ئەو خانمەی لە پشت شیکپۆشی سەرۆکەکانی ئەمریکا بوو

ليست هناك تعليقات



بەرەبەیانی رۆژی 8ی ئابی 1974، لیلیان براون، هونەرمەندی جوانکاریی سەرۆکەکانی ئەمریکا، بەپەلە بانگهێشتی کۆشکی سپی کرا. کاتێک چووە ژووری سەرۆکەوە، ریچارد نیکسۆنی سەرۆکی ئەوکاتی بینی، بەکوڵ دەگریا و رووخساری تەواو شێواوە.

ئەوەی ئەو بەرەبەیانە روویدا، بوونە پێکهێنەری بەشێکی زۆر لە رووداوەکانی ژیانی لیلیان براون، ئاخر ئەو بەرەبەیانە زووە، خانمە شارەزاکەی بواری ماکیاژیان کردە بەناوبانگترین مایکاپ ئارتێستی کۆشکی سپی. هەروەها دونیای ناوبانگ و دەرکەوتن و درەوشانەوەیان بۆ ئەو خانمە دابینکرد کە ئێستا مێژوو پێماندەڵێ ماکیاژی بۆ نۆ سەرۆکی ئەمریکا کردووە و ناچاریکردوون بەر لە دەرکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکانیان، گوێ لە قسەکانی ئەم بگرن و رێنوێنییەکانی جێبەجێ بکەن.

لیلیان براون، بووە بڕیاردەر لەوەی سەرۆکەکانی ئەمریکا لە کاتی گوتار و دەرکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکانیاندا چۆن دەربکەون، چ بەرگێک بپۆشن و کام رەنگە هەڵبژێرن؟

ئەو بە وردەکاری و نهێنیی کەسایەتییەکانی سەرۆکی وڵاتەکە ئاشنابوو، لە کاتێکدا هەمووان دەبوو سەرۆک بە زەردەخەنەوە ببینن، ئەو لەکاتی گریاندا دەیبینین و دەبوو ژیریان بکاتەوە.

ئەوکات، سکانداڵی 'وۆتەرگێت' لەسەر سەرۆک ئاشکرابوو بوو و خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی بچێتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی وڵات رابگەیێنێت، بەڵام کێشەکە ئەوەبوو، نیکسۆن باش دەیزانی ئەگەر کۆنترۆڵی خۆی نەکات و بەر بەگریانەکەی نەگرێت، ماکیاژەکەی تێکدەچێت و ئەوەش سکانداڵێکی دیکەی بۆ دروستدەکات، لە کاتێکدا هەموو جیهان باس لە سکانداڵەکەی ئەو دەکەن کە ناونرا 'وۆتەرگێت'.

سکانداڵی 'وۆتەرگێت' لەسەردەمی سەرۆکایەتی ریچارد نیکسۆن روویدا و ئەوکات بە 'گەورەترین سکانداڵی سیاسی لە مێژووی ئەمریکا'دا ناونرا. سکانداڵەکە بریتیبوو لە دانانی گوێهەڵخەری ئەلیکترۆنی لە نێو باڵەخانەی 'وۆتەرگێت' کە بارەگای سەرەکی پارتی دیموکراتی ئەمریکا بوو. ئەوەی گوێهەڵخەرەکانی دانابوو، چوار ئەندامی پارتی کۆماری بوون و دەیانویست گوێ بۆ قسەی بەرپرسەکانی پارتی دیموکرات لە باڵەخانەکەدا هەڵبخەن.

نیکسۆنی چۆن ژیر کردەوە؟

براون لە دوای ساڵانێک لەو بەرەبەیانە زووەی کۆشکی سپی، رووداوەکەی هێشتا لەبیردا مابوو، "سەرۆک نیکسۆن لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوو، تەنیا شەش خولەکمان لەبەردەمدابوو بۆ ئەوەی ئامادەبێت و بچێتە بەردەمی کامێراکان، بیرمکردەوە: دەتوانم چی بۆ ئەو پیاوە بکەم؟".

براون هەوڵیدا کەمێک زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی نیکسۆن و هەندێک یادەوەری خۆشی بەبیربهێنێتەوە. ئەو دەستیکرد بە گێرانەوەی ئەو بەسەرهاتانەی پێکەنینیان تێدا بوو، لە شێوەی ئەو رووداوەی کە سەگە کەنەدییەکەی سەرۆک 'کینگ تیماهۆ' خۆی بەداری کریسماسدا کێشا و بووە هۆی بەربوونەوەی هەموو شیرینیە پێوەهەڵواسراوەکانی دارەکە. ئەمە براونی ناچارکرد سەگەکە لەگەڵ خۆیدا بباتە گەرماوەوە تا لە شیرینییەکانی دووربخاتەوە و بیشوات، کارەکە گەیشتە ئەوەی نیکسۆن و براون و سەگەکە خۆیان لە گەرماودا بینییەوە و پاسەوانەکانی سەرۆک بەبێ ئەوەی پێبزانن، بۆ ماوەیەکی زۆر دەرگای گەرماوەکەیان لە دەرەوە لەسەر سەرۆک و براون و سەگەکە داخستبوو.

گێڕانەوەی رووداوەکە وایکرد نیکسۆن بداتە قاقای پێکەنین، ئەوەش کارەکەی براونی ئاسانکرد و دەستیکرد بە ماکیاژکردنی سەرۆک، بۆ ئەوەی بەرۆحیەتێکی باشتر و رووخسارێکی دوور لە ماندوویەتییەوە، بچێتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن.

ماوەیەکی زۆر بەر لەوەی راوێژکارە میدیاییە خاوەن مووچە زۆرەکان، بەرپرسیاریەتی مەشقدانی توێژی سیاسیی لە ئەستۆ بگرن، لیلیان براونی کچە دەشتەکییە خاوەن هەستە بەرزەکە کە لە ئۆهایۆوە هاتبوو، ئەو کارەی دەکرد کە دواتر تێچووەکەی بووە ملیۆنان دۆلار.

براون ماکیاژی بۆ نۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، ئەو لە دوایت ئایزنهاوەرەوە دەستیپێکرد و تا ماوەی سەرۆکایەتی بیل کلنتن لە کۆشکی سپی بەردەوام بوو، بەڵام کارەکەی زۆر لەوە گەورەتر بوو، تەنیا تۆزی ماکیاژ و باشترین پۆدرەی کوشتنی تیشکی گڵۆپەکان لە رووخساری سەرۆکەکان هەڵبسوێت، ئەو زۆرجار تێبینییەکانی خۆی لەبارەی شێوازی قسەکردن، جلوبەرگ و باشترین گۆشەکانی وێنەگرتنەوە، پێشکێشی سەرۆکەکان و راوێژکارەکانیان دەکرد.

براون زۆرینەی کات، ئینجانەی گوڵەکانی بۆ ئەو گۆشانەی ژوورکانی وێنەگرتن دەگواستەوە، کە بەباشترین شێوە لە کامێراکانەوە دەردەکەوتن، وتارە نووسراوەکانی سەرۆکەکانی وڵاتی دەبینی و هێڵی بەژێر ئەو وشانەدا دەهێنا، کە دەبوو سەرۆک دانیان پێدابنێت و جەختیان لەسەر بکاتەوە لە کاتی گوتارە تەلەڤزیۆنییەکانیدا.

ئەو رۆڵی گەورەی هەبوو لە رەواندنەوەی تارمایی تووڕەیی لەسەر رووخساری ئەو سەرۆکانەی، دەبوو لە بۆنە گشتییەکاندا بە زەردەخەنەوە دەرکەون، دەبوو مێشکیان ئارام بکاتەوە و بە وشەی کورت و رستەی پڕ مانا، ئاوەزی ئەوان لە دۆخێکی خراپەوە بۆ دۆخی زۆر باشتر بگۆڕێت. هەموو ئەوانە وایانکردبوو لیلیان، لە بری ئەوەی تەنیا وەک پسپۆرێکی جوانکاری تەماشا بکرێت، بەپسپۆرێکی شۆ و دەرکەوتن لەبەردەمی کامێرادا سەیر بکرێت.

هیچی لە ماکیاژ نەدەزانی و بووە پسپۆری بوارەکە

براون لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2010دا، کە تیشکی خستووەتە سەر بەشێک لە ژیانی خۆی بەیاوەریی سەرۆکەکانی وڵات، لە واشنتن لە 'یانەی رۆژنامەڤانانی نیشتمانی' گوتی "من هیچم لەبارەی ماکیاژەوە نەدەزانی، بەڵام هەر ئەوەندەی تەماشای شاشە و ئەو کەسانەم بکردایە کە دەبوو بچنە سەر شاشە، دەستبەجێ تێدەگەیشتم لەوەی پێویستە چی بکەم، خۆم دەگەیاندە دەرمانخانە و ئەو شتانەم دەکڕی، بۆ ئەو دەرکەوتنەی سەر شاشە پێویست بوو".

براون، خاوەنی دەستە نەبینراوەکەی پشتی پەردەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رۆژی 13ی ئەیلوول لە خانووەکەی خۆی لە شەقامی بێنسلڤانیا، لە ناوچەی ماکلینی ویلایەتی ڤێرجینیا، لە تەمەنی 106 ساڵیدا کۆچی دواییکرد پاش ئەوەی جەڵتە لێیدا. زانیارییەکانی گیانلەدەستدانی براون لەلایەن براون جۆریلی، کچییەوە راگەیەنراوە.

ئەو بەڕێکەوت وەک راوێژکاری گشتی و راوێژکاری وێنەگرتن، روویکردە کۆشکی سپی، ئەو هەر بەڕێکەوت خۆی لە نێو کەنیسەیەکدا بینییەوە، کاتێک لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، سەرۆک ئایزنهاوەر سەردانی ئەو کەنیسەیەی دەکرد، بیرۆکەی بیرکردنەوە لە سەرۆکەکانی وڵات و کەنیسەکان، هەر لەوێوە سەریهەڵدا و دواتر زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیشی لەسەر ئەوە نووسی.

ئەوە هۆکار بوو بۆ ئەوەی ببێتە پێشێشکاری بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی ناوخۆیی، هەروەها بەشداری لە پرۆگرامی 'فیس زا نەیشن' لەسەر کەناڵی 'سی بی ئێس نیوز' کرد. رۆژێک لە رۆژان بەرهەمهێنەری پرۆگرامێکی تۆڕی 'سی بی ئێس' هاتە لای و بینی براون ماکیاژ بۆ میوانەکانی دەکات، تەنانەت پیاوانیش. ئەوکات ئەوە کارێکی نەبینراو بوو، بەرهەمهێنەرەکە پێیگوت "میوانەکانت زۆر جوان دەردەکەون و منیش زۆر ناشرینم لەسەر شاشە". ئەوە بووە بیرۆکەی ماکیاژکردن بۆ پیاوان لەسەر شاشە. بەرهەمهێنەرەکە گرێبەستی لەگەڵدا کرد، بۆ ئەوەی ماکیاژی میوانەکانی بەرنامەکەی بکات و بۆ هەر بەرنامەیەکیش 19 دۆلاری دەدایە.

ئەو میوانەی نەیدەویست ماکیاژ بکات

یەکەم میوانی بەرنامەکە کە دەبوو ماکیاژی بکات، لە کاتێکدا پیاوان ئەو کارەیان بەلاوە پەسند نەبوو و رەتیاندەکردەوە، سام رایبۆرن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو. سام دەیگوت ماکیاژ بۆ دزێوەکانە و من پێویستم پێی نییە. لە کاتێکدا خۆی سەری رووتابووەوە و ئەوەش لای سەرپەرشتیارانی پرۆگرامەکە کێشەیەکی گەورە بوو، چونکە سەرە لووسەکەی سام، لەبەردەم کامێراکان و لە ژێر هێزی لایتەکانی رووناککردنەوەی ستۆدیۆکەدا، تیشکی دەدایە و دیمەنێکی نەشازی بە میوانەکە دەدا.

ئەرکەکە کەوتە سەرشانی براون تا ئەو میوانە رازی بکات بە ماکیاژکردن. ساڵی 2009، براون باسی ئەو رووداوەی گێڕایەوە، ئەو گوتی ساتێک بیرمکردەوە چۆن رازیبکەم بە ماکیاژکردن لە کاتێکدا ئەو خۆی زۆر بەلاوە جوانە؟ لێی چوومە پێشەوە و پێمگوت "بەڕێز سام، ئەگەر یارمەتیم بدەیت لووتت بسڕمەوە، بێگومان ئەوە لە پیاوەتیت کەمناکاتەوە". میوانەکە دایە قاقای پێکەنین و بەدەنگی بەرز دەخەنییەوە، داوای لێکرد کارەکەی خۆی دەستپێبکات و گوتی "فەرموو خاتوونی ئازیز چیت دەوێت بیکە".

براون ماوەی 40 ساڵی تەواو، لە بواری جوانکاریدا لە نووسینگەی واشنتنی کەناڵی 'سی بی ئێس' کاریکرد، چاوی بە هەزاران کەسایەتی کاریگەر کەوت کە لە بەرنامەی 'فیس زا نەیشن'دا دەرکەوتن، ماکیاژی بۆ هەموویان کرد، لە نێویاندا رۆژنامەڤانانی تەلەڤزیۆنی والتەر کرۆنکایت، ئیریک سیفێرد، هەروەها ئیلیانۆر دۆزفێڵت، دوای هاتنە دەرەوەی لە کۆشکی سپی، ئەمە جیا لە لۆتەر کینگ، جۆن لویس، کوبی براینت و چەندان کەسایەتیی دیکەی جیهانی.

زۆرینەی کات، ئەو سەرۆکانەی دەگەیشتنە کۆشکی سپی، داوایان لێدەکرد بەر لە هەر چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ئەو بچێتە لایان، براون بەبیری دەهێنێتەوە کە جۆن کێنێدی زۆر بەئاسایی دەردەکەوت لەسەر تەلەڤزیۆن، بەڵام ئەو کاری زۆری ئەمی پێویست بوو، تا بەو شێوەیە دەربکەوێت. براون دەڵێ، ئەو بە پرسیارەکانی شێتی دەکردین، بەردەوام دەیپرسی کام قاچەم لەسەر قاچەکەی دیکەم دابنێم؟ ئایا پێویستە هەندێک وانە لەسەر شێوازی گوتاردان وەربگرم؟ براون جارێک پێیگوت، "سەرۆک ئەوە بۆ تۆ کارێکی زۆر باش دەبێت، ئەگەر کۆرسێکی هونەری گوتاردان وەربگریت". کینێدی بە قسەی کرد و لە نیویۆرک بەشداری لە کۆرسێکدا کرد لەبارەی باشترین شێواز بۆ دەرکەوتن لەسەر تەلەڤزیۆن.

لە لێدوانێکی رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'دا ساڵی 1994، براون گوتی "کینێدی یەکەم سەرۆک بوو دەیویست لەوە تێبگات، لە پشتی کامێراکان و کاتی وێنەگرتندا چی روودەدات، ئەو بەردەوام بەر لە دەستپێکردنی چاوپێکەوتنەکانی، دەچووە لای وێنەگرەکان و پرسیاری لەبارەی رووداوەکانی پشتی کامێراوە لێدەکردن، دەیپرسی، چۆن دەنگ وەردەگریت؟ چۆنە ئەو لایتینگەت لێرە داناوە؟". بەبڕوای براون، کینێدی یەکەم سەرۆک بوو لە وشەی "کامێرا ئس رێدی" تێبگات.

ئەوکات براون لە زۆر خەڵکی دیکە زیاتری دەزانی، ئەو درکی بەو ئازارە دەکرد کە سەرۆکەکان لە کاتی چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکاندا هەستیان پێدەکرد، بەهۆی ئەو راگرانەوەی بۆ پشتیان دادەنرا تا لەبەردەم شاشەدا بە 'قیتی' دەربکەون.

ئەو هەر رووخساری سەرۆکەکانی ماکیاژ نەدەکرد، خانمەکانی یەکەمی وڵاتیش هەمان داوایان لێی هەبوو، یەکەمیان جاکلین کینێدی بوو کە دەیتوانی پشت بەباشترین مەیکەپ ئارتێستەکانی سەردەمی خۆی ببەستێت بۆ ئەو کارە، بەڵام ئەو براونی هەڵبژارد بۆ کارەکە، لە کاتی ماکیاژەکانیدا بۆ دەرکەوتن لە میانی گەشتە تەلەڤزیۆنییەکانی ناو کۆشکی سپی لە ساڵی 1962دا.

سەرۆک و خانمی هاتوو لە هۆلیودەوە

وەک براون باسیکردووە، رۆناڵد و نانسی ریگان، سەرۆک و خانمەکەی، کە لە هۆلیوودەوە هاتبوون، هەموو شتێکیان لەبارەی ماکیاژەوە دەزانی و زۆر حەزیان لێیبوو، بەڵام ئەو سەرۆکە لەگەڵ بەرهەمهێنەرە تەلەڤزیۆنییەکاندا کێشەیەکی هەبوو، کاتێک دەهاتە شوێنی وێنەگرتنی چاوپێکەوتنەکانی، خۆی پێشتر ماکیاژێکی زۆری کردبوو، بۆیە لەسەر راسپاردەی پرۆدیوسەرەکان، دەبوو براون بەبیانووی رێکخستنی ماکیاژەکەیەوە، چینە تۆخەکانی سەر رووخساری سەرۆک لاببات و چینێکی تەنکی گونجاو بۆ سەر شاشەی بۆ بکات.

هەر ئەوەندەی لە کۆشکی سپییەوە پەیوەندی پێوەبکرایە، براون روویدەکردە کۆشک و لەگەڵ خۆیدا جانتای ماکیاژەکەی دەبرد، کە هەموو کات قوتووە جیاوازەکانی ماکیاژ و شاردنەوەی پەڵەکان و کرێمی شل و دەستەسڕی تێدابوو. لە جانتاکەیدا هەمیشە بۆینباخێکی تۆخی هەڵگرتبوو، نەبادا سەرۆک دانەیەکی بەستبێت بۆ سەر شاشە نەگونجێت و کێشە دروست بکات، ئەمە جیا لە جوتێک گۆرەوی رەشی درێژ، نەک سەرۆک کورتی لەپێکردبێت و لە کاتی دانیشتندا گۆشتی پوزەکانی دەربکەوێت، بەهۆی هەڵچوونی پانتۆڵەکەیەوە و ئەوەش رووداوێک بوو، هیچ سەرۆکێک حەزی پێنەدەکرد.

تائێستا یاسا تایبەتەکانی جلپۆشین کە براون دایناون، لە زۆر شوێندا کاریان پێدەکرێت. ئەو هەمیشە دژی لەبەرکردنی رەنگی سوورە لەسەر شاشە، پێیوایە ئەو رەنگە شاشە کۆنترۆڵ دەکات، هەروەها پێویستە خۆپارێزی لە پۆشینی رەنگی سپی بکرێت، چونکە کەسەکە قەڵەوتر دەردەخات، ئامۆژگاری دەدا بەلەبەرنەکردنی جلوبەرگی شت لەسەر چاپکراو و هێڵدار. ئەو رەنگی شینی تۆخی بەلاوە پەسند بوو لەگەڵ بێجی. ئەو دەیویست کەسەکە جلێک لەبەرنەکات، سەرنجی خەڵک لەسەر کەسەکەوە بۆ سەر جلەکان بگوازێتەوە. تا کەسەکە نۆرماڵ و ئاسایی دەربکەوێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی 'زا تایمز' گوتویەتی "من بەپێچەوانەی ئەوانەوە بیردەکەمەوە کە پێیانوایە پێویستە کەسێک ئەوەندەی بکرێت، شەوقدار دەربکەوێت، من هەمیشە ئامانجم ئەوە بووە کەسەکان لەسەر شاشە لەخۆیان بچن".

کارەکەی براون تەنیا بۆ سەرۆک و خانمانی یەکەمی وڵات نەبوو، بەڵکو ئامۆژگاری دەدایە سەرکردە سەربازییەکانیش بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە دەربکەون.

لیلیان براون لە 8ی ئابی 1914 لەدایکبووە، لەو کێڵگەیەی ماڵباتەکەیدا گەورەبووە، کە دەکەوتە شارۆچکەی ماک ئارسەر، لە ویلایەتی ئۆهایۆ. ئەو لە نێو خێزانێکدا گەورەبووە بێ کارەبا و ئاوەڕۆ بوون. شەشەم منداڵی ناو ماڵباتە نۆ کەسییەکەی بوو. باوکی لیلیان جووتیار بوو، دایکیشی مامۆستای قوتابخانەیەکی یەک پۆلی بوو.

لیلیان زانکۆی لە ویلایەتی کلیفلاند تەواوکرد، رۆژێک کە لەرێگادابوو بەرەو کار، چاوی بە جۆرج براونی فڕۆکەوانی دەریایی کەوت و هاوسەرگیرییان کرد. ئەوان بەهۆی کارەکەی جۆرجەوە لە چەندین بنکەی سەربازیدا ژیان و دواتر لە 1952دا لە واشنتن گیرسانەوە.

لیلیان ساڵی 1976 لە زانکۆی جۆرج تاون وەک هاوئاهەنگیکاری تەلەڤزیۆنی دامەزرا. چەندین خەڵاتی ناوخۆیی بەدەستهێناوە و یەکێک لە کتێبەکانی بەناوی 'سیاسەتمەداری قاڵ' بووەتە پرۆگرامی خوێندن. لیلیان لە تەمەنی 95 ساڵیدا خانەنشین بوو.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif