گەندەڵی، هەڕەشە بەردەوامەکەی سەر سەقامگیری عێراق‌

ليست هناك تعليقات



سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران، گەندەڵی هێشتا مەترسیەکی سەرەکی نائارمی عێراقە.بەرپرسە باڵاکان و نوخبە سیاسییەکان تۆمەتبار دەکرێن بە لێڵ کردنی گۆمەکە تا بێکێشە و بێسەرێشە راوی خۆیان بکەن. ساڵ لە ساڵ، خەڵک هەژارتر و گەندەڵی ڕێکخراوتر دەبێت لەم وڵاتەدا. یاسای رووبەڕووبوونەوە دژی گەندەڵیش بە لاواز و هۆکاری سەرەکی گەندەڵی ناودەبرێت.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبەرواری 5 ی تشرینی یەکەم سەردانی شاری ناسریەی کرد و گوتی 270 پرۆژەی ناتەواو هەیە، بەشێک لەم پرۆژانە لانیکەم بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەرێوەبردنەوە بە ناتەوای ماونەتەوە، بەڵێنیدا کە کێشەکە چارەسەربکات.

داواکاری خۆپیشاندەران
کۆتایهێنان بە گەندەڵی لە سەرەوەی داواکاریەکانی خۆپیشاندەرانی عراق بوو، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 دا رژابونە سەر شەقامەکان، داواکاریەکانی تریشیان بریتی بوون لە هەلی کاری زیاتر، ئاوی خواردنەوە و کارەبای بەردەوام.
هیچ داکاواکاریەکیان هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

عێراق لە لوتکەی وڵاتانی گەندەڵدا
عێراق لەنێوان ئەو 20 وڵاتەدایە، زۆرترین ڕێژەی گەندەڵی تێدایە لە دنیادا.
لەڕپۆرتێکی 26 ئابدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جێنین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، هۆشداریدا " گەندەڵی هێشتا دەردێکی بەربڵاوە و بەردەوامە لە بەفیڕۆدانی نادیاری ئابووری لە دزینی سەرچاوە سەرەکیەکانی ڕۆژانەی عێراقیەکاندا ، متمانەی لای وەبەرهێنەرەکانیش نەهێشتووە"

هەژاری لە عێراقدا
هێنیس-پلاسخارت گوتی هەژاری هێشتا ڕوو لە زیادبوونە و زیاتر لە 3 ملیۆن عێراقی ناتوانن ڕۆژانە خۆراکی پێویست دەست بخەن، لە مانگی تەموزدا، یونسێف ڕایگەیاند زیاتر لە 31٪ دانیشتوانی عێراق لە ئێستادا لە خوار هێڵی هەژاریەوەن، لەکاتێکدا لە ساڵی 2018 دا ئەم رێژەیە 20٪ بوو.

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق داوای لە سیاسەتمەدارانی عێراق کرد بە زووی چاکسازی بکەن، گوتی" چاوەڕوان دەکرێت عێراق کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی بەڕێژەی 9.7٪ کەمبکات، داهاتی نەوت لە ژێرکاریگەری دابەزینە بەردەوامەکانی نرخەکەیدایەتی ، بەنزیکەی هاتۆتە نیوەی نرخ"

هۆکاری سەرەکی گەندەڵی لە عێراقدا
هێنیس-پلاسخارت لەبارەی زیاد بونی گرژیەکانیشەوە هۆشداریدا لە "دامرکاندنەوەی دەنگی ئاشتیخوازی، بە فشار دروست کرد لەسەر چالاکان و ڕاگەیاندنەکان، لەڕێگەی بێزارکردنیان یان خراپتر، یان خوێنرشتنیانەوە".زۆرترینی ئەم کارانە لەلایەن میلیشیا نایاساییەکانی سەر بە ئیرانەوە ئەنجام دەدرێن.

لاوازی یاسای عێراقی هۆکاری سەرەکی گەندەڵییە چونکە ڕێبەرانی سیاسی، بازرگانانی کاریگەر و هەتا شێخی سەرۆک هۆزەکان بە خراپی سود لەم سیستمە وەردەگرن لە بەرژەوەندی خۆیان.

گەندەڵی و ململانێ
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عراق، پار ساڵ لەوتارەکەیدا لە جڤاتی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، گەندەڵی ئابووری بە "ئابوری سیاسی ململانێ"ناوبرد.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سەرۆک بەرپرسی سەرەکی ئەلمۆنیتەر ئەندریۆ پارازلیتی، بەرهەم ساڵح گوتی "گەندەڵی دەبێتە هۆی ململانێ. هۆکاری ناجێگیری و نارەزایەتی کۆمەڵایەتیە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرەکی توندرەوی. لە زۆر ڕوەوە، تیرۆریسم بەبێ بوجە و دابینکردنی پێداویستی دارای ناتوانێت بەردەوام بێت" ئەو "نوخبە گەندەڵەکانی" بە تێوەگلان لە کێشمەکێشە بەردەوامەکانی ناو حکومەت تۆمەتبارکرد، چونکە :پێویستیان بە ناجێگیری و قەیرانە، لە قەیراندا گەشەدەکەن و لەشیوەیەکەوە بۆشێوەیەکی تر، بۆ ئاراستەکردنی حکومەتی خۆیان و دزینی پارەی زیاتر پێویستان بە هەرەشەی تیرۆریستی هەیە."

هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران دژی گەندەڵی
لە مانگی ئابدا، کازمی فەرمانیدا بە لیژنەی لێکۆڵینەوەی باڵا، لێکۆڵینەوە بکەن لە "کەیسە گەورەکانی گەندەڵی" و تاوانە ئاوارتەکان. هەنگاوەکانی کازمی دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە چونە دەرەوەی هەندێک کەسی تێوەگلاو بۆ دەرەوەی وڵات.

ئەحمەد مەلا تەلال وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 19ی ئەیلوولدا، لە تویتێکدا نوسیویەتی کازمی فەرمانیکردوە بە ڕێگریکردن لە چونەدەرەوەی فەریق جەمیل شەمەری، سەرپەرشتیاری شانەی قەیرانەکانی زیقار بەهۆی تێوەگلانی لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران لە تشرینی دووەمی 2019 دا. شەمەری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ساڵی 2018 ی بەسرەش بوو، لەژێر فەرماندەی هێزەکانیدا خۆپیشاندارانی ئەم شارە کوژران.

هێزەتایبەتیەکانی سەر بە کازمی، بەڕێوبەری پێشوی سەرۆكی سندوقی خانەنشینی عێراقی ، ئەحمەد ئەلسەعدی، بە تۆمەتی گەندەڵی ئابووری لە 15 ئەیلوولدا دەستگیرکرد. دوو ڕۆژ پاش دەستگیرکردنیی سەعدی، بەها عەبدول حوسەین- ی سەرۆكی كۆمپانیای (كی كارد) ی ئەلەكترۆنی لە فرۆکەخانەی بەغداد بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرا، کۆمپانیاکەی لە سەرانسەری عێراقدا نوسینگەی.

دوو دەستگیرکردنی دیکەش ڕاگەیەنرا، ئەوانیش دەستگیرکردنی سەرۆکی بانکی کشتوکاڵی عادل خزر لە بەغداد و شاکر ئەلزاملی ،سەرۆکی دەستەی وەبەرهەمهێنانی بەغدا بوون ، لە ڕۆژی 17 ئەیلوول.
هەیسەم جبوری - سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، وەڵامی داواکاریە یەک لەدوای یەکەکانی ئەلمۆنیتەری نەدایەوە بۆ چاوپێکەوتن، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، عەلی عەلاوی، وەزیری دارای عێراق، نەیتوانیوە بە ڕێکوپێکی وەزارەتەکەی بەڕێوەببات. جبوری گوتیشی "وەزیر بەتەمای چاکسازی دارای و ئابووری نییە و بەرچاوڕونییەکی رۆشنی نییە لە چاکسازی دارایدا"

لەمانگی ئابدا، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە عێراق قەدەغەی گەشتکردنی خستەسەر لوئەی خەتیبی وەزیری پێشوی کارەبا و فەلاح دلەیمی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی کارەبا.
خەتیب، ئەگەرچی لەمانگی مایسدا، وازی لە وەزیرێتی هێنا، بەڵام مافی مانەوەی هەبوو لە کۆمەڵگەی وەزیران لە ناوجەی قادسیەی بەغداد، لە 10ی ئابدا، هێزە ئەمنیەکان هەڵینکوتایە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنین کرد، دەستیان گرت بەسەر کۆمپیوتەرەکەیدا، خزمەتکارەکانیان دەرکرد و پاسەوانیان دانا بۆ شوێنەکە.

بڕیارەکانی کازمی و نەیارانی سیاسی
بڕیارەکانی کازمی هەنگاوێکی دروستە دژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. بەڵام تا ئێستا دەموچاوە لاوەکیەکانی گرتۆتەوە و دەستی نەبردوە بۆ کەسانی گەورەی پەیوەست بە حیزب و میلیشیاکان. شاراوەنیە کە کەمپەینی ڕوبەڕوبوونەوە دژی گەندەڵکاران ، بە سیاسی کراوە و حیزبەکان بەکارهێناوە بۆ لێدان لە نەیارەکانیان.

گەندەڵی گەورەترین سەرچاوەی بێسەروبەرەی لە عێراقدا
لە ڕاپۆرتەکەی مانگی مایسی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دێنیس هێنس گەندەڵی بە"گەورەترن سەرچاوەی بێسەروبەرەی لەعێراقدا" ناوبرد، گوتیشی "گەندەڵی ڕۆژانە بەرامبەر هاوڵاتی عێراقی دەکرێت،بەهەمان شێوە دژەگەندەڵکاران و وەبەرهێنەران ماندووبوون لە شەڕکردن لەگەڵ "سیستمەکە" دژی گەندەڵی بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەیان


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق