پرسی هەرێمی قەرەباخ برینێكە كە هەرچەند جاروبار پەترۆ دەبەستێت، بەڵام ناوەناوەش دەكولێتەوە. لە سەروبەندی هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەتدا، ئەرمینیا لەڕێگەی زەنجیرە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییەوە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی داگیركرد و هەرچەند بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان هەرێمی قەرەباخ سەر بە یەكەیەكی جوگرافیای سیاسییە بە ناوی كۆماری ئازەربایجان، بەڵام لەوكاتەدا رووسیا وەک میراتگری سەرەكیی یەكێتیی سۆڤیەت، بەحوكمی كۆمەڵێک فاكتەری وەک هاوبەشیی ئایینی چاوی لە ئۆپەراسیۆنەكانی یەریڤان لە هەرێمی قەرەباخ نووقاند و تەنانەت یارمەتیی هەواڵگری و هاوسۆزیشی بۆ دەربڕی. ئەرمینیا هەرچەند رێزی لە سەربەخۆیی ئیداری و كارگێڕیی هەرێمی قەرەباخ گرت، بەڵام لەباری ئەمنی، سەربازی و دەسەڵاتی سیادییەوە لەوكاتەوە تاوەکو ئێستا قەرەباخی بەشێوازی دیفاكتۆ كردووەتە بەشێک لە خاكی خۆی. هەرچی سەبارەت بە كۆماری ئازەربایجانیشە هیچ كات ئەمەی قبووڵ نەكردووە و لەهەر دەرفەتێكدا بۆی لوابێ هەوڵی گەڕانەوەی هەرێمەكەی بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی لەبیرنەكردووە. لەم نێوەندەدا ئەوەی بەرچاوە ئەوەیە، كە قەرەباخ نەک مەیدانی زۆرانبازیی ئەرمینیا و ئازەربایجان، بەڵكو لە راستیدا گۆڕەپانی هێزە ئیقلیمییەكان و وڵاتانی دراوسێی قەرەباخە، كە هەركامە و داكۆكی لە لایەنێكی شەڕەكە دەكەن.
هەر لە یەكەم رۆژی هەڵگیرسانەوەی شەڕەكەوە، توركیا گرنگترین رۆڵی بینیوە و بە راشكاوانە رایگەیاندووە تاوەکو وەدەرنانی تەواوەتیی ئەرمینیا لە قەرەباخ، دەست لە پاڵپشتیی ئازەربایجان هەڵناگرێت. هەرچی سەبارەت بە ئێرانیشە، هەرچەندە هاوسۆزیی بۆ ئەرمینیا هەبوو، بەڵام هەفتەی یەكەمی شەڕەكە بێدەنگیی هەڵبژارد، رەنگە لەبەر ئەوەی پێیوابوو شەڕەكە ئەمجارەشیان لە ماوەیەكی كورتدا دادەمركێتەوە. كە هەر ئەمە بۆخۆی ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ئێران هەر لە سەرەتاوە خوێندنەوەیەكی دروستی بۆ بابەتەكە نەبووە. بەڵام دواتر بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئێران شەڕەكە زیاتر تەشەنەی سەند و تەنانەت دوو گوندی سنووریی ئێران و سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی شەرقی تا ئێستا زیاتر لە پەنجا گولەی هاوەنیشیان بەركەوتووە. هەروەها پێشنوێژی هەینیی چەندین شاری گەورەی ئازەرینشینی ئێران و تەنانەت پەرلەمانتارە ئازەرییەكانی پەرلەمانی ئێرانیش پشتیوانی خۆیان بۆ كۆماری ئازەربایجان دەربڕی. هەموو ئەمانە وایانكرد حكومەتی ئێرانیش بەفەرمی بێتە سەر هێڵ و هەڵوێستی فەرمی بنوێنێت.
لە یەكەم هەڵوێستی فەرمیدا ئێران بەناچاریی رایگەیاند لەبەرئەوەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان هەرێمی قەرەباخ سەر بە كۆماری ئازەربایجانە و كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەردەوام رێزی لە یاسا نێودەوڵەتییەكان گرتووە، داوا لە هەردوو لایەنی شەڕەكە دەكەین بگەڕێنەوە بۆ یاسا و بە گفتوگۆ كێشەكە چارەسەربكەن. كەوتنەخوارەوەی هاوەن لەنێو خاكی ئێراندا رووخانی چەندین خانوو و برینداربوونی چەندین گوندنشینی لێكەوتووەتەوە و هەرئەمەش وایكرد كە ئێران بەناچار جووڵە بە هێزەكانی بكات و هێزێكی فراوانی سەربازی لە سنورەكەدا جێگیربكات.
لە پرسی قەرەباخدا ئێران لە دووڕیانێكی خراپدا قەتیس ماوە. بەڵام لە حەقیقەتدا لانیكەم دوو هۆكاری گرنگ لە ئارادان كە وا دەخوازێت ئێران لەم بابەتەدا بەشێوازی نافەرمی پشتیوانی و هاوسۆزی بۆ ئەرمینیا هەبێت. یەكەم، لە ئێراندا پرسی ناسیۆنالیزمی ئازەری پرسێكی گەرم و زیندووە و كۆماری ئازەربایجانیش بەشێوازی شاراوە و نافەرمی هانی ئازەریە جوداخوازەكانی ئێران دەدات و ئەمەش وادەكات ئێران پێی باشتربێت كەرتێكی ئەرمەنی (قەرەباخ) كەلێن بخاتە نێوان پارێزگا ئازەرییەكانی ئێران و وڵاتی ئازەربایجانەوە بەو هیوایەی كە ئەم دابڕانە جوگرافیاییە ببێتەهۆی دابڕانی كولتووری و هاوبەشیە مێژینەكانی ئازەرییەكانی ئێران و ئازەربایجان و دواتر كاڵبوونەوەی زیاتری بیری ناسیۆنالیزمی ئازەری لە ئێران. هۆكاری دووەمیش دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی تووندوتۆڵ و دۆستانەی نێوان كۆماری ئازەربایجان و ئیسرائیل. ئێران ئازەربایجانێكی لاوازی زیاتر بەلاوە پەسەندە، چونكە كۆماری ئازەربایجان هاوپەیمانێتیی پتەوی سەربازیی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و تەنانەت ئیسرائیل بنكەی سەربازیشی لە ئازەربایجان دامەزراندووە، كە ئەمە بۆخۆی مەترسیی گەورەی بۆ ئێران لێدەكەوێتەوە.
پرسی قەرەباخ ئێرانی خراپ گیرۆدە كردووە، لەلایەكەوە ئێران خۆی حەشیمەتێكی زۆری ئازەریی هەیە و ڕای گشتیی ئەم حەشیمەتە زۆرە وادەكات ئێران بە راشكاوانە و لە هەڵوێستی فەرمیدا حەق بە ئازەربایجان بدات و لەلایەكی دیكەشەوە گوشارەكانی رووسیای هاوپەیمانی ئێران و هەروەها كۆمەڵێک بەرژەوەندیی خودی ئێرانیش وادەخوازێت لایەنگریی لە ئەرمینیا بكات، هەربۆیە ئەم دۆخە دژوارە وایكردووە لەپرسی قەرەباخدا ئێران لەناوەڕاستدا بووەستێت و وەک دەڵێن هەم لە ناڵ بدات و هەمیش لە بزمار.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق