کازمی: رۆژانە لەگەڵ مارەکاندا سەما دەکەم

ليست هناك تعليقات


مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆشداریدا لە ناچارکردنی بە دروستکردنی هاوسەنگییەکی 'ئەستەم' لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا، گوتی "من رۆژانە لەگەڵ مارەکاندا سەما دەکەم و بەدوای شمشاڵێکدا دەگەڕێم تاوەکو لەرێگەیەوە، کۆنترۆڵیان بکەم".

رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی، لە زاری مستەفا کازمی گواستەوە، بەهۆی ئێران و ئەمریکاوە، کەوتووەتە دۆخێکی قورسی هاوسەنگیکردنەوە، دووپاتی ئەوەشی کردەوە، حکومەتەکەی هەوڵدەدات هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەریەکە لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک گەورە بەرپرسی ئەوروپیدا ئەنجامدا.

کازمی سەرکردە ئەوروپییەکانی هاندا بۆ هاوکاریکردنی ئابووریی وڵاتەکەی کە لەژێر باری قەرزێکی زۆردایە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، وڵاتینامەی بەریتانیای هەیە و پێشتر رۆژنامەڤان بووە، رۆژنامەی گاردیان لەبارەیەوە دەڵێت: "لەوەتەی بووەتە دەسەڵاتدار، پەیڕەوی کارنامەیەکی ئاسان دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەگەڵ باشکردنی دۆخی ئاسایش و رێگرتن لە داڕووخانی ئابووری پشتبەستوو بەنەوت". ئاماژەی بەوەداوە گۆڕانکارییەکانی لە دامەزراوە ئاسایشی و ئابوورییەکاندا 'سست'ە.

کازمی لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەڵێنی دا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدات و گوتی بەوادەکەوە پابەندین. دووپاتیکردەوە هەمووکات گفتوگۆ بۆ گەیشتنە چارەسەری گرفتەکان باشترە لە بژاردەکانی دیکە، "هەزار ساڵ گفتوگۆکردن لە تەنیا یەک ساتی تەقەکردن باشترە".

بەپێی رۆژنامەی 'گاردیان' کازمی هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەدەستبهێنێت، ئەو گوتوویەتی، "من لەسەر گوریسێکم لە نێوان دوو نهۆمبڕدا، تەنیا داوام لێناکرێ بەپێ بەسەر گوریسەکەدا بپەڕمەوە، بەڵکو داواملێدەکەن بەماتۆڕسکیلێک بەسەریدا بپەڕمەوە. رۆژانە لەگەڵ مارەکاندا سەما دەکەم، بەڵام بەدوای شمشاڵێکدا دەگەڕێم تا ئاوازی کۆنترۆڵکردنی مارەکانی پێبژەنم".

لە عێراق ترسێکی زۆر هەیە لەوەی وڵاتەکە ببێتە گۆڕەپانی پێکدادانی سەربازیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، بەرلە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، پاشئەوەی واشنتن لەسەرخۆ ژمارەی هێزەکانی لە عێراقدا بۆ 5 هەزار کەمکردەوە و مانگی پێشووش، هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی کرد، ئەگەر هێرشەکانی ملیشیا پشتگیریکراوەکانی ئێران بۆسەری، رانەگیرێت.

کازمی ئاشکرایکرد لەدوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دانوستاندنی نوێ لەبارەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراقدا دەکەن.

دووپاتیکردەوە رێگە بە هیچ چەکێک لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نادات. ئەوەشی راگەیاندووە کە بێکاری، خراپیی خزمەتگوزارییەکان و گەندەڵی، پاڵنەرە بۆئەوەی گەنجان پەنا بۆ تووندڕەوی ببەن، نموونەی بە وڵاتێکی وەک کۆڵۆمبیا هێنایەوە، کە رێگەی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە تووندئاژۆکاندا دۆزیووەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق