موحەمەد لەودیو خۆیەوە

ليست هناك تعليقات


پەیكار عوسمان
-
یادی پێغەمبەر بە گسك و خاکەنازەوە ئەکرێتەوە، چونکە ئەو زێڕێکە لەناو هەزاران تەن زبڵدا. تەواوی ئەو زبڵ و خاشاکەش لێ ی نوسراوە موحەمەدو وێنەی ئەوی لێدراوە. تۆش ئەبێ هەموو ئەو زبڵە لادەیت و هەموو ئەو وێنانەی موحەمەدیش بدڕێنیت، ئینجا ئەگەیتە زێڕەکە. یادی موحەمەد ئیبراهیمانە ئەکرێتەوە، چونکە ئەو بووە بە بت و ئەبێ بیشکێنیت، کە شکاندت ئینجا ئەگەیتە خۆی!

موحەمەد لەو شتانەدا نیە کە ناوی ئەوی لەسەرە، لەو شتانەدایە کە ناوەڕۆکێکی جوانی تیایە. موحەمەد لەو سیاسەتەدا نیە کە بە ناوی ئەوەوە ئەکرێ، لە چاکەی گشتییدایە هەرکەس بیکات. موحەمەد لەو حوکمەدا نیە کە بەناوی ئەوەوە ئەکرێ، لەو عەدالەتەدایە کە لە هەرکوێ هەیە. لەو کەهانەت و دیندارییەدا نیە کە بەناوی ئەوەوە ئەکرێ، لە وێژدانێکی زیندودایە هی هەرکەس بێت. لەو شەڕانەدا نیە کە بە ناوی ئەوەوە کراوەو ئەکرێ، لە ئاشتی و پێکەوەژیاندایە بە هەر ناوێکەوەبێت. لەو ئەخلاقەدا نیە کە بە ناوی ئەوەوە داتاشراوە، لەهەر چاکەیەکدایە هەرکەس بیکات. موحەمەد لە هەرشتێکدایە، کە ناوەڕۆکەکەی ئینسانی و باڵایە، نەك لەوەی کە ڕووکەش و ناوەکەی ئەوییە!

خەلیفەو سەڵاتین و کەهەنە، حەزی خۆیان بۆ سوڵتە، کرد بە حەدیس و دایانە پاڵ موحەمەد. حەزی خۆیان بۆ ژن، کرد بە حەدیس و دایانە پاڵ موحەمەد. ڕقی خۆیان لە نەیارەکانیان، کرد بە حەدیس و دایانە پاڵ موحەمەد. قورئانیشیان وا ڕاڤەکرد، کە لە شمشێرو گون تێپەڕنەکاو ئەمەشیان دایە پاڵ موحەمەد. ئیتر لە هەموو موحەمەد، تەنیا کابرایەکی شمشێر بەدەستی دەسەڵاتخوازی شەهوانی مایەوەو تۆش ناچارکرای بەردەوام سەڵاوات بنێری بۆ ئەم موحەمەدە داتاشراوە! دەی موحەمەد خۆی، زێڕێکە لەپشت ئەم زبڵەوە کە ناونراوە موحەمەد، تا ئەم تاریکییە لانەبەیت ئەو خۆرەت لێدەرناکەوێ.

حەدیسی حەفتاودوو فیرقەکە، حەدیسێکی بێتام و کێشەدارە، چونکە هەرچی هەڵئەسێ لۆگۆی موحەمەد لەخۆی ئەدا بۆ شەڕو بەرژەوەندییەکانی و خۆشی بە فیرقەی ناجییە ئەزانێ.. بەڵام ئەو حەدیسە لەوێدا ڕاستییەکی تێدایە، کە فیعلەن ئەو فیرقانە هەمووی بۆ دۆزەخ نا، ئەوە کاری خوایەو من حەقی دۆزەخم نیە، بەڵکو هەمووی بۆ تەنەکەی خۆڵ. تەنیا ئەو فیرقەو کەسانە نەبێت، کە لۆگۆی موحەمەد بەکارناهێنن و هەرچی ئەکەن وەکو خۆیان ئەیکەن نەك لە پشتی دین و ناوی ئەوەوە!

موحەمەدی داتاشراو لەلایەن سوڵتەو سیاسەت و سەلاتین و کەهەنەوە، تەنیا موحەمەدە ڕاستەقینەکەی نەشاردەوە، بەڵکو ئینقیلابیشبوو بەسەر خودایا. ئاخر خودا لە قورئانا بەردەوام جەخت لەوە ئەکاتەوە کە موحەمەد بەشەرێکە وەکو ئێمەو چەندین جار خودا سەرزەنشتی کردوەو بەهەڵەوە گرتوویەتی، کەچی موحەمدی توراس خوایەکی بێ هەڵەیە! خودا ئەگەر وەسفێکی موحەمەدیشی کردبێ، تەنیا لە ڕەهەندی ئەخلاقەوە وەسفی کردوە وەکو مرۆڤێکی بە ئەخلاق، کەچی توراس یەك دنیا شتی نائەخلاقی داوەتە پاڵ ئەو! دەی بۆئەوەی ئەم پۆخڵەواتانەش تێپەڕێ، تەنیا یەك ڕێگا هەیە، ئەویش ئەوەی کە موحەمەد بکرێ بەخوا، بۆئەوەی پرسیاری لەسەر نەمێنێ، دەی هەر واش کرا!

جا موحەمەدی پەرستگاو بانگخوازو ئسیلامی سیاسی، ڕێك ئەم موحەمەدیەو لەوێدا خوایەك هەیە ناوی موحەمەدەو ئەڵڵای خستۆتە کونەوەو خەڵکەکە لەڕاستیدا ئەو ئەپەرستن، نەك خوا خۆی. لێرەدا ئەڵڵا تەنیا دیکۆرێکە بۆ خوایەکی تر کە موحەمەدە، وەکچۆن ئاب و ڕۆحی قودسەکەی مەسیحییەت، هەر دیکۆرێکەو مەسیح خۆی چەقەو خوای سێگۆشەکەیە، کە ئەمەش پۆڵس و کێ و کێ دایانتاشی!

تۆ لەدەرەوە ناتوانی دنیا بگۆڕێت، تازە دنیاکە هی ئەو موحەمەدو مەسیحەیە کە بوون بە خواو لێرەدا خوا دەسی لەبنی هەمانەکە دەرچووە. بەڵام لەڕاستیدا خوداش ئەوێی ناوێ و ئەو دنیا فانییە هەر بۆ ئەوان. خودا تەنیا دنیای ناوەوەی تۆی ئەوێ، کە لەوێدا خودای داتاشراوی تیانەبێ و زبڵەکە نەگەیشتبێتە ئەوێ. لەوێدا بەس جوانی و چاکی ڕەها خودابێ و موحەمەدیش تیشکێکی ئەو جوانییەی ئەوبێت، نەك خاولی هەزارساڵی سەڵاتین و کەهەنەبێ و هەرچی هەستێ دەسە چەورەکەی خۆی پیابسڕی و تۆش ئەو خاولییە بپەرستیت!

تۆ بەهیچ میتۆدێکی دەرەکی ناتوانیت بزانیت کامە حەدیس ڕاستەو کامەش درۆو دروستکراوە، تەنیا بە میتۆدی ناوەکی دڵ و هۆش نەبێت. دڵ و هۆشی خۆت لەگەڵ ڕاستییە ڕەهاکەی سەرەوە گرێدە، ئیتر ئەزانیت ئەوەی خوارەوە، کامەی هەوەو کامەی هەو نیە. ئیتر خۆشت ئەبیتە سوارچاکی ڕێگای ڕاستی و کەس بە درۆی حەقیقەتەوە سوارت نابێ و لێت ناخوڕێ. ڕاستی بەوەدا بناسەرەوە، کە ئازادانەو تاکانەیە، بۆیە لێخوڕینیشی تێدا نیەو لەوێدا هەرکەس خۆی سایەقە. بەڵام لە موزەییەف و درۆدا، دایمە قەرەباڵغی و مێگەل و لێخوڕین هەیە، چونکە لەوێدا عەقڵ لەکارخراوەو ڕاستیش تەنیا لەگەڵ ئەوێ کۆنێکت ئەبێ!

لەخوارەوە لینکی گۆڕانییەکم داناوە، لەوێدا من تەواو هەستم بە بوونی موحەمەد کرد، چونکە بوونی ئەو ئەبێ دایمە فرێش بێت، شتی فرێشیش ئەکەوێتە ناو داهێنان و بیرکردنەوە، نەك ناو کاوێژو جوینەوەوە. شتی فرێش لەناو بیری تاکە تاکەی ڕۆشنبیرانی نوێخوازی ئیسلامدایە، کە لێرەو لەوێ ڕاڤەی تازە ئەهێنن و لەسەری تەکفیر ئەکرێن، نەك لەناو دۆگمای قالە فڵان و قالە فیسار. شتی فرێش لەناو هونەرو گۆرانی سامی یوسفدایە کە بڕێك بەرزت ئەکاتەوە بۆ ڕۆح و باڵایی، نەك لەناو لاژەلاژو قیڕەقیڕی بانگخوازا، کە هەر ئەتهێننەوە بۆ ناو غەریزەو عاتیفە. شتی فرێش لەناو ئەخلاق و ویژدانی هەر مرۆڤێکی چاکدایە، کە ئێستا ئەو خودی خۆی چاکە، نەك ئەوانەی کە نمایشی چاکە ئەکەن و کە خەریکی گێڕانەوەی چاکەی سەحابەن، بەڵام خۆیان لە دەرەوەی چاکەدان!

تێبینی/ کچانی ناو گۆرانییەکە موحاجەبەش نین، ئەگەرچی گۆڕانییەکەش بۆ پێغەمبەرەو زۆر ڕۆحانییشە!

من لەوێدا دینێکم بینی لەسەرو مادەو پەڕۆوە. سەرێكم بینی کە سەرەکە خۆی مەوزوعە نەك ئەوەی کە پێوەیەتی و پێوەی نیە. ئاخر سەر ئەبێ ئازادبێ. کە ئازادبوو ئیتر بەبێ لەچك و بە لەچکەوە، ئیشی خۆی ئەکات، کە بیرکردنەوەو جوانی و داهێنانە. کە ئازادیش نەبوو، ئیتر دانان و لابردنی لەچك، ناتوانێ ئەوەی بۆ بکات کە پێویستە بیکات.

ئینجا یادی موحەمەدی پێغەمبەرو مرۆڤ و حەکیم، باڵاو پیرۆزبێ و "موحەمەدە خواکەی" سوڵتەو سیاسەت و شەڕو ژنبازی و ئیخوان و سەلەفی و شێخ و مەشایخیش لەوە ناشرینتربێ و ئەولاترچێ. کاتێکیش کە کاریکاتێرێك لەسەر ئەمەی دووەمیان ئەکرێ، لای من لەوێوە کیشەیە کە ئەبوو خۆمان پێش خەڵك بیکەین! یان لەوێوە کێشەیە کە فیتنەیەو ئاشتی و پێکەوەژیان تێکئەدا، نەك لەوێوە کە پیرۆزییەك لەئارادابێت!

ئایین بۆ تاکێکی چاکەو عەلمانییەت بۆ کۆمەڵگایەکی چاك. تاکیش بەوە چاکە، کە چەنێك لەگەڵ ئەوی جیاواز چاکبیت. کۆمەڵگاش بەوە چاکە، کە چەنێك بەیەکسانی جێ ی هەمووانی تێداببێتەوە.

ئایین بۆ ئەوە باشە، کە تێتبگەیەنێ لەوەی، تۆ هیچ فەزڵێکت بەسەر ئەودا نیە، مەگەر بە چاکە نەبێت. چاکەش لەنێوان تۆو ئەودا بێلایەنەو هەرکامتان بیکەن ئەوەتان چاکترە، نەكئەوەی دین هەوێ ی چاکبوونبێ و هەرکامتان دینداربێ لە گیرفانی ئەودابێت!

عەلمانییەتیش بۆ ئەوەیە کە دەوڵەت و یاسا لەنێوان تۆو ئەودا بێلایەنبێ و هەردوکتان لەناو جیاوازیدا بپارێزێ و نەیەڵێ هیچتان بڕۆن بەرەو ستەمی وەکیەکلێکردن و سڕینەوەی ئەویتر.

دەی جوان لێ ی وردبیتەوە، ئەو دووانە هەردوکیان هەر یەك شتن، هەردوکیان هەر پاراستنی تۆو ئەوە لە یەکتری. دین پاراستنی خۆتە لەوەی کە ستەم لەو بکەیت. عەلمانیەتیش پاراستنی ئەوە، لەوەی کە تۆ ستەمی لێبکەیت. ئەمیان فلتەرێکی ناوەکییەو ئەویان فلتەرێکی دەرەکییە، بۆ هەمان شت!

"ئایین و عەلمانییەت" هەردوکیان لە باڵاترین مانایاندا، بۆ پێکەوەژیانێکی ئازادانەی ئاسۆییە، نەك بۆ زاڵێتی و سەپاندنێکی ستوونی. هەردوکیان کە ستوونیی بوونەوە، ئیتر هێز سەر ئەخەن بەسەر عەقڵ و مەرگ سەر ئەخەن بەسەر ژیان و توندوتیژی سەرئەخەن بەسەر تۆلێرانسدا.. لێرەشدا هیچ فەرقییان نیەو هەردوکیان هەمان شتن و بۆ جەهەنەم. وەکچۆن لە ئاسۆییبوونیشدا دیسان هەردوکیان هەر هەمان شتن بۆ پێکەوەژیان.

لەڕاستیدا هەردوکیان بۆ تاکی ئازادو کۆمەڵی فرەییە، نەك بۆ مێگەلی لێکچوو. خودا تۆی تاکو ئازادکردوە، ئەوە سوڵتەو کەهەنەیە کە لەناو مێگەلدا ئەتتوێننەوەو تاکێتی و ئازادیت لێوەرئەگرنەوە. خودا ڕەنگاوڕەنگی و جیاوازییە ئاسۆییەکانی وەکو نیشانەو ئایەتی خۆی پیشانداوە، هەر هەوڵێك بۆ لێکچوون و وەکیەکیی شەڕکردنە لەگەڵ خودا. خودا خۆی لەسەرەوە یەکە، خوارەوە ئەبێ فرەییبێ بۆئەوەی هەر ئەو یەکبێت. یەكی خوارەوە ئەبێتە شیرك، چونکە نابێ دوو یەك لە بووندا هەبێت. دەی دین و تەوحیدیش ئەمەیەو عەلمانییەتیش هەر خەریکی ئەوەیە، کیشەکە لە تۆدایە کە وائەزانیت ئەو دووانە دژن!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif