کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر توندوتیژی خێزانی

ليست هناك تعليقات

 

حەیات مەجید 
-
هەندێک پێیان وایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتە هۆی بەرهەمهێنانی نیگەرانی لەنێو خێزانەکاندا، هەندێكیش وای دەبینن کە بۆتە هۆکاری بەهێزکردنەوەی پەیوەندیی خێزانی. کەرەنتینەکردن بووە هۆی ئەوەی خێزانەکان پێکەوە لەسەر خوانەکان کۆببنەوە، زۆربەی کاتەکان پێکەوە بمێننەوەو شاهێدی ئازار و خۆشیەکانی یەکدی بن. کەواتە دەتوانین بڵێن یەکێک لە دەرئەنجامە ئەرێنیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن، بەهێزکردنەوەی خێزان و یەکێتی ناو خێزانەکان بووە. 

کەرەنتینە هەموو ئەندامەکانی خێزانی خستەوە ماڵ. بەڵام وەک بەشێک لەرووداوەکانی تر، دوبارە ئافرەتان پشکی شێریان لەبەرپرسیارێتیەکانی مامەلەکردن لەگەڵ کەرەنتینەو کاروبارەکانی ماڵ کەوتەوە ئەستۆ. لەهەموویان گرنگتر بەخشینی چەشنێک گەرموگوڕی بەماڵ و کەشێکی ئارام و تەندروست بۆخێزانەکان لەبوونی کاتێکی زیاتر بۆ ئەندامەکانی و لەدروستکردن و هەمەچەشنەکردنی خواردن، کە وەک بەشێکی گرنگ لەپلانی باوەشکردنەوە بۆ خێزان و قەرەبووکردنەوەی بەهۆی کاری دەرەوە و سەرقاڵیەکانی بەشداریکردنی بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزان لەئەستۆی ئافرەتاندا بووە. باوەشکردنەوەو پێکەوە بوونەوەی خێزانەکان، کاریگەریان لەسەر تەبایی خێزان و بەهێزکردنەوەی خۆشەویستی و متمانەی نێوان ئەندامانی خێزانەکاندا هەبووە. لەماوەی کەرەنتینەو رێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا، تەبایی خیزانەکان زیادی کردووە. رۆڵی ئافرەتانیش کاریگەربووە لەدروستکردنەوەی ئەم تەباییە خێزانیەو کەشە ئارامەی خێزانەکان، ئەمەش بەهۆی سروشتی نەرمونیانی خۆیەوە بووە.

ئامارەکان لەجیهانداو بەتایبەت لەهەندێک لەوڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەوروپا، ئەوە دەردەخەن کە قەبارەی توندوتیژی خێزانی بەهۆی کەرەنتینەوە رێکارەکانی خۆپارێزی، زیادیان کردووە. لەبەشێک لەوڵاتانی ئەفریقا، توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بەهەمان هۆکارەوە زیادیان کردووە. بەشێک لەخێزانەکانیش لەهەرێمی کوردستان بەهۆی نیگەرانییەکانی لەدەستدانی کارو سنورداری داهاتی رۆژانەوە، نەیانتوانی چێژ لەو کاتانە وەربگرن کە خێزانەکان پێکەوە بوون و جۆرێک لەنیگەرانی و نائومێدی بەرهەمهێناوە. بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە، لەهەرێمی کوردستان لەماوەکانی کەرەنتینەو پابەندی ھاولاتیان بە رێکارە تەندروستیەکان و کەمتر چوونە دەرەوە لە مال، بەگشتی ئاستی توندوتیژی خێزانی و بەتایبەت توندوتیژی دژ بەئافرەتان، بەراورد بەساڵانی رابوردوو، کەمیان کردووە.

بەراوردکردنی هەردوو ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان لەنێوان ساڵانی رابوردوو بە ساڵی 2020، ئەوەمان پیشان دەدات کەهەردوو رێژەی جیابوونەوەو دەستدرێژی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیانکردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، ساڵی 2018ی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لەشێوەی دەستدرێژی سێکسی لەکۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ١٤٥ حاڵەت بووەو لەساڵی 2019 بەرزبۆتەوە بۆ 155 حاڵەت. بەڵام ئەم رێژەیە لەشەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020 و لەماوەی کەرەنتینەدا تەنها 35 حاڵەت بووە.

سەبارەت بە توندوتیژیە خێزانیەکان بەشێوەیەکی گشتی، پێچەوانەی بەشێکی زۆر لەوڵاتانی جیهان، بەکەمبوونەوەی ژمارەی سکاڵاکان لەدژی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان، بۆمان دەردەکەوێت کە بەراورد بەساڵانی رابوردوو، توندوتیژی ناوخێزانەکان و بەتایبەت دژ بەئافرەتان لەماوەی کەرەنتینەو دواتردا، کەمبوونەتەوە. بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانە، سکاڵاکان لەدژی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لەساڵانی 2018 و 2019 دا بەرزدەبنەوە، بەجۆرێک لە 9568 سکاڵاوە لەساڵی2018 دا بەرزدەبێتەوە بۆ11907 لەساڵی 2019دا. ئەگەرچی زیادبوونی سکاڵاکان لەدژی توندوتیژی دەکرێت وەک زیادبوونی رۆشنبیری ئافرەتان بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانیان لێکبدرێتەوە، بەڵام کەمبوونەوەی ئەم رێژەیە لەساڵی 2020 بۆ 3769 سکاڵا، جێی دڵخۆشی و ئاماژەی کەمبوونەوەی توندوتیژیە خێزانییەکانە.

یەکێکی تر لەو ئامارانەی ئاماژەن بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژی ناوخیزانەکان، کەمبوونەوەی رێژەی خۆسوتاندنی ئافرەتانە. ریژەی خۆسوتاندن لەناو ئافرەتان لەساڵانی 2018 و 2019 بەڕێژەی مامناوەند بریتی بووە لە ١٠٥حاڵەت. بەڵام ئەم رێژەیە لەشەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020 دابەزیووە بۆ تەنها 26 حاڵەت و ژمارەی خۆکوشتنیش لەنێوان ئافرەتان لەهەمان ساڵان بەرێژەی ناوەند 68 ئافرەت بووە، کەچی دووبارە لەشەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020، ئەم ژمارەیە خۆشبەختانە بۆ 46 حاڵەت دادەبەزێت. کەمبوونەوەی رێژەی کوشتنی ئافرەتانیش، نمونەیەکی تری کەمبوونەوەی توندوتیژیە خێزانیەکانە لەسەردەمی کەرەنتینەوە مانەوە لەماڵەکاندا. ژمارەی کوشتنی ئافرەتان لە ساڵی 2018 بریتی بووە لە 46 حاڵەت و لەساڵی 2019 دا 41 حالەت، بەڵام لەشەش مانگی یەکەمی 2020 دا بۆ تەنها 3 حاڵەت کەمبۆتەوە.

ئەم ئامارەنە ئەوەمان پێمان دەلێن کە ماڵەکان بەراورد بەکاتی ئاسایی و کارکردن، لەکاتی کەرەنتینەدا ئارامتربوون. کەواتە دەکرێت بڵێن مانەوە لەنێو خێزانەکان بەراورد بە تێکەڵاوبوون بە کۆمەڵگا و دامەزارەوەکانی، سودی زیاترهەیە لەکەمبوونەوەی توندوتیژییەکان. دەشێت بڵێین دەرئەنجامی ئەو راستیەیە کە خۆ سەرقاڵنەکردن بەخەڵکەوەو ئارام بوون لەماڵەکانی خۆتدا، وائەکات کێشە کۆمەڵایەتیەکان کەمتربن. ئەوە کەشوهەوای دەرەوەی ماڵە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کەشوهەوای ناوماڵ و خێزانەکان دروستکردووە، ئەگیان ماڵەکان سەرچاوەی ئارامی و خۆشبەختی مرۆڤەکانن.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق