ئه‌مەریكا له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن و پشێوییە

ليست هناك تعليقات



ئه‌مەریكا له‌ قورسترین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی نزیك ده‌بێته‌وه و پێدەچێت پشێوی گه‌وره‌ به‌هۆی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانه‌وه‌ دروست ببێت. هه‌ردوو كاندیدیش ئه‌و راستییه‌یان نه‌شاردووه‌ته‌وه‌؛ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌بوونی هه‌ر گومانێك لە ئه‌نجامه‌كان، قبوڵی ناكه‌ن.

زه‌-تایم ئۆف ئیسرائیل، ماڵپه‌ری به‌ناوبانگی ئیسرائیلی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مەریكاوه‌ له‌ به‌دواداچوونێكدا ده‌ڵێت، ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه‌ ئاڵۆزی و پشێوی، واشنتن و كۆشكی سپی بگرنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگی و له‌مپه‌ری زۆر له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكادایه‌ و، هه‌ردوو كاندیدی كۆماری و دیموكراته‌كانیش به‌تووندی دژی یه‌كدی وه‌ستاونه‌ته‌وە و كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی له‌ تویته‌ر جێنێو به‌یه‌كدی بده‌ن.

پرسەکانی بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری كۆرۆنا، به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌میی كارمه‌ندی سه‌ر سندووقه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌تایبه‌تی دەستوەردانی رووسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان؛ ئه‌و هۆكارانه‌ن گومان دەکرێت ببنە پشێوی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م كۆشكی سپی و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه؛‌ دۆناڵد تره‌مپ و جۆو بایدن قبووڵی ئه‌نجامی هەڵبژاردن‌ نه‌كه‌ن.

ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکە ده‌ڵێت: هه‌ندێك له‌ قسه‌ و بۆچوونه‌كانی تره‌مپ ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌تایبه‌تی راده‌ستنه‌كردنی ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تیدا له‌ 8 ساڵه‌وه‌ بۆ زیاتر و، تاكڕه‌وی كاره‌كانی تره‌مپ، وایانكردووه‌ ئه‌مەریكییه‌كان گومان له‌وه‌بكه‌ن: پشێوی گه‌وره‌ی چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌ ئه‌مریكا رووبدات.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ كه‌مپەینی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تره‌مپ و بایدن هێنده‌ ئاڵۆز و قورس بوون، کە یه‌كتری به‌ وشه‌ی نه‌شیاو بانگده‌كه‌ن، تره‌مپ به‌ بایدن و نانسی پیلۆسی كه‌ له‌یه‌ك حیزبن ده‌ڵێت "نه‌فام و هیچ نه‌زان" له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ پیلۆسی و بایدن تره‌مپ به‌ "كه‌م عه‌قڵ" ناوده‌به‌ن، ئەمەش لەکاتێکدایە، به‌درێژایی مێژووی ئه‌مەریكا، هیچ كا‌مپەینێك هێنده‌ی ئه‌م كا‌مپەینانه‌ ئاڵۆز نه‌بوون.

زه‌ تائیم ئۆف ئیسرائیل ده‌ڵێت: واشنتن له‌به‌رده‌م گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌دایه،‌ كه‌ هه‌م خۆی و هه‌م دۆسته‌كانی ده‌خاته‌ به‌رده‌م دووڕیانی ئاڵۆزییه‌كی گه‌وره‌ و به‌هێز، پێده‌چێت كاریگه‌رییه‌كانی هێنده‌ زۆربن، ئاڵۆزییه‌كان سه‌رتاسه‌ری جیهان بگرنه‌وه‌.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق