کاردانەوەی وڵاتان بەرامبەر دیبەیتەکەی بایدن و ترەمپ

ليست هناك تعليقات


دووەمین و دوایین دیبەیتی نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن جێگەی سەرنجی خەڵک و میدیای وڵاتانی جیاوازی جیهان بوو. میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، هەردوو بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکا خراپترین و تووندترین وشەیان بەرامبەر یەکتری بەکارهێنا. 

سوودابە حوسنیدوخت، بێژەری میدیای فەرمیی ئێران گوتی، "دوایین دیبەیتی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بووە گۆڕەپانێک بۆ هێرشی زارەکی بۆ سەر یەکدی. درۆزن، گەندەڵ، رەگەزپەرست، بێتوانا و بێمانا ژمارەیەک لەو وشانە بوون هەردوولا بۆ پێناسەکردنی کاراکتەری یەکدی بەکاریان هێنا. سەرەڕای ئەوەش، دیبەیتەکە بەراورد بەوەی پێشوو ئارامتر بوو". 

میدیای فەرمیی رووسیاش بڵاویکردەوە، هەرچەندە مۆدێرەیتەرەکە زۆر هەوڵیدا بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام هەردوو بەربژێر سووکایەتیان بە یەکدی کرد، هەربۆیە تەنانەت هەردووکیان بێ ماڵئاوایی لە یەکدی سەکۆی دیبەیتەکەیان جێهێشت. 

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیاش نیگەرانی خۆی دەربڕی لەو هەستە پڕ لە قینەی لە دیبەیتەکەدا بەرامبەر رووسیا دەربڕدرا. 

دیبەیتەکە لە ئیسرائیلیش بینەری زۆری هەبوو. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە پاڵپشتی ترەمپ دەکەن و پێیان وایە ئەویش براوەی دیبەیتەکە بوو. 

براین لێڤین، دانیشتووی ئورشەلیم (قودس)ـە و دەڵێت، "پێموایە دیبەیتەکە زۆر باش بوو. مۆدێرەیتەرەکە زۆر پرۆفێشناڵ بوو. پێموایە ترەمپ زۆر سەرکەوتوو بوو و بایدنی وێران کرد. ئومێدەوارم دیبەیتەکە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی ئەمریکا هەبێت". 

ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئێران پێیان وایە دەرچوونەوەی ترەمپ واتە زیادبوونی گوشارەکانی سەر وڵاتەکەیان و هەربۆیە ئومێدەوارن جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەوێت.

بۆچوونی خەڵکی ئێران لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی بە پەرۆشەوە سەیری بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەن. ئەوان دەزانن کە ئێستا راپرسییەکان لە بەرژەوەندی بایدندان، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکەن، دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژێکدا هەموو شت پێچەوانە بێتەوە و ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە. 

سوهراب مەهداڤی، نووسەرە و دەڵێت، "ناتوانیت بڵێیت کێ دەیباتەوە و تاوەکو دوایین چرکەش ناتوانیت بڵێیت. ترەمپ لەسەر بنچینەی دنەدان کاردەکات و کلیلی سەرکەوتنیشی لە هەڵبژاردنی پێشوودا دژی هیلاری بریتیبوو لە توانای خۆی و تیمەکەی بۆئەوەی خەڵکێکی زۆر هانبدەن بەشداری لە دەنگداندا بکەن. لەولاوە، بایدن دەیەوێت بە جۆرێکی دیکە خۆی پێشانبدات. ئەوەی راستی بێت، هەردووکیان پەروەردەی سیستەمێکن کە دەیەوێت جیهان لە لایەن ئەمریکاوە کۆنتڕۆڵ بکرێت". 

لە دوو ساڵی رابردوودا ئیدارەی ترەمپ گوشارەکانی لەسەر ئێران زیادکردوون و ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە هەبووە. ترەمپ دەڵێت، گوشارەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی تاران ئامادەی رێککەوتنێکی نوێ دەبێت، بەڵام بایدن پشتگیری لە بەردەوامیدان بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دەدات. 

ئەو جیاوازییە وایکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئێران هیوا بۆ شکستی ترەمپ بخوازن، بەڵام هەندێکیشیان پێیان وایە ترەمپ بێت یان بایدن گوشارەکانی سەر تاران بەردەوام دەبن. 

مەسعوود فەرەج زادە، مامۆستایە لە تاران پێی وایە، سیاسەتی ئەو دوو کەسە وەک یەکە. "هەرکامیان ببێتە سەرۆکی ئەمریکا شتێکی ئەوتۆ بۆ ئێمە ناگۆڕدرێت، چونکە هەردووکیان هەمان سیاسەت بەرامبەر ئێران پەیڕەودەکەن. وادیارە پلانێک هەیە کە پێشتر نووسراوە". 

ئەزموونی 40 ساڵی رابردوو دەریدەخات چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تاران و واشنتن ئاسان نییە، بەڵام ئەزموونی ئیدارەکانی ئۆباما و ترەمپیش پیشانی دەدات، ئەو کەسەی لە کۆشکی سپی وڵات بەڕێوەدەبات دەتوانێت گوشارەکان لەسەر تاران زۆر زیادبکات یان کەمیان بکاتەوە. 

هاوکات ئیسرائیلییەکان بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەیان هەیە و بۆچوونی زۆربەیان ئەوەیە کە ترەمپ نزیکترین دۆست و هاوپەیمانیانە. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif