ڕاپۆرت: ڕۆڵی سی ئای ئەی لە بازرگانی مادەی هۆشبەردا‌

ليست هناك تعليقات


نمونەی زۆر بەردەستە لە بەشداریکردنی سی ئای ئەی لە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر و بەڵگەنامەی حاشاهەڵنەگر هەن. بە دڵنیایەوە ئەم دامەزراوە نهێنیە ئەمریکایە ئامادە نییە چاو بپۆشێت لە بازرگانییەکی چەند سەد ملیارد دۆلاری جیهانی و ئەم دەرامەتە لەدەست خۆی بدات. لە کاتێکدا ساڵانە سەدان هەزار کەس بە هۆی کاریگەریەکانی مادە هۆشبەرەکانەوە گیان لەدەست دەدەن، سی ئای ئەی لەگەڵ هاوکارەکانی خۆی درێژە دەدات بەم بازرگانی مەرگە و سود لە دەسکەوتە مادیەکانی دەبینێت و دزەدەکاتە ناو تۆڕە تاوانبارەکانیشەوە.

کۆڵیتا یانگەرز (Coletta Youngers) و ئێڵین ڕۆزن(Eleen Rosin) لە کتێبێکدا بە ناونیشانی "مادەی هۆشبەر و دیموکراسی لە ئەمریکای لاتین: کاریگەری سیاسەتەکانی ئەمریکا"لە 2006 و هەروەها ڕۆدنی ستیچ (Rodney Stich)لە کتێبێکدا بە ناونیشانی "ئالودەکردنی ئەمریکا: ئەسپی ترۆجان"لە 2007 دا بڵاویانکردۆتەوە، بە ئاماژەکردن بە بەڵگەی هەمەجۆر، پەردە لەسەر چالاکیە نایاساییەکانی حکومەتی ئەمریکا و بەتایبەت دامەزراوەی CIA لە قاچاخچیتی مادەی هۆشبەردا هەڵدەدەنەوە.


بە بڕوای نوسەرانی ئەم کتێبانە، سی ئای ئەی هاوکاری دامەزراوەکانی تایبەت بە بازرگانانی مادە هۆشبەرەکانی کردوە و هەتا زانیاری ئەم دەزگایەی خستۆتە بەردەستیان و لە پێشخستنی بەرنامە نهێنیەکانیاندا یارمەتی داون. بەمجۆرەش بازرگانانی گواستنەوەی مادەهۆشبەرەکان توانیویانە درێژە بەکارەکانیان بدەن بێ ئەوەی دەستگیر و زیندانی بکرێن.
پەیوەندی لە نیوان سی ئای ئەی و قاچاخانی مادەهۆشبەرەکان بابەتێکی ناسراو نیە بۆ ڕای گشتی جیهان و ئەمریکا.راگەیاندنەکانی ئەمریکا تەواوی هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ تا بەرگری لە سی ئای ئەی بکەن و خەڵکی ئاسای لە بێئاگایدا بهێڵنەوە.
کارڵ بێرنستین (Carl Bernstein)، ڕۆژنامەنوس و لێکۆڵەری ئەمریکی لە بڵاوکردنوەی رسوای ۆتەرگەیت لە سەردەمی ریچارد نیکستۆن کاریگەریەکی زۆری هەبوو، لە ساڵی 1977 و لە وتارێکیدا لە گۆڤاری "ڕۆڵین ستۆن" (Rolling Stone)تیشکی خستە سەر ئەم بابەتە، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی ئەم وڵاتە ئەم هەواڵەیان بایکۆتکرد، چونکە نەیاندەویست کە ڕای گشتی ئەم وڵاتە لەم بارەیەوە بزانن.
دامەزراوەی سی ئای ئەیش بەردەوام ئینکاری دەکرد لە وەی دەستی هەبووبێت لە بازرگانی مادەهۆشبەرەکاندا، بەڵام راستیە مێژوویەکان شتێکی تر دەڵێن.
کارڵ بێرنستین, بڵاوکەرەوەی ئابڕوچونی ۆتەد گەید و هاوکاری CIA لەگەڵ مافیاکانی مەوادی هۆشبەر لە جیهاندا

مێژووی چالاکیەکانی سی ئای ئەی لەگەڵ مادە هۆشبەرەکاندا
جەنگی جیهانی دووەم
"نوسینگەی کاروباری ستراتیژی " (Office of Strategic Services) و "نوسینگەی زانیاری هێزی دەریای" (Office of Naval Intelligence)، کە بە دایکی CIAدادەنرێن، پەیوەندیەکی فراوانیان هەبوو لەگەڵ مافیا ئیتالیەکان و هەروەها کەسانێکی زۆریان لە نێوان تاوانبارانی نیویۆرک و شیکاگۆ لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم دامەزراند تا لە ڕێگەیانەوە ئامانجەکانی خۆیان بەرەوپێشەوە ببەن.
گروپە مافیاییەکانی ئەمریکا دەستیانکردبوو بە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی .لە نیوانی ئەم مافیایانەدا ئەتوانن ئاماژە بکەین بە کەسانی ناسراوی وەک چارلز لەکی لوسیانۆ (Charles `Lucky' Luciano)، میر لانسکی (Meyer Lansky)، جۆ ئەدۆنس(Joe Adonis) و فرانک کاستلو (Frank Costello).
ئەم کەسانە بە دامەزراوە زانیاریەکانی ئەمریکا هاریکاریان دەکرد تا پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ڕابەرانی مافیای سیسیلی مۆسۆلۆنی، دیکتاتۆری ئیتالیی، کە دور خرابوەوە بپارێزن. مەبەست لەم پەیوەندیانە، بەدەست هێنانی زانیاری بوو لەسەر کەناری ئیتالیا بۆ دروستکردنی سوپای هاوپەیمانان و ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی تازە دەکەوتوی ئیتالیا.
لوسیانۆ، خاوەنی ئیمپراتۆرێتی هێرۆین و جاسوسی سی ئای ئەی لە ئەوروپا
لوسیانۆ کەلەلایەن پۆلیسی فیدراڵیەوە دەستگیرکرابوو لە زیندانێکی نیۆرکردا ماوەی دەستگیریە سی ساڵەیەکەی خۆی بەسەر دەبرد، لەلایەن سی ئای ئەیەوە ئازادکرا و ڕەوانەی سیسیل کرا.ئەو لەوێدا ئیمپراتۆریەتی هێرۆینی خۆی بنیاتنا. ئەو مادە سەرەتایەکانی خۆی لە تورکیاوە هێنا و لە ڕیگەی لوبنانەوە دەیگەیاندنە تاقیگەکانی خۆی لە سیسیل.
"نوسینگەی کاروباری ستراتیژی" و "نوسینگەی زانیاری هێزی دەریای" هاریکاری نزیکیان هەبوو لەگەڵ مافیا چینییەکان کە بڕیکی زۆر تلیاک، مۆرفین و هێرۆینیان لەبەردەستابوو. بەمجۆرە سێهەمین پایەی بازرگانی هێرۆین لەدوای شەڕ لە "سێگۆشەی زێڕین"واتە ناوچەی سنوری نێوان تایلەند،لاگۆس و چین دروست بوو.
نەخشەی سێگۆشەی زێڕین

دروستبوونی دامەزراوەی سی ئای ئەی و بەردەوامیدان بە هاوکاری لەگەڵ بازرگانانی مادەهۆشبەرەکان
سئ ئای ئەی هاوکاری نهێنی سەربازەکانی "کۆمینتاگ" (Koumintag)ی دەکرد بە پارە، ئەم گروپە پەیوەست بوون بە ژەنەراڵ چیانگ کای-شەک (Chiang Kai-Shek)، کە سەر سەرقاڵی شەڕ بوون لەگەڵ کۆمۆنیستە چینییەکان بە ڕابەری ماو، هاریکاری ئەم گروپەی دەکرد تا تلیاک لە چینەوە بە قاچاخ ڕەوانەی بۆرما، بانکۆک و تایلەند بکەن.سی ئای ئەم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە سودی لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی "ئێر ئەمریکا " (AirAmerica) وەردەگرت.
دامەزراوەی سی ئای ئەی لەیەکەمین ساڵی دامەزراندنیدا پارەی دا بە قاچاخچیەکانی مادەی هێرۆین لە بەندەری مارسێی فەرەنسا بۆ شەڕکردن دژی کۆمۆنیستەکان تا بتوانن دەست بەسەر بەندەرەکانی شارەکەدا بگرن.لە ساڵی 1951دا ، لوسیانۆ و قاچاخچیەکانی فەرەنسا یەکیانگرت و بەمجۆرە توانیان تا سەرەتاکانی دەیەی 1970 دەست بەسەر بازرگانی جیهانی هێرۆیندا بگرن.
سی ئای ئەی لە نێوان گروپە تاوانکاریە دروستبوەکانی یابانیشدا بە دوای داشدا گەڕا، تا دڵنیابێتەوە کە ئەم وڵاتە ناکەوێتە دوای کۆمۆنیزم، چەند ساڵ دواتر، گروپی یاکوزا لە یابان بە ناوی سەرچاوەی سەرەکی قاچاخی ميثامفيتامين لە هاوای دەرکەوتن.
بە فەرمی چونەناوەوەی سی ئای ئەی بۆ دروستکردن و تاقیکردەنەوەی مادە سایکۆترۆپیکەکان*
لە ساڵی 1950دا، سی ئای ئەی پڕۆژەی باڵندەی شین (Project Bluebird)ی دەستپێکرد تا بۆیدەرکەوێت کە هەندێک مادەی تایبەت دەتوانرێت لە شیوازەکانی لێکۆڵینەوەی ئەم دامەزراوەیدا بەکار بهێنێت یان نا. ئەم کارەش وایکرد تا "ئالن دۆلس" (Allen Dulles)، بەڕێوبەری کاتی سی ئای ئەی، لە نیسانی ساڵی 1953دا، بەرنامەیەک بۆ "بەکارهێنانی نهێنی لە مادە بایۆلۆژی و کیمیاییەکان" وەک هەوڵێکی ئەم دامەزراوەیە لە دەستبەسەرداگرتنی زیهن و هەڵسوکەوتی کەسەکاندا دەست پێ بکات.
ئەم پرۆژەیە لە سەرەتادا ناوی جۆروجۆری هەبوو وەک "پروژەی ئارتیچۆک" (Project Artichoke) و "پروژه چاتر" (Project Chatter) تا دەیەکانی دواتریش درێژەی هەبوو. بە درێژای ئەم پرۆژەیە مادەکانی وەک LSD** لەسەر سەدان کەس تاقیکرایەوە بەبێ ڕەزامەندی خۆیان.
* مادە سایکۆترۆپیکەکان:- ئەو مادانەن کە کاریگەریان هەیە لەسەر مێشک و دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوت، ئاگای، زیهن و هەستەکانی کەسێک وەک کافاین، نیکۆتین، ماریجوانا، زۆربەی مادە نایاساییەکانی وەک هێرۆین و کۆکاین و...بەم جۆرە مادەیە دادەنرێت.
** LSD: یەکێکە لە بەهێزترین مادە کیمیاییەکان و بەشێوەی بلوری لە تاقیگەکانیدا دروست دەکرێت.هەندێک جار 12 سەعات یان زیاتر کاریگەری لەسەر کەسەکە دەبێت.
چالاکییەکانی سی ئای ئەی بە درێژای شەڕی ناوخۆی ڤێتنام 
لە ساڵی 1965دا، مێژوو جارێکی تر خۆی دووبارەکردەوە و چویەناو هەمان شەڕەوە ، کە فەرنسا لە ساڵی 1955 دا دۆرابوو تێیدا. سی ئای ئەی بەمەبەستی بەرگریکردن لە ڕژێمی گەندەڵی ڤێتنامی باکوور کە پەیوەستیەکی زۆری هەبوو بە بازرگانی مادەهۆشەرەکانەوە وەک سەرچاوەی دەرامەتی خۆی.چەندین فرۆکەی جۆری C-47 بۆ گواسنەوەی تلیاک،مۆرفین و هێرۆین بۆ دەرەوەی لاۆس تەرخانکرابوو. کارەکە زۆر گەورەتر بوو لە توانای سوپای ئاسمانی ڤێتنامی باشوور.
فرۆکەی جۆری C-47ی سی ئای ئەی ، لە دەبەشکردنی مەوادی هۆشبەردا بەکار دەهێنرا لە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا
مادەکان لەناو فڕۆکەکانی C-47 دا، باردەکرانە ناو فرۆکەکانی ڤێتنامی باشوور و راستەوخۆر دەنێردران بۆ سایگۆن بۆ دابەشکردنیان.ئەم کارەش نەک تەنها جێگیری زیاتری دەبەخشیە رژێمی ڤێتنامی باشور بەڵکو سی ئای ئەیش کاریگەری خۆی زیاد دەکرد لە لاگۆس.

دەرکەوتنی گەورەترین جێگاکانی بەرهەمهێنانی مادەهۆشبەرەکان لە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسای لەژێر سایەی سی ئای ئەیدا
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی "کریستین‌ساینس‌مونیتور" (Christian Science Monitor) ، سی ئای ئەی لە قاچاخچێتی فراوانی مادەهۆشبەرەکان لە لاگۆس ڕۆڵێکی سەرەکەی هەبووە، لە ناوەندی سی ئای ئەی لە باکوری لاگۆس تاقیگەیەکی پاڵاوتن و پوختەکردنی هێرۆینیان دروست کردبوو. پاش دەیەییەک لە دەستوەردانی سوپای ئەمریکا، باشوری خۆرهەلاتی ئاسیا گۆڕدرا بۆ سەرچاوی دروستکردنی لەسەدا 70 ی تلیاک لە دنیادا و دابینکەری کەرەستە خاوەکانی مادەهۆشبەرەکان لە بازارەکاندا.
ئەمە لە کاتێکدابوو کە هاوکات"لە سەرەتاکانی دەیەی 1970" دا، سی هەزار سەربازی ئەمریکی لە ڤێتنام ئالودەی هێرۆین بوو بوون.
لەگەڵ ڕوخانی ناچاری حکومەتی سایگۆن، بەژداریکردنی ڤێتنام وەک یەکێک لە گەورەترین بەکارهێنەران و هەناردەکارانی هێرۆین کۆتای هات، بەڵام سەرچاوەی سەرەکی هێرۆینی لە لاگۆس دڕێژەی دەدا بەکارەکانی خۆی.
لاگۆس، یەکێک لە سەربازگە سەرەکیەکانی بازرگانی مەوادی هۆشبەر لە ئاسیا

چالاکیەکانی سی ئای ئەی لە پەنەما لە لە دەیەکانی 1970 و 1980 ی زاینیدا .
مانوێل نۆریگا (Manuel Noriega)، سەرۆکی دامەزراوی زانیاری پەنەما و یەکێک لە بەهێزترین پیاوانی ئەم وڵاتە، بۆ ماوەی یەک دەیە وەک یەکێک لە بەکرێگیراوە پلە باڵاکانی سی ئای ئەی چالاک بوو.ئەمە لەکاتێکدا بوو کە بەرپرسانی ڕوبەڕووبونەوە دژی مادە هۆشبەرەکان لە ئەمریکادا ئەویان وەک کەسێک کە دەستێکی باڵای هەیە لە بازرگانی مادەهۆشبەرەکان و پارەشۆردنەوەدا ناساندبوو.
لەکاتێکدا کە فەرمانگەی ڕوبەڕوبونەوە بە مادەی هۆشبەر لە ساڵی 1971 هەوڵیاندا دەستگیری بکەن، سی ئای ئەی ڕێگری لەم کارەکرد.سی ئای ئەی لەوکاتەدا لەلایەن بۆشی باوکەوە بەڕێوە دەبرا .
مانوێل نۆریگا، جاسوسی سی ئای ئەی لە پەنەما
پاش تێکشکانی فرۆکەیەک بەسەر نیکاراگوا و دەست کەوتنی بەڵگە لەم فرۆکەیەدا ، زانیاری زۆر هەبوون لەو بەڵگانەدا، کە لەبارەی چالاکیەکانی سی ئای ئەی لە ئەمریکای لاتین تۆمارکرابون، حکومەتەکەی بۆشی باوک نابەدڵانە هێرشی کردە سەر ئەم وڵاتە لە ساڵی 1989 و بەڵگەنامەکانی رفاند، خاڵی سەرنج ڕاکێش لەوەدابوو ئەم هێرشە بە بیانوی روبەڕوبونەوە دژی مادەی هۆشبەر ئەنجامدرا.ئەڵبەتە بازرگانی مادەی هۆشبەر لە ڕێگەی پەنەماوە پاش هێڕشەکەی ئەمریکا هەر بەردەوام بوو.
وێنەیەکی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پەنەما بە بیانوی ڕووبەڕوو بوونەوە دژی بازرگانی مەوادی هۆشبەر

هێنانی کۆکاین لە ڤەنزوێلا وە بۆ ئەمریکا بە ڕێگەپێدانی سی ئای ئەی
سەرەڕای نارەزایەتیەکانی فەرمانگەی ڕوبەڕووبونەوەدژی مادەی هۆشبەر لە ئەمریکا، سی ئای ئەی ڕێگەیدا نزیکەی یەک تەن کۆکاینی پوختە بێتە ناو فرۆکەخانەی میامیەوە.سی ئای ئەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم کارەی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بووە لە بارەی بازرگانەکانی کۆڵۆمبیاوە بووە، بەڵام کۆکاینەکە لە کۆتایدا لە شەقامەکندا فرۆشرا.
لە تشرینی دووەمی 1994،دادگایەک لە میامی بە دادگایکردنی سەرۆکی پێشووی ڕوبەڕوبونەوەی مادەی هۆشبەر لە ڤەنزوێلا ، کە ماوەیەکی زۆر هاوکاری سی ئای ئەی بوو. ژنرال رومن گوئیلن داویلا (Ramon Guillen Davila) ، بڕێکی زۆر کۆکاینی لە کۆگایەکی ڤەنزوێلاوە هێنابوە ناو ئەمریکاوە ، لە بەرگریکردن لە خۆیدا گوتی کە هەمووی بە ڕیگەپێدانی سی ئای ئەی ئەنجامداوە.

قسەی کۆتای
نمونەی زۆر بەردەستە لە بەشداریکردنی سی ئای ئەی لە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر کە جگە لەو نمونانەی سەرەوە لە ئەفغانستان ، هایتی نمونە و بەڵگەنامەی حاشاهەڵنەگر هەن. بە دڵنیایەوە ئەم دامەزراوە نهێنیە ئەمریکایە ئامادە نییە چاو بپۆشێت لە بازرگانییەکی چەند سەد ملیارد دۆلاری جیهانی و ئەم دەرامەتە لەدەست خۆی بدات. لە کاتێکدا ساڵانە سەدان هەزار کەس بە هۆی کاریگەریەکانی مادە هۆشبەرەکانەوە گیان لەدەست دەدەن، سی ئای ئەی لەگەڵ هاوکارەکانی خۆی درێژە دەدات بەم بازرگانی مەرگە و سود لە دەسکەوتە مادیەکانی دەبینێت و دزەدەکاتە ناو تۆڕە تاوانبارەکانیشەوە.
پەیسەر



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق