مقتەدا سەدر: عێراق دیلی حەز و گەندەڵییە

ليست هناك تعليقات



رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق دیلی حەز و گەندەڵییە و لەژێر کۆنترۆڵی منداڵاندایە. دەشڵێت، "بەداخەوە بۆ عێراق کە گورگ و دڕندەکان تێیدا باڵادەستن".

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری خۆی لە تویتەر دوای سووتاندنی بارەگای لقی 5ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە دەپرسێت، تاوەکو تووندوتیژی دژبەرەکان کۆنترۆڵ دەکات؟ کەی تووندوتیژی و سووتاندن و لەخاچدان چارەسەر بوونە؟ "ئەگەر ئێوە عێراقین و ئازادن لە نیشتمانەکەتان، لە خودا بترسن".

سەدر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە خودا بترسن بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی، چونکە لە مەترسیدایە. ئێوە چیتان بەسەر هاتووە؟ سیاسەتڤانەکان بەشەڕهاتوون، حیزبەکان بەشەڕهاتوون، گەل بەشەڕهاتووە، بانگخوازانی چاکسازیی بەشەڕهاتوون، خەڵکی ئایین دۆست بەشەڕهاتوون، خەڵکی مەدەنی و دۆست بەشەڕهاتوون، دوژمنانیش لێرە و لەوێ لەتلەتمان دەکەن".

رێبەری رەوتی سەدر رووی قسەکانی لە هێزە سیاسییەکانی عێراقە و دەڵێت، "لە داگیرکەر گەڕان و لە تیرۆر گەڕان و لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل گەڕان، کە چی لەنێوخۆتاندا لە ململانێدان؟ ئێوە ئاقڵ نابن؟.. ئاخۆ نازانن عێراق ئەمانەتێکە کە دەبێ بیپارێزن، نەک بیسووتێنن".

ئەو هێزانەی عێراق کە بە گوتەی سەدر بانگەشەی ئەوە دەکەن دەوڵەت شکۆی هەبێت، نیشتمانیان دەوێت و دەیانەوێت عێراق لە داگیرکاری و تیرۆر رزگار بکەن، موقتەدا سەدر پێیان دەڵێت خۆیان "کاری تیرۆر و داگیرکەر دەکەن".

موقتەدا سەدر لە کۆتایی تویتەکەیدا دەڵێت "عێراق دیلی حەز، گەندەڵی و نەزانییە و لەژێر کۆنترۆڵی منداڵاندایە، بەداخەوە بۆ عێراق کە گورگ و دڕندەکان تێیدا باڵادەستن".

هێرشی "ئەندام و لایەنگرانی" حەشدی شەعبی بۆ سەر بارەگای لقی 5ـی پارتی لە بەغدا رۆژی شەممە 17-10-2020 بەڕێوەچوو و تێیدا بارەگاکەی پارتی و ئاڵای کوردستان سووتێندران





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق