کورد لە شەڕەکەی (ماکرۆن)فەرەنسا و ئیسلامدا

ليست هناك تعليقات


هاوکار یاسین - هەولێر
-
بەڕواڵەت کە سەیردەکەیت بەشی زۆری کورد لەم شەڕەدا خۆی یەکلا کردووەتەوە کە لە بەرەی دژە ماکرۆن و هەڵگری ئاڵای ئیسلامە، ئەم تێبینییەم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەم چەند رۆژەی دوای بڕیارەکەی ماکرۆن لاپەڕەی فەیسبووکی زۆرینەی کورد زمانەکان دژە فەرەنسا دەدوێن و بەرگری لە ئیسلام و پێغەمبەرەکەی دەکەن، تەنانەت بانگەشەی بایکۆتی بۆنی فەرەنسی و پەنیر و کاڵاکانیشیان دەکەن، کەمینەیەکن کە بڕیاری پێچەوانەیان داوە.

ئەمەی دەبینرێت من ناتوانم بیسەلمێنم کە هەر بەڕاستی ئەمە رای زۆرینەی کوردە یان رووکەش وایە و لە ناخدا شتێکی دیکە دەڵێن، چونکە لەم بابەتانەدا کە کاردانەوەکان خێران هەڵسەنگاندن هەر لەسەر ئەوە دەکرێت کە لە رووکەشدا دەبینرێت، کەس ناچێت بەدوای ناخدا.

بەڵام دیمەنەکە ئەوەی سەیرە ئەگەر تەنیا یەک رۆژ پێش بڕیارەکەی ماکرۆن لە بەشی زۆری ئەوانەت بپرسیایە کە ئێستا دژە فەرەنسا دەدوێن کە کێ لە دەوڵەتانی دنیا یان ئەوروپا بە دۆستی کورد دەزانی بێ شک دەنگی زۆرینە بۆ فەرەنسا بوو، چونکە لانی کەم زیاتر لە 30 ساڵە هەر کەسێک لە لوتکەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا بوبێت بێ شەرم و ترس لە کۆشکی (ئێلیزێ)ەوە پشتیوانی لە دۆز و مافی کورد کردووە.

بۆ ئەمە من چەند هۆکار دەبینم؛

یەکەم: بەهۆی ئەو پابەندییە دینییە یان لانی کەم ئەو سۆزە دینییەی بەسەر بەشێکی زۆری کورد زمانەکان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستاندا زاڵە، بابەتێکی روون و بێ شکە کە لەنێوان بەرەی (ماکرۆن) و بەرەی (ئیسلام) زۆرینەی کورد لە سەنگەری ئیسلامدا دەجەنگن، ئەمە ئەگەر سەیری مێژووش بکەین هەر وابووە، هەمیشە لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان جا پەیوەندی هەبووبێت بە کوردستانەوە یان نا، کورد بەرەی ئیسلامی هەڵبژاردووە و والی و خەلیفەیەکی پێ باشتر بووە لە هەر سەرکردە و هێزێکی دیکەی جیهانی.

دووەم: کورد هەمیشە لەنێوان نەتەوە و دین یان نیشتمان و دین، دینی هەڵبژاردووە بەبێ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بەرژەوەندی خۆی و خاک و نەتەوە.

سێهەم: ئەوەی من لێی تێگەیشتووم و بینیومە کورد بە تەبیعەت حەزی لێیە هەمیشە وێنایەک بۆخۆی دروست بکات کە دووژمنی هەیە و دەیەوێت وەڵامی بداتەوە و خۆی پێوە سەرقاڵ بکات (هەر ئەوەی لە سۆشیال میدیاش زۆر جار باس دەکرێت و دەگوترێت، بەدوای مەوزوعدا دەگەڕێین ماوەیەک خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین، خۆ بیرمە هەر چەند ساڵێک پێش ئێستا پرۆفایل پیکچەری زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئاڵای فەرەنسا بوو، داوای سەلامەتیتان دەکرد بۆ ئەو وڵاتە!! ).

چوارەم: لە وڵاتانی دنیا هاوڵاتیان(مەبەستم ئەوانەیە کە حەزیان لە سیاسەتە نەک وەک لای خۆمان هیوایەتی هەموومانە) دوای بڕیاری حکومەت و دەسەڵاتەکەیان دەکەون، ئەوان بڕیاربێت دژ یان پشتیوانی دەوڵەتێک یان لایەنێک یان هەر شتێکبن بە رەسمی دەیڵێن و هاوڵاتییەکانیشیان (ئەگەر پێویست بێت و تاقەتیان هەبێت) پشتیوانیان لێدەکەن، بەڵام چونکە لێرە نە حکومەت گوێ لە خەڵک دەگرێت و نە خەڵکیش باکی بە بڕیاری دەوڵەتە بۆیە ئەوەی ویستی و حەزی ڵێیبوو دەیڵێت بەبێ ئەوەی بزانێت بەرژەوەندی گەل و نیشتمان لە کامە بڕیاردایە.

پێنجەم: کورد هیوایەتی ئەوەیە دوای قەرەباڵغی بکەوێت، گرنگ نییە چی دەڵێت و چی دەنوسێت گرنگ ئەوەیە ئەوە بڵێت کە زۆرینە وتوویانە ئیدی راستە یان نا بەشێکی زۆریان هەڵسەنگاندنیان نە بۆی هەیە نە لێی تێدەگەن (لە زۆر بابەتی دیکەشدا ئەمە وابووە).

من چی لەمە شەڕە تێگەیشتووم؟

ئەمەی دەگوزەرێت نە شەڕی ئیسلام و کافرەکانە و نە ململانێی لایەنگر و دژبەرەکانی پێغەمبەری ئیسلام.

شەڕی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری رێبەرانی ئیخوانیزمی ئیسلامی و سیکۆلاری ئەوروپایە، شەڕی (تورکیا – قەتەڕ) و وڵاتانی هاوئاواز و هاوبیرەکانیانە لەگەڵ (فەرەنسا) و دەوڵەتانی دیکەی هاوبیری ماکرۆن.

فەرەنسا دەمێکە شەڕی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دەستپێکردووە و بە ئاشکرا وتوویەتی و نەیشاردووەتەوە بۆیە کاردانەوەکانی ئەوانیش لە ئاستی دەوڵەتدا ئەوەندە خێرابوو، دڵنیام پەیوەندییەکانیان جۆرێکی دیکە بووایە قسەی تورکیا و قەتەر و ئەوانی دیکەش بە جۆرێکی دیکە دەبوو(ئەوکات محل-ی کورد چی دەبوو لە آعراب-دا؟).

بۆیە کاتێک تۆ لە هەرێمێکی پڕ لە کێشەی سیاسی و ئابووری و قەیران و قاتووقڕیدا هیچ رۆڵێکت نییە لەو شەڕی بەرژەوەندییەی ئەو زلهێزانەدا چیتداوە لە هاشتاگ و کەمپەین؟ هەر بەڕاستی پێت وایە گوێت لێ دەگیرێت؟ بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گوێی لە کەمپەینەکانت گرت کە بۆ مووچە و بژێوی کردووتە و دەیکەیت تاوەکو ماکرۆن گوێت لێ بگرێت و بڕیارەکەی بگۆڕێت؟ یان هەر بەراستی پێتوایە بەو هاشتاگە خوا لێت رازی دەبێت؟

نە دین و خوا پەرستی بە هاشتاگە و نە شەڕ شەڕی ئێمەیە، بۆیە پێموایە ئەم خۆ هەڵقورتاندنەی ئێمەی کورد لەم بابەتەدا زیادەیە.

دین بابەتكی روحییە و پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان خۆت و خواوە و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیت مەبەستەرەوە بە دینەکەتەوە.

ئەوەی لە مێژووی دوور و نزیکدا زیانی لێداوین یان هەر لانی کەم بێ هەڵوێست بووە لەوەی بەسەرماندا هاتووە و قەتلوعام کراوین، وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بووە نەک فەرەنسا و ئەوروپا، ئەگەر وڵاتێک هەبووبێت بە ئاشکرا پشتیوانی لێکردبێتین بێ سڵەمینەوە لە کاردانەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان فەرەنسا بووە.

کەواتە بۆمن ئەگەر بڕیاربێت لەنێوان فەرەنسا و هەموو ولاتانی عەرەبی و تورکیادا وڵاتێک هەڵبژێرم بێ شک فەرەنسا بژاردەی منە، ئەگەر بڕیاریش بێت لەنێوان بەرژەوەندی نەتەوە و دیندا یەکێکیان هەڵبژێرم لەمەشدا بێشک دەنگم بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیە.

وەک وتم دین بابەتێکی روحییە و بەتەنیا پەیوەستە بە خودی خۆتەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif