانیا و فاشیەتی ئیتاڵیا،... لە ئاستی رۆژھەڵاتی کوردستانیش؛ ئەمەریکا هاوشانی ڕوسیا وبەریتانیا پشتگیری و هاوکاری شای ئێرانیان کرد، بۆ لێدان و لەناو بردنی کۆماری مەهاباد لە 17/12/1946، لە بەرامبەر دابەشکردنی نەوتی باکوری ئێران لە رێگای کۆمپانیای نەوتی ئێران ـ یەکێتی سۆڤیەت ( الکرد والسیاسە الخارجیە الامریکیە ـ ماریانا خاروداکی ـ ێ٢٧٠).

3/ ئەمەریکا پشتگیری لە ڕێکەوتنی جەزائیری ساڵی (1975ز) کرد، لە نێوان (ێدام حسێن) و (شای ئێران) لە دژی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد لە باشور. ریچارد ھێڵمز باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئێران پێشوازی لە رێکەوتنی ئێران وعێراق کرد، وبەھەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەمدا بۆ سەقامیری لە ناوچەکە، (شۆرشی ئەیلول لە بەڵگەنامە نھێنیەکانی ئەمریکادا، ل/ ٦١و٠٦٢وریا رحمانی).
چونکە ئەمەریکا زۆری مەبەست بو ئێران نەکەوێتە بەرەی یەکێتی سۆڤیەت، وھەروەھا بۆ کەم کردنەوەی مەترسییەکانی عێراق لەسەر کەنداو و ئیسرائیل، ھاوکات بۆ ڕازی کردنی تورکیاش بو، چونکە تورکیا ھەمیشە جوڵانەوەی سیاسی وچەکداری لە باشور بە مەترسی زانیوە بۆ سەر خۆی.

4/ حکومەتی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بە گشتی ڕاستەوخۆ کۆمەک و یارمەتی ڕژێمی بەعسیان کرد لە جەنگی (عێراق- ئێران)، وجەنگی پاکتاوکردنی کورد وسوتاندن و وێرانکردنی کوردستانی عێراق لەھەشتاکانی سەدەی رابردو، ولە ساڵی (1988ز) بەتایبەت . لەوەش زیاتر(ئەمەریکا کۆمەکی ئابوری و تەکنەلۆجی عێراقیان کرد بۆ پەرەپێدانی چەکی کیمیایی و بایەلۆجی لە هەشتاکان... تەنانەت ئەمەریکا لە هەشتاکانی سەدەی رابردو ئیدارەیەکی تایبەتی لە سەفارەتەکەی خۆیان دروستکرد بو لە عێراق، تایبەت بە هاوکاری ێدام)، (الکرد والسیاسە الخارجیە الامریکیە ـ ماریانا خاروداکی ێ316)).

5/ لە ئاستی رۆژئاوای کوردستانیش؛ سیاسەتی دو رویی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان وایە، ئەمەریکا لە لایەک هاوکاری و یارمەتی کورد و پەیەدە ئەکات بۆ لێدانی داعش و قاعیدە وئەوانیتر لە رۆژهەڵاتی فورات و ناوچەکانیتر، لە لایەکیش هاوکاری تورکیا دەکات بۆ وێرانکردن و داگیرکردنی عەفرین و سەریکانی و ناوچەکانیتری رۆژئاوا.
ئاڕاستەیەک ھەیە لە ناو جوڵانەوەی کورد پێیوایە: ئەمەریکا خیانەتی لە کورد و جوڵانەوەی چەکداری کورد کردوە، وەک ئەوەی جوڵانەوەی چەکداری کورد گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکادا ھەبوبێت، و ئەمەریکا پاشگەزبوبێتەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی، بەڵام بەپێی بەڵگەنامە نھێنیەکانی ساڵانی شەست وحەفتا وھەشتاکانی سەدەی رابردوی ئەمەریکا بێت، حکومەتی ئەمەریکا خیانەتی لە جوڵانەوەی کورد نەکردوە، چونکە حکومەتی ئەمەریکا هیچ ڕێکەوتنێکی فەرمیان لەگەڵ کورد (باکور، باشور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا) نەبوە، بۆیە دروستتر ئەوەیە بوترێت: حکومەتی ئەمەریکا دوژمنایەتی گەلی کورد وجوڵانەوەکەی کردوە، وھاوشانی داگیرکەران شەڕی کوردو جوڵانەوەی چەکداری کوردیان کردوە، وهاوکاری تەواوی رژێمی بەعسیان کرد لە عێراق، لە پرسی دروستکردن وبەکارهێنانی چەکی کیمیای لە دژی کوردو جوڵانەوەی چەکداری کورد. لە پارچەکانی تری کوردستانیش حکومەتی ئەمەریکا ھەمیشە پشت وپەنای دەوڵەتەکان بوە لەدژی کورد وجوڵانەوەکەی.

ئەمەریکا کە لە ساڵی ١٩٧٢ فشاری بۆ ھات وبەرژەوەندیەکانی کەوتە ژێر مەترسی لەلایەن یەکێتی سۆڤیەت وعێراق لە ناوچەکە، بەھۆی رێکەوتنی (دۆستی وھاوکاری ـ الێداقە والتعاون) نێوان سۆڤیەت وعێراق لە ساڵی 9/4/1972، وخۆماڵیکردنی نەوتی عێراق لە 1/7/1972، وزیادبونی دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەت لە ناوچەکە، ودەرکەوتن وزیادبونی نفوسی عێراق لە ناوچەکە ولە سەر ئاستی عەرەبی، ومەترسی عێراق لەسەر ئیسرائیل وکەنداو وئێران، بۆیە ئەمەریکا قایل بو شاندی جوڵانەوەی سیاسی وچەکداری کورد ببینێت بە نھێنی، وھاوکاری ویارمەتی مادی و سەربازیان بکات(شۆرشی ئەیلول لە بەڵگەنامە نھێنیەکانی ئەمریکادا، ل/ ٢٠ـ وریا رەحمانی).


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif