راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌مژانه‌

ليست هناك تعليقات


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
-
له‌ سه‌ر پرسی دابه‌شكردنی كوردستان و تۆمه‌تباركردنی فه‌ڕه‌نسا ، جگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رێكه‌وتنی سایكس بیكۆو دابه‌شكردنی ده‌سكه‌وته‌كانی شه‌ڕ له‌ نێوان به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نسا ،توشی هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌ق ده‌بین كه‌ پێمان وابێ‌ فه‌ڕه‌نسا هۆكاری دابه‌شكردنی ئێمه‌یه‌ ، باشه‌ گریمان فه‌ڕه‌نسا یه‌كێكه‌ له‌و زلهێزانه‌ی دابه‌شی كردوین له‌ كاتی دروستكردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ، ئێ‌ خۆ فه‌ڕه‌نسا ئێمه‌ی نه‌خستوه‌ته‌ ژێر چنگی خۆیه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ "برا موسوڵمانه‌كانمانن " له‌ تورك و فارس و عه‌ره‌ب ئێمه‌یان چه‌وساندوه‌ته‌وه‌و به‌ گژ ئه‌و دابه‌شكردنه‌دا نه‌چونه‌ته‌وه‌و نه‌یانوتوه‌ ئه‌مانه‌ برامانن.

ئێمه‌ پێش سایكس بیكۆ بۆماوه‌ی سه‌دان ساڵ قوربانی ده‌ستی "برا موسوڵمانه‌كانمان " بووین ، ئه‌وان له‌ نێوان خۆیاندا وڵاتیان دابه‌شكردین و خۆیشمانیان به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌ ئه‌كرده‌ گژ یه‌كترا ، ئایه‌ كه‌س داتایه‌كی لایه‌ كه‌ عوسمانی و سه‌فه‌وی چه‌ندان هه‌زار كوردیان كردوه‌ته‌ خۆراكی شه‌ڕی خوێناوی خۆیان ، كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ‌ سه‌دان شه‌ڕی عوسمانی و سه‌فه‌وی قوربانیه‌كانی هه‌ردوو لای كورد بوونه‌ ، ده‌ی خۆ ئێمه‌ گه‌لێكی باوه‌ڕداو خودا په‌رست بووین ، شیعه‌و سونه‌شمان هه‌بوو ئه‌وه‌ بۆ نه‌عوسمانی خوێن رێژ و نه‌سه‌فه‌وی خوێن رێژ ده‌وڵه‌تۆكه‌یه‌كی بچوكیان به‌ براكورده‌كانیان ڕه‌وا نه‌بینی .

به‌رله‌ عوسمانی و سه‌فه‌ویش كاتێ‌ عه‌ره‌ب به‌ ناوی فتوحاته‌وه‌ هاتنه‌ سه‌رمان و شارو ناوچه‌و هه‌واریان وێرانكردین و زۆریان لێ‌ "نه‌فڵه‌" ئه‌نفال كردین ئێمه‌ باوه‌شمان بۆ ئاینه‌كه‌كرده‌وه‌و شایه‌دیمان بۆ خوداو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی دا ، به‌ڵام ئه‌وان له‌ سه‌ر خاكی خۆمان لێنه‌گه‌ڕان ماڵێكی ئاسوده‌و وڵاتێكی بچوكمان هه‌بێت، زۆر نه‌زانیه‌ مرۆڤ هه‌موو ئه‌و راستیانه‌ نه‌زانێت ، ده‌ی له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دوه‌میشه‌وه‌ " برا موسوڵمانه‌كانمان" هیچ نه‌ما پێمان نه‌كه‌ن ، له‌ كوشت و بڕ ، جینۆساید ، ئه‌نفال ، كیمیاباران و هتد ، ئێستاش له‌ نێو سوپای وڵاتانی توركیاو ئێران و عیراق و سوریا كورد هه‌یه‌ و له‌ شه‌ڕو شۆڵدا به‌ كوشتیان ده‌ده‌ن ، ئه‌وه‌ خێره‌ له‌ سه‌ر خاكی خۆمان " برا موسوڵمانه‌كانمان " دانمان پێدا نانێن و نایانه‌وێ‌ هه‌بین .

له‌ دیار به‌كر له‌ شاره‌وانی نێو چوار چێوه‌ی دیواری دیار به‌كر " شاره‌وانی سور " چه‌ند ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر عه‌بدوڵا ده‌میر باش كه‌ هیوادارم ئێستا یه‌كێك نه‌بێت له‌و 30 هه‌زار زیندانیه‌ كورده‌یده‌ستی سوڵتان له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ی وێنه‌ی دووكوڕی دانابوو یه‌كێ‌ سه‌ربازو یه‌كێ‌ گه‌ریلا ، ئه‌وه‌ بۆ تورك ئاكاری ئه‌وه‌یان نیه‌ له‌ به‌ر خاتری خوێنی سه‌ربازه‌ كورده‌كان دان به‌ سه‌ربه‌خۆی باكوری كوردستاندا بنێن .

گه‌مژه‌ییه‌ ئێمه‌ " برا موسوڵمانه‌كانمان " زیاتر له‌ هه‌زار ساڵه‌ ده‌مان كوژن و ده‌مانچه‌وسێننه‌وه‌ ، ئێمه‌ بڵێین فه‌ڕه‌نسا واو ئینگلیز وا ، ئه‌مه‌ داكۆكی نیه‌ له‌ فه‌ڕه‌نساو به‌ریتانیا ، ئه‌مه‌ بیرخستنه‌وه‌ی زه‌برو زه‌نگی براكانمانه‌، ده‌نا فه‌ڕه‌نساو ئینگلیزیش فریشته‌ نین و خوێنی كوردیان له‌ ئه‌ستۆیه‌ .


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif