کۆرۆنا سەرۆکوەزیرانی فینلاندی ناچار بە جێهێشتنی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا کرد

ليست هناك تعليقات



بەهۆی ئەوەی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرا، سەرۆکوەزیرانی فینلاندا کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپای بەجێهێشت و سوێد نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتەی لەئەستۆگرت.

سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاندا بەو هۆیەوە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکای جێهێشت و گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی.

سەرۆکوەزیرانی فینلاند دوای جێهێشتنی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، بەمەبەستی پابەندبوون بە رێکارە تەندروستییەکان و خۆدورخستنەوە لە کۆبوونەوەکە و پاراستنی هاوتاکانی، کۆبوونەوەکەی جێهێشتووە، دوای پشکنینی تایبەتی کۆرۆناش خۆی کەرەنتین دەکات تاوەکو ئەنجامی پشکنینەکەی دەردەچێت.

سانا مارین داوای لە ستیفان لۆڤن، سەرۆکوەزیرانی سوێد کردووە لەجیاتی ئەو نوێنەرایەتیی فینلاندیش بکات.

گومانەکەی مارین لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە رۆژی چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەم لەگەڵ پەرلەمانتارێکی فینلاندی کۆبوونەوەی هەبووە کە دواتر دەرکەوتووە ئەو پەرلەمانتارە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە.

رۆژی پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەم ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە هەمان شێوە کۆبوونەوەی لووتکەی جێهێشت، ئەویش دوای ئەوەی کە زانیی یەکێک لە ئەندامانی ستافەکەی تووشی کۆرۆنا بووە.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif