لەماڵباتی(پارتی)ماندا، کارگـێر لقێك برامانە...

ليست هناك تعليقات

 


ئاری قەرەداخی - هەولێر
-
زۆرجار ئەمە ئەنوسم وئەیڵێمەوە: 
خۆزگە بتوانرابا لەجیاتی ئەوەی مێژوو بنوسرێتەوە، یەکجار تۆماری وێنەیی بگیرابا... بۆئەوەی چیتر مێژوو بەپێی میزاج مەجالی دەستکاریکردنی نەمابا...!! 

ئەمەی بەڕێزتان دەیخوێنێتەوە یادوەریە..! یادەوەری مێژوونوسین نییە.. یادەوەری تۆماری بەسەرهاتەکانە..

یادەوەرێکەم، وێنەی تێروانینێکی تۆمارکراوی کورتخایەنیژیانێکە....! تەنها یەک دڵۆپ لە رووداوەکانە، بەڵام بە قوڵاییدا تکاوەتە ناو دەریاێکی بەرینی یادەوەریمەوە..!

ڕەوشتی رەسەنی حزبایەتی لێوە فێربووم....
ئەم سەرگوزەشتەیە، سەبارەت بە دەوروبەری (50) رۆژێکە.. لە ناوەڕاستی مانگی یەکەمی 1973وە دەستپێدەکات و لەسەرەتایمانگی ئازاری ئەوساڵەیشدا کۆتایی دێت...

مەلا سدیق (سـدیق ئەفەنی):
پاش ئەوەی بەندە لە هاوینی 1972دا (ئەو کات ماڵمان لەکەرکوک) بوو، بەهۆکاری سیاسی هەڵاتم بۆ دەڤەری (قەرەداخ – سەنگاو) هەرچەندە تەمەنم شیاو نەبوو (16 ساڵ و چەند مانگێک) بوو...

شەهیدی سەرکردە مەلا صدیق (سـدیق ئەفەنی)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، لێپرسراوی لقی3 بوو بەلایەوە قبوڵ نەبوولە پشتگیرینامەی (ل.ن) پارتی و لقی (یەکێتی قوتابیان)دا بە ئەندامی پارتی و یەکێتی قوتابیان ناوهێنراوم...خوالێخۆشبوو(رەسول مامەند)، شەهید (عەلی هەژار) و (نورالدین عبدالرحمان) کارگێری لق بوون... 

لەسەرەتای پەیوەندیکردنمەوە بە لق بە مەبەستی پێشمەرگایەتی و قبوڵبوویشکرام بە پێشمەرگە، سدیق ئەفەنی معارز بوو، هەمووجارێک لەسەریەکە و بێ دوودڵی ئەیفەرموو:

ئەو بریارەی مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی عەسکەری سەبارەت بە وەرگرتنی تۆ (بەندە) لە ریزەکانی لەشکری شۆرشگێری کوردستان هەڵە و لادانە لە رێنمایی و بەندەکانی پەیرەوپرۆگرامیناوخۆی پارتی، (عەلی هەژار) بەسەریدا تێپەڕیوە نوسراویبۆکردویت و ناردویەتی بۆ (م.س)، من لێرە نەبووم، ئەگینا، هەرگیز نەمدەهێشت... سوور بوو لەسەر ئەو خاڵە...

لەگەڵ ئەوەی، رۆژانە سەرقاڵی کاروباری جەنجاڵی پارتایەتی بوو، کەچی نازانم چۆن کاتی بۆ بەندە هەبوو... لە پڕ لەناو بازاڕە بچوکەکەی سەنگاودا پێشمەرگەێک دەهات و دەیگرتم و ئەیووت: وەرە، مامۆستا بانگت ئەکات...

ئەو هەڵوێست و راوبۆچونەی جەنابی (سدیق ئەفەنی) زۆر بێزارکەر بوو، وامدەزانی ڕقی لێ هەڵگرتووم، بۆیە قبوڵناکات ببم بە پێشمەرگە.... لەهەمانکاتیشدا بەدەستی خۆم نەبوو، ڕێزی گەورەی بێئەندازەم بۆی هەبوو...! شەوقی سۆزێکی باوکانە لە(ســدیق ئەفەنی)ـەوە تیشکی دەگەیشتە دەروونم..!!

بەهەرحاڵ، چەندجارێک بە ووشەی خۆش و بەووشەی توندی فەرماندە ئامێزەوە پێی ئەفەرمووم:

تۆ و پێشمەرگایەتییان نەووتووە...!، ئێمە بەهیچ شێوەێک لە ئیستادا لەشەڕ و پێکداداندا نین بەرامبەر حکومەتی بەعـس... تۆ ئەبێت درێژە بەخوێندن بدەیت...!

ڕۆحت شــاد تێکۆشەرە دەرونپاکەکەی شۆڕشی ئەیلول(ســدیق ئەفەنی) .! ڕەوانت ئاسوودە شەهیدی نیشتمان، شەهیدیدەستێکی ناپاکی غەدر..! دوای زەمانێکی درەنگ لە پەیامەکەت تێگەیشتم..!

تۆ بەرپرسێکی ئاسایی پارتیمان نەبویت و بەس..! تۆ چالاکوانێکی (ڕێبازی بارزانی نەمر) وخەمخۆری کوردستانبوویت...... 

دەســـتـپێک:

لقی3 پارتی و فەوجی پاسەوانی سنور - لەهەمانکاتدا هێزی قەردەداخی لەشکری شۆڕشگێری کوردستان بوو( شەوکەتی مەلا ئیسماعیل) فەرماندەی بوو، بارەگای لقی3 و مەقەڕی فەوج پێکەوە لە (سەنگاو) جێگیربوون..

لە ڕۆژێکی (ناوەڕاستەکانی مانگی یەکەمی1973) لەلایەنبەرپرسی یەکەی ئیدارەی هێز بانگهێشتی بارەگای هێز کراموپێیان ڕاگەیاندم: هەموومان ئەزانین لە لایەن مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی عەسکەری پارتییمانەوە فەرمانی پێشمەرگایەتیت پەسەند کراوە، ئێستا تۆ لەسەر میلاکی هێز تۆماریت، بەڵام، لە لقەوە داوایان کردوویت، بۆ ئەوەی بتبینن، بڕۆ بۆلایان... ئەو تەبلیغەم پێناخۆش بوو، دڵتەنگ بووم پێی و خۆم بۆ ڕانەگیرا، پرسیارم کرد، نازانن بۆچی..؟! وەڵامیان دایەوە، بەڵێ ئەزانینبۆچی.!، بڕۆ بۆ لایان شتێکی باش ئەبێت بۆ تۆ... 

دیسانەوە خۆم بۆ ڕانەگیرا و نەمتوانی حەساسیەتی خۆم بشارمەوە، ووتم: نازانن، جەنابی (سدیق ئەفەنی)...... نەیانهێشت قسەکەم تەواو بکەم و ووتیان بڕۆ بزانە چییان ئەوێت،جەنابی بەرپرسی لق مامۆستا (سـدیق ئەفەنی) لێرە نییە... بڕۆ بزانە چییان ئەوێت..!!

ڕۆیشتم، لە پرسگەی لق چاوەڕێم کرد تا بانگکرامە ژوورەوە، خوالێخۆشبوو (رەسوڵ مامەند) لەجێی بەرپرس دانیشتبوو..یەکسەر وەکو ناسیاوێکی تەواو کەوتە مجامەلەکردن و فەرمودە دەربڕینی جوان و دڵخۆشکەر... پاشان، فەرموی:

تۆ، لەسەرەتای تەمەنتدایت، بڕیارمان داوە بتنێرین بۆ (دهۆکی ئازاد) بۆ درێژەدان بە خوێندن، لەوێ (خانەی مامۆستایانی دهۆک)، دەکرێتەوە، دڵنیابە و دڵیشت هیچ نەکات پێشمەرگایەتێکەت لێ وەرناگیرێتەوە، هەروەکو ئەوە وایە بە (تەنسیب یان ئیفاد) بتنێرین لە دهۆک بخوێنیت، ئەزانیت(تەنسیب یان ئیفاد) مەعنای چییە...؟ بەبێ چاوەڕوانی وەڵاملەبەندەوە، لە فەرمودەکانی بەردەوام بوو، بۆی باسکردم تەنسیب و ئیفاد مانایان چییە..! ئەمەم بەئافاقێکی نوێ و سەرکێشیێکی سرنجڕاکێش وەرگرت، لەبەرئەوەی ڕۆیشتنن بۆ (دهۆک)ی تێدا بوو..!!

باشم بیرماوە، (رەسول مامەند) بەهیچ شێوەێک ڕای خۆمی وەرنەگرت و نەیویست لە هەڵوێستم بزانێت فەرموی بڕۆ بۆ بارەگای هێز، ئەوانیش نامەی پشتگیریت بۆ دەنوسن..!!

پاشان، لق و هێز یارمەتیێکی ماددی باشیان کردم و ڕێنمایی ڕێوشوێنی ڕۆیشتنم بۆ دهۆک دیاری کرد.....

لە ســەنگاوە وە بۆ ســەرســنک:

لقی1 پارتیمان، (سنوری هەردوو پارێزگای نینەوا و دهۆک)یلەخۆگرتبوو، بارەگاکەی لە (سەرسنک) بوو، لە ژوورەکەی هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (عەلی ســنجاری) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لق (کادرێکی لاو)یش دانیشتبوو، سەرقاڵی خوێندنەوەی نامە بوو..... ئێمە ژمارەمان زۆرتر لە (5) کاندید، هەموو نامەی پشتگیریمان هێنابوو..! (عەلی سنجاری)فەرموی:

ئێمە، هەوڵتان بۆ دەدەین، لەبەرئەوەی نامەی پشتگیریتان هێناوە لە (سلێمانی و کەرکوک) وە، بەڵام، مەرجی سەرەکی قبوڵ بوون لە دار المعلمین ئەوەیە: دەبێت هەر قوتابیێکی کاندید لە کۆی نمرەێکی دیاریکراودا کەمتری نەهێنابێتەوە ئەمە مانای ئەوەیە، ئەوانەی نێونجی تێکرای نمرەکانیان لە نۆرم کەمتربێت، ئێمە تەنها لەسەر بنەمای نامەی پشتگیری تەداخولیان بۆناکەین، لەبەرئەوەی، لە کاتی مقابەلەدا بڕیار لەسەر وەرگرتن دوای تەزکیە بە فلتەری نمرەکاندا تێپەڕێت ، ئێمە، لە ڕێنماییە گشتێکان لانادەین..!

بەوەدا تێگەیشتم من هیچ .....، وەرناگیرێم، چونکە رێژەی کۆی نمرەکانم زۆر کەمتر بوو(%53) بەراورد بە قوتابێکانی هاوڕێم کەمترینیان (%64)بوو...

ژوری بەرپرسی لقمان بەجێهێشت و دەرچوینە دەرەوە، بەڵام،بەندە بە دڵێکی تەنگ، خەمبار و شـکاوەوە.....، ئاسان بەسەروسیمامەوە دیار بوو فەرمودەکانی عەلی سنجاری کاریانتێکردووم. تووشی (خیبة أمل) بووم....!!

هێشتا لە هەوشەی بارەگای لق بووین، پێشمەرگەێک هات و ناوی منی بانگ کرد، ئاوڕم دایەوە، ووتی، کەرەمکە ژورڤە....!

کارگێـرلقێک برامانە....:

چومەوە ژورەوە، (کادرە لاوە)کە کاغەزی بەدەستەوە بوو،دەیخوێندنەوە و سەری هەڵبڕی و بەرووخۆشیەوە تەماشای کردم، لەوەئەچوو نامە پشتگیرێکانی بەندە بەدەستیەوە بن، سێ نامەی(لقی3 ، هێزی قەرەداخ و یەکێتی قوتابیان)م هێنابوو.. خوالێخۆشبوو (عەلی سنجاری) رووی تێکردم و ووتی:

تۆ، لەم تەمەنەدایت و پێشمەرگەیت و ئەندامی پارتیت... ئێمە هەوڵی ناوازەت بۆ ئەدەین بۆئەوەی قبوڵ بکرێیت، کاک فازڵهەوڵت بۆ ئەدات..! لەوێدا زانیم ئەو کادرە ناوی کاک (فازڵ )ـە..! 

ژوورەکەم بەجێهێشت، بەڵام، ئەمجارەیان بەچەشنێکی جیاوزتر لەوەی پێشوو، هەستی (خیبة الامل) نەما و فڕی، هەستی (هیوای مسۆگەر – الأمل الواعد) جێگای گرتەوە....! هاوڕێکانم لە هەوشەکەدا چاوەروانم بوون بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ دهۆک... بەبێ دەربڕینی ووشەی سەزار، لەوەرچەرخانیسەروسیمامەوە هەرهەموویان بەئاسانی تێگەیشتن...! لە(دهۆک)یش، ناوی (کاک فازڵ)م هێنا، ووتیان ئەو کادرە (فازڵ میرانی)یە، کارگێرلقە.......!!

لیژنەی مقابەلە:

ڕۆژی مقابەلەی کاندیدەکان، لێژنەی هەڵسەنگاندن، (ئەوەی لە یادم مابێت پێکهاتبوو لە:

سەرۆکی لیژنە (هاشم طە عەقراوی)، یاریدەدەرێکیبەڕێوەبەری پەروەردە یان مشرف تەربەوی بوو.... بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆک (مەحەمەد حەوێزی)بوو، بەڵام لە پرۆسەکەدا چالاک نەبوو..

ئەندامی لیژنە (کامەران محمد ئەمین)، بەرپرسی لقی دهۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.. 

ئەندامی لیژنە (محمد سەلمان)، بەرسی لقی یەکێتی قوتابیانی کوردستان.

یەکەم ناو بانگکرا، خوا لێخۆشبوو (زاهیر علی مستەفا ڕۆژبەیانی)، ئەوکات بەرپرسی ی.ق.ک لقی کەرکوک بوو،نازانم بۆچی بانگکرایە ژوورەوە، ئایا وەک کاندید ؟، یان بۆ ڕاوێژ وەرگرتن لەسەر کاندیدەکانی (کەرکوک و سلێمانی)..!؟

دووەم ناو بەندە بانگکرا، چوومە ژوورەوە، هیچیان نەووت تەنها ئەوە نەبێت، کاک کامەران محمد ئەمین بە ئیعجابەوە ووتی: تۆتەمەنت (16) ساڵانە، بەڵام، پێشمەرگەیت، ئەندامی پارتیت وئەندامی یەکێتی قوتابیانی.. تەقدیمی دار المعلمین ئەکەیت...

بەندە بە بەڵی وەڵامم دایەوە.. ئیتیر هیچیان نەووت و ووتیان، باشە فەرموو، تەواو...

ژمارەێکی یەکجارزۆر قوتابی تەقدیمیان کردبوو، نزیکەی (25) هێندەی ژمارەی پێوویست، لەبەرئەوە کاری لێژنەکە بۆ دەسنیشانکردن ئاسان نەبوو، بەڵام بە پێی هەموو بۆچونەکان، بەندە مسۆگەر وەرگیرابووم، تەنانەت ، وەک هەواڵ تەسریب کرا ولەناو کاندیدەکاندا قبوڵبونم بڵاوبوەوە ...!!

گەمەی مار و پەیژە:

پاش هەفتەێک، لەلایەن، (یوسف زەنگەنە)وە فەرمانبەر، لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک، خەڵکی کەرکوک بوو، ئەو ئاگاداری کردمەوە ناوی قبوڵکراوەکان ڕاگەێندراوە، ناوی من (8) مینە لە لیستەکەدا، بەڵام ناوی باوکم لە جیاتی (صالح) بە (صابر) چاپکراوە پێویستە زوو پەیوەندی بکەم بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پێویست.... 

لە سلێمانی هەواڵەکەم پێگەیشت، بەپەلە خۆم گەیاندە دهۆک و بۆ بارەگای (ی.ق.ک/لقی دهۆک) لەوێ پێیان ڕاگەیاندم، کەوەرگیراوم..! کاتێک تێبینیم پێدان ووتم، زۆرباشە: کەواتە لە بەڕێوەبەرایەتی پەوروەردە خۆیان ناوی باوکمیان راستکردۆتەوە..! لە وەڵامدا وتیان نازانین، ئێمە تەئکیدین تۆ وەرگیراویت...

هەڤاڵ (عبدالعزیز تەیب) لێپرسراوی لێژنەی یەکێتی قوتابیانیناوچەی دهۆک بوو، بە تەلەفۆن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە کرد، پاش بە دواداچوونی وورد، ئاڵۆز و تەماوی دەرکەوت، کە: ناوی باوکم (ساڵح عارف) تێکەڵاو بووە لەگەل ناوی باوکی کاندیدێکی تر کە ناوی یەکەمی وەکو ناوی یەکەمی بەندەیە، بەڵام ناوی باوکی ئەو (سابیر نادر)، لەکاتێکدا ناوەکەلەلیستەکەدا ناوی باوک و باپیربە (سابیرعارف) هاتۆتەوە، ئەو کاندیدە زووتر فریا کەوتووە و توانیوێتی (عارف) بگۆڕێتەوە بە (نادر)..! لیستی ناوەکان نێردراوە بۆ بەغا و موافەقەتیش گەڕاوەتەوە..! بەکورتێکەی، ئێستا قوتابیێکی دی پەسەنکراوە، زۆر بەداخەوە، بەڵام، با بابێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە،ئەیبەین بۆلای (هاشـم طە) ئەو ئە سەرۆکی لیژنەی قبولە، بەڵکو ئەو بتوانێت شتێکی بۆ بکات..!

(عبدالعزیز تەیب) کادرێکی قوتابیانی لەتەکدا ناردم بۆ تەربیە و بۆ لای ئەو فەرمانبەرەی کە ئاخافتبوی بۆ ئەوەی بمبات بۆ لای (هاشم طە)... چوین بۆ لای فەرمانبەرەکە، زۆر بە عەتف و ڕێزلێنانەوە پێشوازی لێکردین و دوای یەکدوو دەقیقە بردمی بۆلای (هاشم طە)... 

فەرمانبەرەکە (دیار بوو پارتییە) و پێشتر قسەی لەسەربابەتەکە کردبوو.. (هاشم طە) لە ژورەکەیدا ووتی: ئێمە لیستەیناوەکانمان ناردوە بۆ بەغدا و موافەقەتیشی لەسەر کراوە، ئەگەر تۆ نەبیت دیارە یەکێکی ترە...

هەوڵمدا، قسە بکەم و روونکردنەوە بدەم... بە نەبرەێکی نەیارانە قسەی پێبڕیم و... منیش هەڵمتیزان و ووتم: ئەڕۆم بۆ لق و ئاگاداریان ئەکەمەوە... بێمنەتانە و دەقاودەق ووتی: (هەررە لای خودێ)...

فەرمانبەرەکە و بەندە ژوورەکەمان بەجێهێشت و تەلەفۆنی بۆ (عبدالعزیز تەیب)کرد و هەمووی وەکوخۆی بۆ گێڕایەوە ...

گەڕامەوە بۆ بارەگای قوتابیان، لەناو گێژاوەی شــۆکدا، هاتە خەیاڵم و داوامکرد لە (عبدالعزیز تەیب) کە بەتەلەفۆن لە گەڵ لقی1 لەسەرسەنک بئاخێفم...یەکسەر(عبدالعزیز تەیب) لە بەدالەی تەلەفۆناتی شار داوای لقی کرد کاک (فازڵ میرانی)مان دەستکەوت، کاتێک خۆم پێناساندەوە، یەکسەر فەرموی:ئەزانم تۆ کێیت، پیرۆزە وەرگیراویت...! پێم ووت نەخێر وەرناگیراوم.... بۆ زۆرتر ووردەکاری لەسەر وەزعەکە، (عبدالعزیزتەیب) تەلەفۆنەکەی لێوەرگرتم، باش و ڕاشکاوانە (کاک فازڵ)ی بە ووردی تێگەیاند لە بابەتەکە و رەوشەکەیش بەچی ئاراستە و ئاقارێکدا ڕۆیشـتووە..!!

کە تەواوبوون لە ئاخافتن، (عبدالعزیز تەیب) تەلەفۆنەکەی داخستەوە، پێی ووتم (کاک فازل) دبێژێت، وەرە دەفمە بۆ سەرسنک... 

حـەوانـەوە:

ڕۆیشتم بۆ سەرسنک، (خوالێخۆشبوو عەلی سنجاری وهەڤاڵفازڵ میرانی) لەژووری بەرپرسی لق – دیار بوو پێکەوە دەردەشەیان کردبوو)...هەردووکیان دڵیان دامەوە، (کاک فازڵ) بە ڕاشکاوی دڵنیای کردم و فەرمووی:

تۆ ئێستا هاتوویت لە بارەگای لقی1 یت لەلای ئێمە لە سەرسنکدەمێنیتەوە، دڵنیابە، تۆ ناگەڕێیتەوە دهۆک، ئیللا لە حاڵەتێکدا دەگەڕێیتەوە کە وەک تەلەبەی دارالمعلمین.....!!

لە ژووری (بێتەل) جێگای حەوانەوەم بۆ دیاری کرا..

پاش چەند ڕۆژێک، بانگکرام بۆ ژوری پەرپرسی لق، (کاک فازڵ)و ئەفەندیێکی لێبوو، خوالێخۆشبوو (علی سنجاری) فەرمووی، ئەوە، سەیدا (هاشم عەقراوی)یە، محافظی دهۆکە... لێرەدا، یەکسەر، (هـاشم عەقراوی) بە روێکی خۆشەوە ووتی، بە ئەمر و صلاحیاتی خۆم ئەمری (قبول خاص)م بۆ دەرکردوویت، بڕۆ خۆت ئامادە بکە، کە بانگمان کردیت وەرە پێکڤە دزڤرینەوە دهۆکێ ...!!

لە ژوورەکە دەرچومە دەرەوە، هەروەها کاک (فازڵ میرانی)یش، فەرمووی: تەواو، بڕۆ، ئیترلە ناو رێزەکانی یەکێتی قوتابیان لە دهۆک چالاک بە، هەرلەوێدا کادرێکی بانگ کرد و کاغەزێکی پێدا... کادرەکە لەتەک خۆیدا بردمی بۆ ژوورێک و بڕێ پارەی بۆسەرف کردم و رایگەیاند:هەموو مانگێکی خوێندنی قوتابخانە تۆ ئەم هاوکارییە وەردەگریت، بەئەمری (فازڵ میرانی)...

لەژووری بێتەل دانیشتبووم، پاش دەوروبەری سەعاتێک بانگیان کردم، بینیم لە هەوشەکەدا عەلی سنجاری و فازڵ میرانی خواحافیزی لە پارێزگاری دهۆک ئەکەن..... لەدواییدا لە بەندەیش..

جگە لە سەیارەێکی مارسیدسی سەوزی تۆخ تایبەت بە پارێزگار، یەک پیکاپ جێب، پێیان ئەوت (مسەلەحە) حمایە بوو لە تەکیدا، کاتێک وویستم سەرکەوم لە پشتەوە، پارێزگار ئیشارەتی پێدان، نەیانهێشت و لە بەشی قەمەرەکەدا سەرکەوتم، بە دڵێکی خۆشەوە..

کاروان کەوتەڕێ.... لە سەرسنک دوورکەوتینەوە، سەیارەکە راوەستا و پۆلیسێک دابەزی و منی خستەوە دواوە و خۆیشی لە قەمەردەکەدا سەرکەوت و دانیشت و کەوتینەوە ڕێ..

جـفت (هـاشـــم)، جـفت (نالەبار):

هەردوو هاشم عەقراوی ئامۆزا (پســمام)ی یەکتربوون، (هاشم عەقراوی) پارێزگار و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و هاشمەکەی تر (هاشم طە)، مشرف تربوی یان معاون مدیر تربیەی دهۆک بوو، هەردووکیان لەچارەکی یەکەمی ساڵی 1974پشتیان لە شۆڕش کردو شانبەشان لەتەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی (عەزیز عەقراوی) و کادرێکی لقی5 بەغا (اسماعیل مەلا رەسول) رەڤین بۆ بەغا و بوون بە جاش، بەڵام (اسماعیل مەلا رەسول) زووبەزوو لێیان کشایەوە...

کۆتایی و دەرئەنجام:

کـۆتایی: ساڵی خوێندنم بۆ پۆلی دووم بەسەرکەوتنێکی دیار ئەنجام گەیاند، لە ساڵی خوێندنی 1974-1973، لە مانگی ئازاردا و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی ئەیلول خۆم گەیاندەوە سەنگاو، (هێزی قەرەداخ) ناوی گۆردرا بوو بە (هێزی کەرکوک)، خوالێخۆشبوو (ساڵح پێداوی) فەرماندەی بوو.. بەرپرسی یەکەی ئیدارەی هێز ناساندمی بە فەرماندەی هێز و پاش (خولێکی تایبەتی یەک مانگی لە هونەری جفرە و نهێنێکانی)دا فەرمانی دەستبەکاربوونم بۆ دەرکرا بە پلەی بەرپرسی جفرەی بتالیۆنی4، (سیف اللە علی قادر) فەرماندەی بوو..

دوای ماوەێک، بەشی جفرە لە مەکتەبی عەسکەری جیاکرایەوە وەک دەزگاێکی سەربەخۆی گرنگ، (شەوکەتی مەلا سمایل) بەرپرسیارێتی وەرگرت...

ئیتر،لەوکاتەوە، ڕۆژ بەڕۆژ، هەفتە بەهەفتە، مانگ بەمانگ و ساڵبەساڵ گەیشتینە ئەمڕۆمان.... 

دەرئەنجام: بەندە، لە وێستگەکانی ڕابووردوی ژیانمدا، هەمیشەهەڵوێستەکانم سەرپێی و هەرزەکارانە وەردەگرت ولێکدەدایەوە، هۆرمۆنەکانی لەشم لەو زەمانەدا بە پێوەری میزاج و هەستی خۆوویستی تەعامولیان لەگەڵ رووداوەکاندا دەکرد ..! بەجۆرە هەڵوێستێک میزاجم شاد و ئارام دەبوو، بە هەندێکیش تێکدەچوو (ئەم تایبەتییە لە خورسارمدا ڕەنگدەداتەوە و لای ناسیاوەکانم بە ئاسانی دەبینرێت و دیارە ..!

بەڵام، دوای ساڵانێکی خەباتی (شۆڕشی ئەیلول و گوڵان)، لەدواییدا، پاش جێگیربوونم لە هۆڵەندا و تەواوکردنی خوێندنی(زانستەکانی کۆمەڵایەتی)، ئیتر، هێدی هێدی پێداچونەوەم بە ڕابوردوومدا کردەوە وفلیمە گوزەشتەکانی ووێستگەکای ژیانم لە سینەمای یادەوەرێکانمدا نمایش کردەوە، قۆناخی لێکدانەوەی عەقلانی و بابەتیانەم دەستپێکرد و ئاوڕی ویژدانیم لە ژیانی رابوردووی خۆم و کاری حزبایەتیم دایەوە و ئەوچەند ساڵەی لەناو ریزەکانی (پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان)یشدا ئەندام و چالاکوان بووم، ساڵانی گرنگ و لەیادنەچوون..! بەدرێژایی کارکردنی بێووچان لە ریزەکانی پارتی گەلدا، هەمیشە بەختەوەر بووم، بە ڕۆژانی زێڕینی ژیانی حزبایەتیم هەژماریان دەکەم. بە بێ دوودڵی بۆ هەموولاێک روون و ئاشکرادەکەم، شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم.. ئێستایش ڕاشکاوانە شانازی بە ئەندامێتیم لە ریزەکانی پارتیماندا دەکەم... لەو ڕوانگانەوە قەناعەتێکم بۆ دروست بوو کە:

جۆرە خۆشەویستیێکی بێگەرد و بێهاوتای هەڤاڵبەندێتی لەناو حزبایەتییدا درەوست دەبێت و پێدەگات، هێندە بەهێز و دەگمەنە، مەگەر هاوخوێنە پلە یەکەکانی خێزانە میهرەبانەکان لەناویاندا هەبێت و لێی تێبگەن..!

ئەم ووشانەی بەندە لەپێناوی پلەباڵایی نەڕێتی بڵندیهەڤاڵبەندێتی و ڕەوشتبەرزی ئەو کارگێرلقەوە هەیە کە برامانە.... ئەم ووشانە لەپێناوی ئەوە نییە، کە ئەمڕۆ ئەو زاتە سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیمانە و کاربەدەستێکەی لە لوتکەدایە ..! 

هەوێنی رفتارکردنی مرۆڤەکان بەشێکن لە خەسڵەت و تەربیەتی خۆیان لە خانەوادەیانەوە وەک پراکتیک دەیگوازنەوە بۆ دەوروبەر.. ئێمەی ئەندامانی پارتی، پێویستە خەسڵەت وتەربیەتی باشی باوانمان بە ئاوێتەیی (ڕێبازی بارزانی نەمر) لەپێناویبناخەدانانی بنەماکانی کۆمەڵگای دادپەروەردا پیادەکەین و لە ڕێخلیسکانی زەلکاوی گەندەڵی خۆمان بپارێزین و داوێنمان بە پاکژی بهێڵینەوە..!! 

ئەو کارگێرلقە ڕۆژانە ڕێبازی بارزانی نەمری سەبارەت خزمەتکردنی گەل و پشتگیری هەڤاڵانی پارتیمان بێ جیاوزی پیادە دەکرد و دڵنیام ئێستایش پیادەیدەیکات.! 

بەندە لەبەرامبەر چاکەکانی ئەو کارگێرلقەدا تەنها سوپاسکردنی لەدەستدێت....

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif