موحەمەد حكیم جبار
-
ھاوکاری وبەدەمەوەھاتنی فەرەنسا لە گەلی کورد، لە بەرامبەر قبوڵکردنی بێڕێزیکردنی ئەوان نیە بە ئایین و پێغەمبەری ئیسلام (صلی اللە علیە وسلم).
مرۆڤ شایەنی ڕێزگرتن و پاراستنی شكۆیەتی، ئەو ڕێزگرتنە پێویستە هەمەلایەن بێت و هەموو ئەو شتانە بگرێتەوە كە خودی مرۆڤەكە دەیخوازێت و یان خۆی باوەڕی پێیەتی، چۆن گرنگە ڕێز لە نەتەوە و خاكی هەر مرۆڤێ بگیرێت، بەجۆرێك لە مامەڵەی نەتەوەییدا هەست بە ستەم نەكات، لە لایەكیتریشەوە زیاتر پێویستەو لە پێشترە ڕێز لە باوەڕ و ئاینی مرۆڤ بگیرێت لە ئازادی ممارەسەكردنی ئاینەكەیەوە تا پاراستنی هەستی ئاینی، بەجۆرێك نە ئاین و نەنەتەوە و نەڕەنگ و نە ڕەگەز، ژیانی كەس نەخاتە بەردەم مەترسی
لە ئێستادا سەرۆكی فەرەنسا هەنگاوێك پاشەكشەی كردوە لەوەی خۆی بانگەشەی بۆ دەكات لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ودیموکراسی ، بەڵام بێ ڕێزیكردن بەرامبەر بە ئاین و پێشەوای ئاینێك بە هەر ناوێكەوە بێت هەڵەیەكی كوشندەیەو جارێكیتر ختوكەدانی پەرتكردنی كۆمەڵگە و زەقكردنەوەی جیاوازی ئاینیە و ئەمەش بۆ خودی فرنسا مەترسیەكی جدیە
ئێمەش وەكو كورد هەر هاوكاری و وبەدەمەوەھاتنێكی هەر وڵاتێك بە گرنگ دەزانین و سوپاسی لێدوانێكی ئیجابی دەكەین بە قازانجی كورد چجای بڕیارێك و بەدەمەوە هاتن، ئەگەرچی هەمیشە زلهێزان لە چوارچێوەی بەرنامەو ستراتیجی بەرژەوەندی وڵاتەكانی خۆیاندا مامەڵە دەكەن، بەڵام هەر پشتیوانیەكی مرۆڤانە و نەتەوەییانە بە گەورە وەسف دەكەین، بەڵام ئەوە نابێت وا بخوێنرێتەوە كە مادام وڵاتێك لە ڕوە سیاسیەكەوە دۆستمانە ئیدی حەقی پێ بدەین كە لە ڕووە ئاینیەكەوە ئازاری دەروونیمان بدات و بێڕێزیەكانی قبوڵ بكرێن، ئێمە موسڵمانی كوردین ، چۆن بێڕێزی بە زمان و خاك ئازاری مرۆڤێكی نیشتیمان پەروەر دەدات ئاواش بچوكترین بێڕێزی بەرامبەر بە ئاین و پێشەواكەمان كە (محمد) پێغەمبەری ئیسلام (صلی اللە علیە وسلم) زیاتر ئازارمان دەدات و هەرگیز جێگای قبوڵ نابێت لامان و موسڵمان هیچ پاساوێك نابینێتەوە بۆ ئەوەی بەرامبەر بێڕێزی بێدەنگبێت، بۆیە ئەوەی ماكرۆن كردی بێڕێزی بوو بەرامبەر تاك بەتاكی موسڵمانان و بەزاندنی هێڵێكی سوری مەترسیدارە بۆ فەرەنسا، چونكە ئەوە وابەستەیە بە ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاینیەوە
گەر سەرنج بدەین لە خودی فەرەنسا بەپێی یاسای فابیوس کە لە ساڵی ١٩٩٠ پەسەندکراوە، بەتاوان دانراوە كە کەسێک گومان لە بوونی ھولوکوست بکات، ئەمە لەبەر دڵی چەند ملیۆن جویەک، بەڵام سەرۆکی فەرەنسا بێ ڕێزی بەرانبەر بە ئایین و پێغەمبەری نزیک لە دوو ملیار مرۆڤ بکات، بە ئاسایی حساب بكرێت.
لە لایەكیترەوە برادەرانەی دەسەڵاتداری کوردی زۆرجار دەڵێن ئێمەش موسوڵمانین و زۆرێكیشیان وا خۆیان نیشان دەدەن كە پابەندی ئاینیشیان هەیە، بەڵام هیچكات نەمانبینی ڕۆژێک لەسەر پیرۆزیە ئاینیەكانی ئیسلام بێنە دەنگ، لانی کەم ئیدانەی بێ ڕێزییەک بکەن کە بەرانبەر بە خوا و ئایین و پێغەمبەری میللەتە موسوڵمانەکەیان دەكرێت، ئەگەرچی ئەركیانە بەرگری لە ئاینەكان بكەن و لە بەرامبەر بێڕێزیكردندا، چجای ئەوەی ئەو بێڕێزیە بەرامبەر بە ئاینی زۆرینەی میللەت بێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق