جیاوازی ئێمە و ئەوان لەڕووداوەکەی بەغدا

ليست هناك تعليقات



فارس نەورۆڵی
-
لەوەتەی کورد هەیە و ئەوان هەن بەتایبەتی لەو کاتەوە، کە کوردستان دابەش دەکرێت بەریەککەوتن لە نێوان کورد و ئەوانی دیکەدا هەیە، ئەوان لە پێناوی سڕینەوەدا ئێمە لە پێناوی مانەوەدا، بە تایبەتی لەو کاتەوەی ئەم بەشەی جەستەی نیشتمان گرێ دەدرێ بەو فۆرمەی ناوی عێراقە، ئیتر شەڕ لە نێوان دوو ئەقڵییەتدا بەردەوامە، ئەقڵییەتێکی جەلاد و ئەقڵییەتێکی قوربانی و ئەقڵییەتێکی ملهوڕ و ئەقڵییەتێکی مرۆڤدۆست، ئاگاییەکی لێبوردە و ئاگاییەکی داگیرکەر. بۆیە پەلاماردانی لقی پارتی و سوتاندنی ئاڵای کوردستان ڕوداوێکی سەرسوڕهێنەر نییە، بەڵکو ئەڵقەیەکی نوێیە لەو ئەڵقانەی ئەقڵییەتی پێشوو کە هەوڵیاندا کوردستان بە خاک و خەڵکەوە بسوتێنن. لە بەرانبەر ئەمەدا ئاگایی کورد ئەوەندە مرۆڤدۆستانە بوو لە ساڵی ١٩٩١ دا، هەموو لەشکری ئەنفالی کەوتە بەردەست بە زەلیلی، بەڵام ئازادی کردن ئەمە جیاوازی دووئاگاییە. ئەم ڕوداوەی بەغداش پرسیارێکی فەلسەفی دەوێت پەیوەندی بەوەوە هەیە کێ حوکم دەکات؟ بە کام ئەقڵییەت حوکم دەکەن؟ ئەم فۆرمە لە حوکمکردن بە درێژایی مێژووی عيراق و ڕەفتاریان بەرانبەر بە کورد، فۆرمێکە هیچ پەیوەندی بە فەلسەفەی حوکمڕانییەوە نییە. فۆرمێک نییە لە سیاسەت، چونکە سیاسەت واتە ئیدارەکردنی کێشمەکێشەکان، بەڵام ئەم فۆرمە بەردەوام گواستنەوەی کێشەکانە لە ئاڵۆزییەوە بۆ ئاڵۆزتر.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تێزی دکتۆراکەی د. عەلی وەردی کە لەسەر سێ گریمانە داڕێژراوە یەکێک لە گریمانەکانی ئاماژە بەوە دەکات، کە کلتوری عێراقی عەرەبی کلتوری دەوارنشینییە و بەو کلتورە جیهانبینییان بنیاد نراوە. ئاماژەش بەوە دەدا کە ئەم گریمانەیە بەسەر کورد دا ناسەپێ، چونکە کورد دوور بووە لە بیابان و دەوارنشینی، بۆیە ئەو ڕووداوانەی بەغدا و سوتاندنی ئاڵای کوردستان نابێت بمانخاتە نێو دنیای سۆزو هەڵچوونەوە، بەڵکو دەبێت پاڵمان پێوە بنێت بۆ بیرکردنەوە. بیرکردنەوەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ ناو خودی کوردبوون، بیرکردنەوەیەک پرسیارمان لەلا دروستبکات ئێمە کێین؟ ئێستا لەچی دۆخێکی کوردبونداین؟ ئەمە تێمانبگەیەنێت ئەوان ئێمە وەک کورد دەبینن نەک وەک حزبی کورد، کەواتەکوردبوونیش دەبێت کۆمانبکاتەوە نەک بەم شێوە پەرتەوازەییە بەم ئەقڵیەتە زەلکاوییەی مێژوو ئەوەی شەرەفخان باسی دەکات، کە بە درێژایی مێژوو یەکمان کەلەپاچەکردووە، دواتر سفر هیچ بەدەست. بۆیە دەبێت ئەم ڕووداوانە ڕامانچڵەکێنێ وبیربکەینەوەو ئاقڵانە مامەڵە لەتەک دۆخەکە بکەین. تێبگەین لە دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بەرنامەی ئەوان بۆ عێراق. لەلایەکی دیکەوە نابێت لەژێر کاریگەری سۆزدا هێرش بکەینە سەر هەموو شیعە، چونکە کوردستان فرە ئاینە و شیعەی کوردیشمان هەیە. جگە لەوە نابێت ئەوڕووداوەلەسەر هەموو شیعە تۆماریبکەین، بەڵکو وەک گروپێکی لە یاسا دەرچوو تۆماریان بکەین. جیاوازلەوان ڕەفتاربکەین نەک وەک ئەوان ڕەفتار بکەین وەک تۆڵستۆی دەڵێت:

( خراپەکاری بە خراپەکاری ناکوژێتەوە هەر چۆن ئاگر بە ئاگر ناکوژێتەوە) بۆیە وەها باشە پەیامەکانی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بخوێنینەوە و لەو سۆنگەیەوە کاردانەوەکانمان دابڕێژین. دواجار دەبێت ئەوانەی ئاڵای کوردستانیان سوتاند، تێبگەین هیچیان دەسناکەوێت جگە لە ڕق ئەستورکردنی شەقامی کوردستان. ئەگەر مێژووش بخوێننەوە تێدەگەن کوردیان بۆ ناسڕێتەوە تێشدەگەن لەوەتەی هەن ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل دەسوتێنن، کەچی ئەوان بەهێزتر و ئەمان پەرتەوازەتر. بۆیە داوام لەوانەی ناوکۆی هێزەسیاسیەکانی بەغدا هەیە کە بیر دەکەنەوە لە ترسناکی ئەم ئەقڵییەتە و لێکەوتەکانی، ئەو گروپانە ئاگادار بکەنەوە لەسەر ئێمەش پێویستە حەکیمانە مامەڵەی ئەم جۆرە ڕووداوانە بکەین نەک وەک ئەوان.

لێرەوە بە جیهان دەڵێین ئەمەیە جیاوازی ئێمە و ئەوان.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif