تیمی وەزاریی پارتی و یەکێتی لە حکومەت بەیاننامە لەدژی یەکدی دەردەکەن

ليست هناك تعليقات


تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی داوەتەوە و دەڵێت، باشتربوو بەشێوەیەکی بابەتیانە و واقیعبینانە تەماشای گرژییەکانی بکردبووایە، باسیش لەوە دەکات "رووداوی خاکفرۆشتن و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31ی ئابی پیرۆز".

لە پەیامەکەی تیمی وەزاریی پارتیدا بۆ یەکێتی هاتووە، باشتربوو "لە یادی ریفراندۆمی گەلەکەماندا، کە هەموو هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێی دابوو ، 93%ی خەڵکی کوردستانیش بە بەڵێ دەنگی بۆ دا، ئامۆژگاریی ئەو تاقمەیان بکردایە کە رەنج و ماندووبوون و خەونی میللەتەکەمانیان بەفیڕۆدا، کەچی لە رۆژی ریفراندۆمدا، دەستیان بە هێرش کرد".

تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاویکردبووەوە "ئێمە بڕوامان وایە کە ئەرکی حکومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاووڵاتییانە‌ نەک تێوەگلانی بە کێشە سیاسییەکان، بۆیە دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان دووربپارێزن لە هەر لێدوانێک یان هەڵوێستێک کە کوردستان دووردەخاتەوە لە کەناری ئارامی". لە بەرامبەردا تیمی وەزاریی پارتی دەڵێت "دەبووا تیمی یەکێتی لە حکومەت ئامۆژگاریی ئەو کەسانەیان بکردبا، کە رۆژانە لە میدیاکانەوە هێرشی ناڕەوا بۆسەر سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنی وەزیرانە دەکەن، کە خۆیان تیایدا ئەندامن".

تیمی وەزاریی یەکێتی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە "خۆئەگەر بڕیاریشە‌ حکومەت ھە‌ڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستە باس لە سەرجەم رووداوەکان وەکو یەک بکات، بە رووداوە‌كانی 31ی ئاب و کارەساتی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش".

تیمی وەزاریی پارتی وەڵام دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، ئەگەر دەتانەوێت لەژێر فشاردا "هەموو رووداوەکان وەکو یەک سەیربکەن، بێگومان دەبێت ئەو راستییە بزانن، کە رووداوی خاکفرۆشتن و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31ی ئابی پیرۆز، کە بڕیاربوو ئەوکاتیش هەولێر و کوردستان بە دەردی ئێستای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر ببەن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر پەیامێکی لەبارەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بڵاوکردەوە، تیمی پارتی لە حکومەت ئەوەی خستووەتەڕوو "ناوی کەس لە پەیامی سەرۆکی حکومەت نەهاتووە دەربارەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، بەڵام وەڵامدانەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی، ساخکردنەوەی ئەو خیانەتەیە بەسەر ئەو تاقمەوە". تیمەکەی یەکێتیش لە حکومەت لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە "مێژووی گەلەکەمان ھەروەک چۆن پڕیە‌تی لە شانازی و دە‌ستكە‌وت، خاڵییش نییە لە کارەسات و کۆسپ و رووداوی نەخوازراو و یەکتر تەخوین و تاوانبارکردن".

تیمەکەی یەکێتی داوای "لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە لەلایەن مێژوونووسان" لە رووداوەکان دەکات. لە پەیامی تیمەکەی پارتیدا ئاماژە بەوە کراوە "مێژوو شاهیدە، کە مێژووی خاکفرۆشان و بێگانەپەرستی لە کەیەوە و لای کێ دەستیپێکردووە".

لە کۆتایی پەیامی تیمی وەزاریی پارتی بۆ یەکێتیدا هاتووە "ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە بابەتیانە باسی رووداوەکان، وەکو خۆیان بکەین و هەموو کەس تێکەڵ نەکەین، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێوە نەک تەنیا دەتانەوێت راستيیەکان پەردەپۆش بکەن، بگرە هیچ هەڵوێستێکیشتان بەرامبەر بەو هێرشە ناڕەوایانە نەبووە، کە بەرامبەر بە موقەدەسات و پیرۆزیی نەتەوەییمان دەکرێت و ناتوانن خۆتان لەژێر هەژموونی تاقمێکی خۆسەپێنەر و شەڕخواز، رزگار بکەن، کە دژی تەبایی و یەکڕیزی و ئامانجە باڵاکانی نیشتیمانە".

تیمی یەکێتی لە حکومەت لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندبوو "لەم ھەلومەرجەدا پێویستە ھەموولایەک پەند و ئامۆژگاری لە کارەساتەکان وەربگرین و بیانکەین بە مایەی یە‌كڕیزیی نەتەوەیی نە‌ك قووڵكردنە‌وە‌ی ناکۆکییەکان و تەفرەقە و پەرتەوازەیی".






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق